د. سەمەد ئەحمەد
(یه‌زد)، شارێكی دێرینی فره كه‌لتور و فره ئاین و فره مه‌زهه‌بی وڵاتی ئێرانه، سه‌دان ساڵه موسڵمان و زه‌رده‌شتی و یه‌هودی و مه‌سیحی و.. وه‌كو برای گیانی به‌گیانی، به‌بێ هیچ كێشه و توندڕه‌وییه‌ك، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت، پێكه‌وه له‌م شاره‌دا ده‌ژین.
له شاری (یه‌زد)، مزگه‌وتی موسڵمانه‌كان و ئاته‌شگه‌ی زه‌رده‌شتییه‌كان و كه‌نیسه‌ی یه‌هودی و مه‌سیحییه‌كان ئاوه‌دانن، جمه‌یان دێت له ئیمانداران و خواپه‌رستان. خه‌ڵكی (یه‌زد) له شین و شاییدا هاوخه‌م و هاوسۆزی یه‌كدین، له لێقه‌ومان و ئاسته‌نگیدا هاوڕێ و هاوكاری یه‌كترن، به‌ڵام كوڕ و كچه‌كانیان هه‌رگیز نابن به هاوسه‌ر و هاوژینی یه‌كدی! چونكه هه‌ر پەیڕەوێ به‌ته‌واوی پابه‌نده به بنه‌ما ئاینی و مه‌زهه‌بی و كه‌لتورییه‌كانی خۆیانه‌وه. رێز له‌یه‌ك ده‌گرن، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌یان نه‌سازش له‌سه‌ر كه‌لتور و ئیمانی خۆیان ده‌كه‌ن، نه‌ش توندڕه‌و و ده‌مارگیریی ده‌نوێن له‌به‌رانبه‌ر یه‌كتریدا، ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێت كه جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زهه‌بی و كه‌لتوری، ئه‌گه‌ر لێبورده‌یی و یه‌كدی قبوڵكردن له ئارادا بێت، رێگرنین له ئاشتی و پێكه‌وه ژیان، به‌ڵام له ناوه‌ڕاستی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، رووداوێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو له شاری (یه‌زد) دا روویدا. (محەمه‌د حوسێن پاپولی یه‌زدی) ئه‌و رووداوه ده‌كاته هه‌وێن بۆ نووسینی رۆمانی (مه‌زهه‌بی عه‌شق)، كه (ته‌ها عه‌بدوڵڵا فه‌ره‌ج سێكانیانی) هه‌زار جار ده‌ستی خۆشبێت، زۆر به‌جوانی له فارسییه‌وه كردوویه‌تی به‌كوردی. كورته‌ی رووداوه‌كه ئه‌مه‌یه:
(ئازهردوخت) كچه هه‌رزه‌كارێكی وریا و هاروهاجه، عاشقی (ئه‌لیاس) ی زیره‌ك و هۆشیار و بلیمه‌ت ده‌بێت. (ئازهردوخت) كچی (گۆدهز) و نه‌وه‌ی (ئه‌ربابی جه‌م)ی زه‌رده‌شتییه كه به بنه‌ماڵه فره ده‌وڵه‌مه‌ندن، ماڵ و موڵك و پرۆژه‌ی سه‌رمایه‌گوزاریی ئه‌وان، جگه له شاره گه‌وره‌كانی تری ئێران، له‌شاری (بۆمبای) هندستان و چه‌ندین وڵاتی ئه‌ورپی و ئاسیا و ئه‌فریقا و ته‌نانه‌ت له ئوستورالیاش له‌كاردایه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا نه‌ك هه‌ر چروك نین، به‌ڵكو له‌ڕاده‌به‌ده‌ر خێرخواز و چاكه‌كارن.. (ئه‌لیاس) یش كوڕی (یه‌عقوب) و نه‌وه‌ی (مه‌لا یوحهزهقل) ی یه‌هودییه، كه به بنه‌ماڵه به‌ڕێز و ره‌سه‌ن و خانه‌دان و كاسب و چاوتێرن.. به‌ڵام له‌لایه‌ك بنه‌ما ئاینییه‌كانی (زه‌رده‌شتی و یه‌هودی) رێگرن له هاوسه‌رگیریی ئه‌م دوو عاشقه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ریه‌ك له (ئازهردوخت و ئه‌لیاس) به‌شێوه‌یه‌ك پابه‌ندن به ئاینه‌كه‌یانه‌وه، چۆن ناتوانن ده‌ستبه‌رداری عه‌شقه‌كه‌یان بن، ئاوهاش ناتوانن سازش له‌سه‌ر بنه‌ما ئاینییه‌كانیان بكه‌ن.. ئیتر ئه‌م گێژاوه به‌كه‌یفی خۆی به چه‌ندین كه‌ند و لهندیاندا ده‌دات، به‌ڵام هه‌ر كۆڵناده‌ن و عه‌شقه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا گه‌وره ده‌كه‌ن.
چه‌رخی رۆژ و مانگ و ساڵ له‌سه‌رخۆ ده‌سوڕێت، له قوتابخانه‌ی تایبه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه، (ئازهردوخت و ئه‌لیاس) فێری زمانه‌كانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی ده‌بن، (ئه‌لیاس) له فێربوونی زماندا، توانایه‌كی له راده‌به‌ده‌ری هه‌یه.
كه‌سوكاری هه‌ردوو بنه‌ماڵه چه‌ندین جار هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ریه‌كه‌یان هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كه‌س و خزمی خۆیاندا بكه‌ن، به‌ڵام عاشقه‌كان په‌یمانیان بهیهكداوه كه یان بۆ گڵ، یان بۆ یه‌ك بن، بۆیه كه‌سوكاریان له‌سه‌رخۆ و به‌هێمنی فشار ده‌خه‌نه سه‌ریان بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌ک دووریان بخه‌نه‌وه، تا ئه‌وكاته‌ی له یادی یه‌ك ده‌چنه‌وه، نازانن دوورییان له‌یه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی تر گڕی عه‌شقیان به‌تین تر ده‌كات!
بنه‌ماڵه‌ی (ئه‌ربابی جه‌م)، (ئازهردوخت) بۆ سه‌رپه‌رشتی و راییكردنی كاره بازرگانییه‌كانیان ره‌وانه‌ی شاری (بۆمبای) هندستان ده‌كه‌ن.. پاشان له‌دوای چه‌ند ساڵی تر، هه‌ر بۆ كاروباری كۆمپانیا بازرگانییه‌كانی بنه‌ماڵه، (ئازهردوخت) ده‌چێت بۆ له‌ندن.. (ئه‌لیاس) له دووریی یار وه‌خته له شاری یه‌زد شێت و هار بێت و گڕ بگرێت. (ئازهردوخت) رێوشوێنی بۆ داده‌نێت كه له رێگه‌ی توركیاوه خۆی بگه‌یه‌نێته له‌ندەن. له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا (ئه‌لیاس) كاره‌كانی سه‌فه‌ركردن چێ ده‌كات و به‌بێ ئیزن و ئاگاداریی باك و دایك و كه‌سوكاری، به ئومێدی دیداری یار، بار و بنه ده‌پێچێته‌وه و كۆچ ده‌كات بۆ توركیا، له‌وێشه‌وه بۆ پۆڵۆنیا، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی دووه‌م جه‌نگی جیهانی و داگیركردنی پۆلۆنیا له‌لایه‌ن سوپای نازیی هیتلهرییهوه، (ئه‌لیاس) له پۆلۆنیا گیر ده‌خوات و ناتوانێت بگات به له‌ندەن.. له‌دوای ئه‌وه‌ی نازییه‌كان ده‌زانن (ئه‌لیاس) یه‌هودییه، زیندانی ده‌كه‌ن و وه‌ك دیلی جه‌نگ، به دڕندانه‌ترین شێوه ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌ده‌ن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.. دكتۆر (زیگمۆن راشهر) پزیشكێكی نازییه، له راده‌به‌ده‌ر دڕنده‌یه.. ئاخر ئه‌گه‌ر زانست موتوربه بێت به ده‌مارگیریی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادیی، له‌بری خزمه‌ت ده‌بێته ڤایرۆسی كوشنده و به‌ڵا و مه‌ینه‌تی بۆ مرۆڤایه‌تی. ئه‌گه‌ر زانایان تاقیكردنه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر مشك و پشیله و سه‌گ كردبێت، ئه‌وا دكتۆر (زیگمۆن) راسته‌وخۆ تاقیكردنه‌وه زانستی و پزیشكییه‌كانی له‌سه‌ر دیله‌كانی جه‌نگ ئه‌نجام ده‌دا، (ئه‌لیاس) یه‌كێك بوو له نموونه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی، توانای مرۆڤ بۆ به‌رگه‌گرتنی گه‌رما و سه‌رما و تاریكی و رووناكی و ته‌نهایی و ده‌نگی ناساز و .. هتد، به (ئه‌لیاس) تاقیكرده‌وه، سه‌رئه‌نجام له یه‌كێك له تاقیكردنه‌وه‌كاندا كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر قاچی راستی خرایه ناو سه‌هۆڵه‌وه، (ئه‌لیاس) ده‌بورێته‌وه، زۆری نامێنێت گیان بسپێرت، له سه‌هۆڵه‌كه ده‌ریده‌كه‌ن.. گه‌رمی ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ناسه‌ی به‌به‌ردا دێته‌وه.. (ئه‌لیاس) له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌شدا نه‌مرد، به‌ڵام قاچی چه‌پ و سێ په‌نجه‌ی ده‌سته راستی توشی نه‌خۆشی گانگری بوو، تا دواجار بڕییانه‌وه..
ئه‌م رۆمانه (490) لاپه‌ڕەیه، زیاتر له (200) لاپه‌ڕه‌ی باس له تاوانی شه‌ش ساڵه‌ی نازییه‌كان ده‌كات له كاتی دووه‌م جه‌نگی جیهانیدا كه (ئه‌لیاس) و سه‌دان و هه‌زاران كه‌سی بێ‌تاوان بوون به قوربانی عه‌قڵی توندڕه‌ویی نه‌ژاد په‌رستی.
رۆژی 1945/1/21 سوپای سوری كۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت، شكستی به سوپای نازیی ئه‌ڵمانی هێناو له شاری (كراكوف)ی پۆلۆنی وه‌ده‌رینان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخ و كه‌سه‌ره ئه‌وه‌یه كه له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی كه‌مدا، ئه‌و تاوانانه‌ی نازییه‌كان فریا نهكهتبوون ئه‌نجامی بده‌ن، سوپای سوری كۆمۆنیستی، له دژی خه‌ڵكی ئازادیخوازی پۆلۆنی ئه‌نجامیاندا. جگه له كوشت و بڕو دزی و تاڵانی، ده‌ستدرێژییان كرده سه‌ر ژنان و كچه هه‌رزه‌كاره‌كانیان و ئه‌تكیان كردن. تاوانێك كۆمۆنیسته‌كان له پۆلۆنیا كردیان، مه‌گه‌ر داعش له دژی ئێزدییه‌كان له شه‌نگال كردبێتی!. مارشاڵ (تیتۆ) سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی یۆگسلافیا، (ستالین) سه‌رۆكی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ئه‌وكاته له تاوانه‌كانی سوپای سوری كۆمۆنیستی ئاگادار ده‌كاته‌وه، (ستالین) له وه‌ڵامی (تیتۆ) دا ده‌ڵێت: سوپای سوری كۆمۆنیستی شه‌ش ساڵه له جه‌نگدایه، چاوه‌ڕێی جه‌ژنێكی ئاوها بوون، من جه‌ژنه‌كه‌یان لێ تێكناده‌م، تۆش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ت زۆر قسه مه‌كه.
له دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگ، هه‌ردوو عاشق (ئازهردوخت و ئه‌لیاس) له دوای زه‌حمه‌تییه‌كی زۆر، به‌دیداری یه‌ك شاد ده‌بنه‌وه.. به‌ڵام له‌مپه‌ره ئاینییه‌كانی زه‌رده‌شتی و یه‌هودی بۆ هاوسه‌رگیریی له‌لایه‌ك سازش نه‌كردنی هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر بنه‌ما ئاینییه‌كه‌یان هه‌ر له ئارادان.. سه‌رئه‌نجام له وڵاتی هندستان، به‌شێوه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێش و له‌سه‌ر (مه‌زهه‌بی عه‌شق)، (ئازهردوخت و ئه‌لیاس) له‌یه‌ك ماره ده‌كرێن و ده‌بن به هاوسه‌ری یه‌كتری..
(ئازهردوخت و ئه‌لیاس) هه‌ر یه‌كه‌یان پابه‌ند و شوێنكه‌وته‌ی ئاینی خۆیانن، له له‌ندەن به‌خۆشیی پێكه‌وه ده‌ژین، خاوه‌نی چوار منداڵن.. له دوای هاوسه‌رگیرییان (ئه‌لیاس) له ته‌مه‌نی 56 ساڵی و 3 مانگی و 12 رۆژی‌دا كۆچی دوایی ده‌كات، (ئازهردوخت) یش له دوای 17 سه‌عات له مردنی (ئه‌لیاس)، كۆچی دوایی ده‌كات و ته‌مه‌نی درێژیان بۆ ئێمه و بۆ منداڵهكانایان به‌جێده‌هێڵن.
* تێبینی: ئاشكرایه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و ئۆرگانی له‌نێوان سینەما و رۆمان‌دا هه‌یه، من له ژیانمدا سه‌دان رۆمانم خوێندووه‌ته‌وه، ده‌یان فیلمیشم بینیووه، هیچ رۆمانێك هێنده‌ی ئه‌م رۆمانه نزیك نه‌بووه له هونه‌ر و دیمه‌نه‌كانی فیلمه‌وه، هیچ فیلمێكیشم نه‌بینیوه هێنده ئه‌م رۆمانه سه‌رنج راكێش و چێژ به‌خشبێت.
* سوپاس بۆ كاك (ته‌ها سێكانیانی) كه ئاشنای كردین به شاكاره‌كانی (پاپولی یه‌زدی) كه جگه له‌م رۆمانه، به‌رهه‌مه‌كانی تری كه كردوونی به كوردی، بریتین له پێنج به‌رگی یاداشته‌كانی، به‌ناوی (شازاده‌ی حه‌مام)، كه پڕن له زانیاری و له چێژ به‌خشینیشدا گه‌وهه‌ری یه‌ك دانه‌ن..