ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(11)
لەم شەوانەدا زینۆنی ئیلیایی میوانی من بوو، قسەمان زۆر کرد، باسی پێشبڕکێکەی ئەکیلیس و کیسەڵەکەی بۆ کردم:
"ئەکیلیس خێراترین و بەهێزترین کەسی یۆنانە، بەڵام لە تیۆرەکەی پارمێنیدێسی مامۆستامدا، ئەوانە (خێرایی و بەهێزیی) وەهمن. چونکە هیچ جۆرە گۆڕانێک لە بووندا روونادات!" پرسیم: "ئەمە یانی چی؟" وتی "واتە ئەکیلیسی خێرا ناتوانێت لە راکردندا لە کیسەڵێک بباتەوە."
ئینجا چیرۆکەکەی بۆ گێڕامەوە: کاتێک ئەکیلیس بیستی کیسەڵەکە داوای پێشکەوتنی کردووە، بە پێکەنینێکەوە وتی: نیوەی رێگاکەی تەرح بێت... زینۆن کەمێک بێدەنگ بوو، ئینجا وتی: "ئەمە هەڵە کوشندەکەی ئەکیلیس بوو، چونکە ئیتر پێشبڕکێکەی دۆڕاند" ، پرسیم: "چۆن؟" بۆی روونکردمەوە: "ئەکیلیس بۆ ئەوەی بگاتە ئەو شوێنەی کیسەڵەکەی لێبووە، لە پێشا دەبێت نیوەی ماوەکە ببڕێت، بۆ ئەوەی نیوەی ماوەکە ببڕێت، لە پێشدا دەبێت چارەکی ببڕێت، پێش ئەوەش هەشت یەک و پێش ئەویش یەک لەسەر شازدە و ... هتد." بەمجۆرە ئەکیلیس هەرگیز ناتوانێت بجوڵێت."
پارمێنیدێس
بەڵام ئەکیلیس لە کۆتاییدا پێش کیسەڵەکە دەکەوێت! من وام وت. زینۆن بە پێکەنینێکەوە سەیری کردم و وتی: "ئەمە راستە، تۆ وادەزانیت ئەکیلیس گرەوەکە دەباتەوە، خەڵکی دیکەش زۆرن کە وادەزانن. بەڵام ئەوەی من دەڵێم ئەمەیە: جووڵە وەهمە، ئەوە هەستە فریودەرەکانی مرۆڤن پێمان دەڵێن جووڵەیەک روویداوە، ئەگینا وەک پارمێنیدێس دەڵێت "ئەوەی هەیە، هەیە! ئەوەی نییە، نییە!" لێرەدا داستانەکە کۆتایی دێت. وتم "ئەمە یانی چی؟" لە وەڵامدا وتی "واتە ئێمە ناتوانین لە رووی هزرییەوە بیسەلمێنین کە ئەکیلیس بە کیسەڵەکە دەگاتەوە." شتێکی تریش بڵێم: لە بۆچوونی زینۆندا، ئەگەر کیسەڵەکە لە جێگای خۆی راوەستابێت، هێشتا ئەکیلیس هەر ناتوانێت پێی بگاتەوە.
دەبینن، زینۆن دەیەوێت پێمان بڵێت کە ناتوانین لە رووی هزرییەوە بیسەلمێنین ئەکیلیس پێش کیسەڵەکە دەکەوێت! چونکە بۆ ئەوەی پێی بگاتەوە دەبێت ماوەیەک ببڕێت کە بە شێوەیەکی ئەبەدیی دابەش بووە بۆ نیوەکان. ئەگەر لۆجیکییانە بیری لێبکەینەوە، دەبینین ئەکیلیس تەنانەت ناتوانێت لە جێگای خۆی جووڵە بکات، چۆن؟ چونکە جووڵە قابیلی دابەشکردنە، بەڵام دابەشکردنی ناکۆتا کە ئەنجامە لۆجیکییەکەی ئەمەش ئەوەیە، جووڵە جۆرێکە لە وەهم.
بێگومان زینۆن نابینا نییە، ئەو دەزانێت چی دەڵێت، ئەویش وەک ئێمە دەبینێت ئەکیلیس پێشی کیسەڵەکە دەکەوێت، بەڵام ئەرگومێنتەکەی زینۆن ئەمەیە: بەڕاست! ئەوەی دەیبینن، راستەقینەیە؟ دەی باشە، چۆن دەتوانن بیسەلمێنن! خۆ من زوو پێمووتن کە ئەوەی هەستەکان دەیڵێن، راستەقینە نیە، ئەگەر بە ئەقڵ بیری لێبکەنەوە، تێدەگەن کە وا نیە. دەمەوێت لێرەدا بڵێم، گوزارشتە دەقاودەقەکەی زینۆن ئەمەیە: "خێراترینی ئەوانەی دەتوانن رابکەن، واتە ئەکیلیس، ناتوانێت لە پێشبڕکێدا لە کیسەڵێکی بباتەوە، بەو مەرجەی لە سەرەتادا ماوەیەک تەرح بدرێتە کیسەڵەکە."
باسێکی زینۆنتان بۆ بکەم؟ باشە، ئەم پیاوە زیاتر بەهۆی پارادۆکسەکان (مەتەڵەکان)ییەوە ناسراوە، هەر هەموویان لە خزمەتی یەک بابەتدان: جووڵە و گۆڕان مەحاڵن، هەروەها فرەیی بوونی نیە. ئەمە لافێکی گەورەیە، ئێمە سەیری دەوروبەری خۆمان دەکەین، دەبینین جووڵە هەیە، شتەکان دەگۆڕێن، لانیکەم لەدایک دەبن و گەورە دەبن و پاشان لەناو دەچن. هەروەها جۆرەها شت لە دەوری خۆمان دەبینین. بەڵام ئەمە بۆچوونی زینۆن و پارمێنیدێسی مامۆستای نیە (جارێک بەتایبەتی قسە لەبارەی پارمێنیدێسەوە دەکەم).
زینۆنی ئیلیایی
رەنگە لەناو ئێوەدا هەبن گاڵتەیان بەم تێزە بێت، بەڕاست! ئەوە بۆچی سەیری دەوروبەری خۆتان ناکەن، بۆ ئەوەی بزانن کە زۆرینەتان بەم باوەڕەوە دەژین: گوێتان لێبووە کە مامۆستا لە ڕۆژی هەینیدا بڵێت: خوا لە دەرەوەی کاتە، کات پەیوەندیی بە خواوە نیە، هەروەها دەشڵێت: خوا لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی (مەبەستی لە سەرەتا و کۆتایی ئێمەیە، چونکە ئەوانە بۆ خوا قەرار نادات) خوا هەر وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت. دەی باشە زینۆن لەجیاتی وشەی 'خوا' وشەی 'بوون'ی داناوە. ئەوەشت بیر نەچێت کە زینۆن لە دینەکان و بە تایبەتی لە مەسیحییەت و ئیسلام زۆر کۆنترە. راستییەکەی مەسەلەکە هەر ئەوەندە نیە، بەڵکو لەناو دیندا، بە دینی ئیسلامیشەوە، گرووپێک هەن باوەڕیان بە یەکێتی بوون هەیە، واتە دەڵێن خوا لە هەموو شتەکاندا هەیە؛ یان بە مانایەکی دیکە تەنها خوا بوونی هەیە. چۆن خوایەک؟ خوایەکی نەگۆڕ، لە دەرەوەی کات. سەرنجی حاڵەتێكی سۆفییانە بدە: حاڵەتی فەنا، واتە نەمانی خود و مانەوەی خودا، یانی لای ئەو سۆفییانە بوونی شتە بەرهەستەکان هەموویان وەهمن و پێویستە بڕەوێنەوە، ئەوەی هەیە بە تەنها خوایە. پێتوایە زینۆن لەخۆیەوە قسە دەکات!.
هەر بە هەمان شێوە، زینۆن لە پارادۆکسێکی دیکەدا دەڵێت: کاتێک بە تیروکەوان نیشانە لە شتێک دەگرینەوە، ژێی کەوانەکە رادەکێشین و بەرەڵای دەکەین و تیرەکە دەردەچێت، بەڵام خەیاڵت خاوە، تیرەکە هەرگیز ناگاتە نیشانەکە. لێرەشدا دیسان مەسەلەکە کات و ماوە دابەشبووە ئەبەدییەکانە.
بەشداریکردنی زینۆن لە پیلانی لەناوبردنی ستەمکاری شارەکەیاندا، جێگای سەرنجە: ئایا ئەویش کەوتۆتە ژێر کاریگەریی درەکەوتەی رووکەشییانەی شتەکانەوە؟ یانی ئەگەر کات و گۆڕان بوونیان نەبێت، ستەمکار یان غەیری ستەمکار لە کوێدا کار دەکات؟ لەبەرئەوەی زینۆن میوانی من بوو، یەکەمینجاریشی بوو بێتە ماڵەکەم، پێمخۆش نەبوو ئەم پرسیارەی لێبکەم. لەبری ئەوە دەرفەتم وەرگرت پرسیاری سەردانەکەی ئەسینای لێ بکەم، ئەویش وتی: "ئەوکات تەمەنم چل ساڵانێک دەبوو، لەگەڵ پارمێنیدێسی مامۆستامدا سەردانی ئەسینامان کرد. لەناو ئەوانەدا کە بینیمان لاوێک بوو ناوی سۆکرات بوو، ئەوکات هەروا بیست ساڵانێک دەبوو. من کتێبێکم نوسیبوو بۆ داکۆکیکردن لە تیۆری مامۆستاکەم. لە دانیشتنێکدا کە سۆکرات و ئەرەستۆ و چەند کەسێکی دیکە ئامادەی بوون، کتێبەکەم بۆ خوێندنەوە."
دەبێت خوێنەر ئاگادار بێت، کە مەبەست لە ئەرەستۆی فەیلەسوف نیە، چونکە ئەو کاتە هێشتا لەدایک نەببوو. بەڵام راوەستە! ئێمە ئەمە چۆن دەزانین؟ ماوەیەکی زۆر دواتر، ئەفلاتون دایالۆگێک دەنووسێت و ناوی دەنێت پارمێنیدێس. لەو دایالۆگەدا باسی سەردانەکەی پارمێنیدێس و زینۆن دەکات بۆ ئەسینا و سۆکراتی لاویش دەنێرێت تا گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات (مەبەستم لە ئەفلاتونی نووسەرە). بەڵام کاتێک ئەفلاتون دایالۆگەکەی نووسیوە، ئەو ئەرەستۆیەی دواتر دەبێتە فەیلەسوف، لە ئەکادیما بووە. رەنگە ئەفلاتون هەر بۆ قۆشمەیی یەکێک لە کاراکتەرەکانی دایالۆگەکەی ناونابێت ئەرەستۆ.
بۆ زینۆنم باسکرد، ئەو سۆکراتە لاوە دواتر گەورە دەبێت و دەبێتە مەزنترین فەیلەسوفی مێژووی مرۆڤایەتی، کەچی ئەسیناییەکان لە ساڵی 399 پ.س دا بە تۆمەتی دژایەتیکردنی خواکان ژەهر خواردی دەکەن و لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا وەک یەکەمین شەهیدی فەلسەفە و بیرکردنەوە جێماندەهێڵێت. دەمەوێت شتێکی تریش بە خوێنەران بڵێم: زۆر رێی تێدەچێت دیمانەی نێوان پارمێنیدێس و زینۆن لەگەڵ سۆکراتدا، زادەی ئەندێشەی ئەفلاتون بێت، چونکە لەو ماوەیەدا کە ئەفلاتون دایالۆگەکەی بۆ دەگەڕێنێتەوە، بڕێک زانیاریی هەیە کە زینۆن پێداویستی جەنگی گوێزاوەتەوە بۆ نەیارانی ستەمکارەکەی ئیلیا (ناوەکەی نازانم) و دەستگیر دەکرێت و تێدا دەچێت.
قسەیەکی خۆشیش دەربارەی مردنی زینۆن دەگێڕنەوە: کە دەستگیری دەکەن دەیبەنە بەردەمی ستەمکارەکە و پرسیاری شەریکەکانی لێدەکەن. ئەویش دەڵێت "دەمەوێت بە گوێچکەی ستەمکاردا بچرپێنم." کە نزیک دەبێتەوە و دەمی دەباتە لای سەری، بە هەموو هێزی خۆی گازی لێدەگرێت و پاسەوانەکان ناچار دەبن بیدەنە بەر خەنجەر بۆ ئەوەی ستەمکارەکە لە چنگی رزگار بکەن، هەر لەوێدا زینۆن دەمرێت.
غەیری زینۆن کەسی دیکە باوەڕی وایە کە کات و شوێن وەهمن؟ بەڵێ زۆریشن، لە سەرەوە نموونەیەکم هێنایەوە. ئێستاش هەروا سەرپێیی دەڵێم هەریەکە لە ئەفلاتون و کانت و هێگڵ، رای هاوشێوەی زینۆنیان هەبووە. ئەرەستۆ بە دامەزرێنەری دیالەکتیک لەقەڵەمی دەدات، ئەو ئەرگومێنتی نەیارەکانی وەردەگرت و دەرەنجامی ناکۆکی لێوە دەکردن و نادروستییانی دەسەلماند. کانت لەو باوەڕەدا بووە کات و شوێن راستەقینە نین، زیاتر فێڵێکی ئەقڵیین و بۆ گوزارشتکردن لە هزرەکانمان هانا دەبینە بەریان.
زینۆن چەند رۆژێک لای من مایەوە، پێکەوە شەرابمان نۆشی و باسی گەلێک پرسی فەلسەفیمان کرد. لە کۆتاییدا ویستی بچێت بۆ هەولێر، لەگەڵی رۆیشتم بۆ گەراج و خستمە ناو تەکسییەکەوە دەچوو بۆ دهۆک و بە شۆفێرەکەشم وت، لەنیوەی رێگا (هەولێر) دایببەزێنێت.
پێشبڕکێی ئەکیلیس و کیسەڵەکە