بە پاساوی وەبەرهێنان دراون بە چەند وەبەرهێنێکی نزیک لە بەرپرسان

زەوییە گەورە و گرانبەهاكان لە هەولێر نەمان

10:52 - 2024-10-21
ڕاپۆرت
278 جار خوێندراوەتەوە
پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد



بە پاساوی پرۆژەی وەبەرهێنان، دەیان زەوی گرانبەها لە گرنگترین شوێنەكانی شاری هەولێر لەلایەن ژمارەیەك وەبەرهێنەوە کراون بە پرۆژە کە زۆرینەیان نیشتەجێ بوونن و کەسانی هەژار سوودی لێ نابینن، ئەمەش بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2006 كە تایبەتە بە كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، هەر وەبەرهێنێك پرۆژەیەك بکات زەوییەکەی بە نرخی هاندەر یان بە خۆڕایی پێدەدرێت، لە کاتێکدا دەکرێت ئەو زەوییانە بە نرخی رۆژ پێیان بفرۆشرایە و بە پارەکەی دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكە هەژارنشینەكانی شارەكە بکرایە کە چەندین كێشەی خزمەتگوزارییان هەیە.

 

مامۆستایەکی بەشی ئابووریی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ   کوردستانی نوێ            :
لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا زەوی بە خۆڕایی نادرێت بە کەرتی وەبەرهێنان، لە هەرێم یاساکە بەشێوەیەک داڕێژراوە لە بەرژەوەندیی چەند کەسێک تەواو دەبێت و سوودی بۆ حكومەت و هاووڵاتیان نییە

 

هاووڵاتیان زەرەرمەندن
ئارام عومەر هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری هەولێرە دەڵێت: راستە وەبەرهێنەكان چەندین پرۆژەی جوانی نیشتەجێبوونیان لە هەولێر دروستکردووە، بەڵام ناكرێت هەر وەبەرهێنێك داوای زەوی بكات حكومەت سەدان دۆنم زەوی بەبێ بەرامبەر یان بە بڕێك پارەی زۆركەم پێبدات ئەویش بیكات بە ڤێلا و بە دەیان هەزار دۆلار بفرۆشێتەوە کە خەڵكی هەژار یان مام ناوەند نەتوانێت بیکڕێت.
یەكێكی تر لەدیوە خراپەكانی پڕۆسەی داگیركردنی ئەو زەوییانە لە هەولێر بەناوی وەبەرهێنانەوە بریتییە لە پێدانی زەوییەكان بە ژمارەیەك وەبەرهێنی دیاریكراو و بێبەشکردنی ئەوانی دیکە کە دەرفەتی کێبڕکێ لەناودەبات، بەشێوەیەک ژمارەیەک وەبەرهێن چەندینجار زەوی گرانبەهایان پێدراوە، هەندێکجار دەرکەوتووە کەسەکە وەبەرهێنیش نییە و تەنها لە حزبێک نزیکە یان دەسەڵاتدارێکی شارەکەیە، بەڵام واپیشان دەدرێت پرۆژەكە لەلایەن وەبەرهێنێكەوە دەکرێت.
وتیشی: چۆن دەبێت حكومەت هیچ شتێك بەرامبەر ئەو زەوییە گرنگانە وەرنەگرێت كە موڵكی گشتییە و بەوشێوەیە بە خۆڕایی بفەوتێت، لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەو پرۆژە وەبەرهێنانە لە هەولێر زۆربەیان بۆ نیشتەجێبوونن كە تەنیا خاوەن پرۆژەكە سوودمەند دەبێت، خۆ ئەگەر زەوییەکە بکرێتە پرۆژەیەکی گەشتیاریی یان بازرگانی، دەکرا بڵێین تاڕادەیەک سوودی بە هاووڵاتیانیش دەگەیاند و دەستی کاری زیاد دەکرد.

گۆڕینی رەگەزی زەوی
یەكێكی دیکە لە دیوە خراپەكانی ئەو داگیركارییەی زەوییە گرانبەهاکانی هەولێر ئەوەیە كاتێك كەسێكی دەسەڵاتدار بەناوی پرۆژەی وەبەرهێنان زەوییەك وەردەگرێت، ئیتر رەچاوی ئەوە ناكات ئایا زەوییەكە چی لە دەوروبەر یان ژێر زەوییەكەی هەیە و دەبێت بیانپارێزێت، بۆ نموونە زۆرجار خانوو و موڵكی خەڵكی یان گۆڕستانی مردووی هاووڵاتیانی شارەكە لە نزیك زەوییەكە بووە، بەڵام وەبەرهێنەكە هەمووی تێكداوە و پرۆژەی خۆی لەسەر دروستكردووە.
د.ئەیوب سماقەیی مامۆستا لە بەشی ئابووری زانكۆی سەڵاحەدین بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ ئەو بابەتە پێویستە ئێمە جیاوازی بكەین لە نێوان پرۆژەی وەبەرهێنان و چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوون كە دەكرێت وەبەرهێنان بەپێی پێویستیی ئابووری نیشتمانی بێت، نەوەك بەپێی بەرژەوەندیی ئەوكەسانە بێت كە كاری وەبەرهێنان دەكەن لە بواری خانووبەرەدا یان كۆمپانیایەكن نزیكن لە سیاسەتمەداران و حزبێكی دیاریكراو.
وتیشی: ئەو هۆکارە وایکردووە فشارێکی زۆر لەسەر زەوی كشتوكاڵی هەبێت بۆ گۆڕینی رەگەزەكەی لە كشتوكاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون، لەبەرئەوەی بواری نیشتەجێبوون ركابەری كەمەو قازانجی زۆرە، هەروەها ئەو بوارە مەترسی و ریسكی كەمە، بەهۆی ئەوەش كە وەبەرهێنەکە زەوییەكەی بەخۆڕایی پێدەدرێت تێچووی پرۆژەكەشی كەمە.
بە گوێرەی وتەی ئابووریناسان، ئەو یاسایە هەڵەی زۆری تێدایە و پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، بۆیە چەندینجار كۆڕ و سیمینار لەلایەن چالاكوانانی بواری ئابووری و پەرلەمانتارانەوە کراوە بۆ هەموارکردنەوەی، بەڵام تائێستا یاساكە وەك خۆیەتی و دەستكاری نەكراوە. 
كاریگەرییە خراپەكانی ئەو بابەتە ئەوەیە زەوی كشتوكاڵیی دەگۆڕدرێت بۆ یەكەی نیشتەجێبوون کە بە زیانی کەرتی کشتوکاڵ دەکەوێتەوە.

کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزارییەکان
د.ئەیوب سماقەیی مامۆستا لە بەشی ئابووری زانكۆی سەڵاحەدین دەڵێت: ئەو پرۆژە وەبەرهێنانانەی لە بواری نیشتەجێبوون لە شارەكانی هەرێم بە گشتی و لە شاری هەولێر بەتایبەتی دەکرێن، بۆتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەكە و ئێستا هەولێر لە شارێكی كوردنشینەوە بۆتە شارێكی عەرەب نشین، هەروەك هاتنی ئەو خەڵكە زۆرەی شارەكانی تری عیراق دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان ئەوكاتیش دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكان كە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەی كە حكومەت پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكات و لە ئەنجامدا خزمەتگوزارییەكان كەم و خراپ دەبن و كاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییە رەسەنەكانی شارەکە دەبێت، بەتایبەت ئەو هاووڵاتیانەی لە گەڕەكە هەژارنشینەكاندا دەژین وەك سێتاقان، سەیداوە، بەلاشاوە، ئیسكان، مامزاوە و تەیراوە.
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری روونیكردەوە، لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا زەوی بە خۆڕایی نادرێت بە کەرتی وەبەرهێنان تەنها لە هەرێم نەبێت کە جێی سەرنجە و یاساکەش بەشێوەیەک داڕێژراوە كە ئێستا لە بەرژەوەندیی چەند کەسێک تەواو دەبێت هیچ سوودێكی بۆ حكومەت و هاووڵاتیان نییە.
بۆ روونكردنەوەی ئەو بابەتە بەرگەشت ئاكرەیی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە هەرێمی كوردستان بەپێی جۆری پرۆژەكە زەوی بۆ وەبەرهێنەران تەرخان دەكرێت كە ئایا قەبارە و سەرمایەی پرۆژەكە چەندە، بۆ ئەمەش دەستەكەمان داوای زەوی لە وەزارەتی شارەوانی دەكەین ئەوان زەوی و رێكار و شێوەی پێدانی زەوییەكە دیاری دەکەن.
وتیشی، لەبەرئەوە ئەو ئاسانكارییە بۆ پێدانی زەوی بۆ وەبەرهێنەران دەکەین، بۆ ئەوەی تەنیا حكومەت سوودمەند نەبێت، بەڵکو دەمانەوێت وەبەرهێنەری ناوخۆیی و دەرەوەش بێن كاربكەن لە هەرێم و سوودمەندبن و پرۆژە بونیادبنێن.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان