شه‌هید سه‌عدی ته‌وێڵه‌یی

ناوێكی دره‌وشاوه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی كورتدا

11:59 - 2024-10-21
کوردستان
115 جار خوێندراوەتەوە

لاپه‌ڕه‌ی سه‌روه‌ران



گه‌نجێك كه‌ هێشتا ئامێزی بۆخۆشییه‌كانی ژیان نه‌كردبۆوه‌ و تێر نه‌بووبوو له‌دنیا تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی، ئه‌وهێشتا به‌ته‌واوی17به‌هاری له‌ته‌مه‌نی تێنه‌په‌ڕاندبوو كه‌ رۆیشته‌ چیا، رێك ئه‌وكاته‌ش شۆڕشی سه‌ختی نوێ، سێ ساڵانی له‌ته‌مه‌نی پڕ له‌ هه‌وراز و نشێوی خۆی تێپه‌ڕاندبوو.
كاروانی ژیانی ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ته‌وێڵه‌ی هه‌ورامان به‌ڕێكه‌وت و له‌گه‌ڵ كاروانی خه‌باتی سوور تێكه‌ڵی كرد و دواجاریش له‌كێوی ئاڵوه‌تان كۆتایی به‌وژیان و خه‌باته‌ هات.
 ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هیدی نه‌مر سه‌عدی ئه‌بوبه‌كر ناسراو به‌ سه‌عدی ته‌وێڵه‌یی، له‌دایكبووی ساڵی 1962ی خێزانێكی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ری گوندی ته‌وێڵه‌یه‌ی هه‌ورامانه‌ و هه‌رله‌وێش خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واوكردووه‌.
پاش سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ، ته‌وێڵه‌ یه‌كێك بوو له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانی شۆڕش و زۆر پیاوی قاره‌مان و به‌كه‌ڵكی بۆ كوردایه‌تی له‌ئامێزی خۆیدا په‌روه‌رده‌ كرد، هه‌رئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی شه‌هید سه‌عدی هه‌ستی كوردایه‌تی و گیانی شۆڕشگێڕی له‌ناخیدا ببزوێت و زۆربه‌زووییش په‌یوه‌ندی بكات به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، له‌و كاتانه‌شدا بێ سڵه‌مینه‌وه‌ ئازایانه‌ و دڵسۆزانه‌ كاره‌كانی رێكخستنی ئه‌نجام داوه‌، ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیی كردووه‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ له‌ كه‌رتی هه‌ورامانی هه‌رێمی یه‌كی ئه‌وسا.
له‌ پێشمه‌رگایه‌تیش به‌ هه‌مان گوڕوتینی خه‌باتی نهێنیی شاره‌وه‌ دڵسۆزی و قاره‌مانێتی نواندووه‌، بۆته‌ خۆشه‌ویستی ناو جه‌ماوه‌ری ناوچه‌كه‌ و هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌ی.
له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌شداریی زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ورامان و شاره‌زوور و شارباژێڕ و خۆرهه‌ڵاتی كوردستانی كردووه‌.
ساڵی 1982 كاتێك شۆڕش داوای كرد هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ مه‌به‌ستی راپه‌ڕاندنی ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی كوردایه‌تی رووبكه‌نه‌ ناوچه‌كانی سه‌ركردایه‌تی، شه‌هید سه‌عدی قاره‌مان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی سنووره‌كه‌یدا به‌ده‌م بانگه‌واز و فه‌رمانه‌ی شۆڕشه‌وه‌ چوو، هه‌ر له‌وپێناوه‌شدا و له ‌رۆژی 17/10/1982، له‌شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی قاره‌مانه‌دا له‌ شاخی (ئاڵوه‌تان) گیانی به‌خاكی پیرۆزی كوردستان سپارد و شه‌هیدكرا.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان