بەرهەمە سروشتییەکانی وەرزی پایز لە شارباژێڕە جوانەکەی کوردستان

09:56 - 2024-10-22
ڕاپۆرت
52 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ سمکۆ چنارەیی


هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە چەندین سامانی سروشتی و کشتوکاڵی، ئەویش بەهۆی  بوونی ئەو دارستانە چڕوپڕانەی نێو قەدپاڵ و چیا و دەشتەکانییەوە، گوندنشینان سوودێکی زۆر لە بەروبوومی ئەو دارە خۆڕسکانە وەردەگرن، ئەویش چ بۆ خواردن بێت یاخود  بۆ ئالیکی ئاژەڵەکانیان، جگە لەوەی لە چەندین جۆری پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێن و کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.
شۆكە، جۆرێكە لەو بەرهەمە سروشتییانەی لە وەرزی پایزدا لەسەر بەرهەمی بەڕوو دەنیشێت، هاوشێوەی گەزۆ كە لەسەر داری مازوو دروست دەبێت. تامێكی شیرینی هەیە و بەو هۆیەوە بە (شەونمی شیرین) ناو دەبرێت. شۆكە لە چەند ناوچەیەكی شاخاوی هەرێمی كوردستاندا، وەك پێنجوێن، شارباژێڕ و بەرزنجە هەیە.

گوندنشینێک:  شۆكە لەسەر داری بەڕوو دەنیشێت، گەزۆ لەسەر داری مازوو دروست دەبێت، تامێكی شیرینی هەیە و بە شەونمی شیرین ناو دەبرێت

دروستبوونی شۆکە
گوندنشینان لە زووەوە بە بەرهەمی شۆکە ئاشنابوون و دەستیان بە كۆكردنەوە و بەرهەمهێنانی كردووە. 
ئومێد ساڵح گوندنشینە لە یەکێک لە گوندەکانی شارباژێڕ بە کوردستانی نوێی وت، ئەمساڵ لە سنووری زۆربەی گوندەکانی قەزای چوارتا و ماوەت شۆکە بوونی هەیە، رۆژانە دەچین بۆ کەژ و کێوەکان و ئەو دارانەی گەزۆ لە بەڕوو و جەوتەکانی دابێت دایدەهێنین و دواتر بەڕوو قشکەکان لێ دەکەینەوە و دەیهێنینەوە بۆ ماڵەوە، پاشان جەوتەکان دەشۆینەوە بۆئەوەی شیلە و گەزۆکە بە تەواوی لە جەوت و بەڕووەکان دەبێتەوە کە ئەوەش تەواو بوو ئاوەکەی دەکوڵێنین تا خەست دەبێتەوە و دەبێت بە دۆشاو.
گوندنشینانی پێنجوێن كە سەروكاریان لەگەڵ كۆكردنەوەی شۆكە هەیە، دەڵێن، ئەمساڵ بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، زۆرترین رێژەی شۆكە لەسەر داربەڕووەكان نیشتووە.

بەرهەمی گەزۆ
گەزۆ بەرهەمێکی دیکەی کوردەوارییە، لەسەر داری بەڕوو و مازوو دەبینرێت و مادەیەکی شیرینە.
بەهادین محەمەد گوندنشین دەڵێت، ئەمساڵ لە هەندێک شوێن بەرهەمی باشی هەیە و بە زۆریی لە بەڕوو و جەوتی داوەو ئەویش دارەکە خۆی دروستی دەکات، هەرچەندە لە کوردەواریدا واباوە کە گەزۆ بە شەو دەبارێتە سەر گەڵاو بەڕووەکان، بەڵام نابارێت، بەڵکو گەڵاکان خۆیان دروستی دەکەن، سەبارەت بە گەزۆش لە گەڵای داری مازواری دەدات.
وتیشی: پەلی گەڵاکان دەبڕین و لەبەر خۆر هەڵی دەخەین بۆ چەند رۆژێک بۆئەوەی وشک بێتەوە و دواتر گەڵاکان دەکوتین و پاشان دەیبێژینەوە دەبێت بە گەزۆ کەتامێکی زۆر تایبەتی هەیە و لە کۆنەوە بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ دەمێنێتەوە و تێکناچێت.
بێجگە لە شێوازی دروستکردنی هەڵگرتنەکەشی گرنگە بەهادین محەمەد گوندنشین دەڵێت، لە رابردوودا لەناو تورەکەی خام پاراستوویانە و بۆ چەندین ساڵ ماوەتەوە، لە کارگەکانی شیرینیش چەندین جۆری لوقم و حەڵوای گەزۆیان لێ دروستکردووە.

نرخی دۆشاوی قشکە
ئەو گوندنشینە وتیشی: ئەمساڵ داری مازوار بە کەمیی گەزۆی هەیە واتە گەزۆی وشک کەمە، بەڵام لە زۆر شوێنی شارباژێڕ و پێنجوێن شۆکە زۆرە کە ئەو لە جەوت و قشکە دەدات کە هەردووکیان دوو بەری داری بەڕوارن، بە زۆرییش بەڕوو جەوتەکەی گرتووە نەک قشکەکان.
بەهادین محەمەد گوندنشین باسی لەوەکرد، دۆشاوی قشکە خۆشترە لە جەوتەکە، نرخی کیلۆیەک دۆشاویش لە نێوان 20-30 هەزار دینارە و بەپێی روونی و خەستی نرخەکەی دەگۆڕێت و بەردەوام کڕیاری خۆی هەیە.
دوو جۆر دۆشاوی شۆكە هەیە، یەكێكیان رەنگی قاوەییە و ئەوی تریشیان رەنگی رەشە كە ئاوی كەمتر تێكراوە لەكاتی لێنانیدا، بوونی شۆکە لەسەر داربەڕوو هەموو ساڵێک نییە و بەرهەمێکی کەمە، بۆیە بە گران دروست دەكرێت، لەبەر تامە خۆشەکەی و سوودەکەی خواستێکی زۆری لەسەرە لەلایەن هاووڵاتیانەوە.

سوودی شۆکە
ئیسماعیل مەجید گوندنشین وتی: هەرساڵێک گەزۆ هەبێت لە هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوولدا بە تەواوی خۆم بۆ کۆکردنەوە و ئامادەکردنی ئامادە دەکەم، بۆ شۆکەش بە هەمانشێوە رۆژ هەیە چوار کیلۆ دۆشاو دەکەین کیلۆی 20 هەزار دەکات و داهاتێکی باشە لەمکاتەدا.
وتیشی: دۆشاوی شۆکە و گەزۆ لەگەڵ رۆنی کوردی، یان هێلکە و رۆن دەخورێت و تامێکی تایبەتیان هەیە، ئەگەر لە شوێنی پاک دابنرێت ئەوا خراپ نابێت و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە ئەو گوندنشینە باسی لەوەشکرد، هەرساڵێک گەزۆ زۆربێت داهاتی هەنگوینیش لەو ناوچانە دوو بەرامبەرە، چونکە هەنگ شیلەی گەزۆکە دەخوات هەنگوینی لێ دروست دەکات، هەنگەوان هەبووە باسی لەوەکردووە، کە ساڵێک گەزۆ زۆربێت، دوو جار هەنگیان بڕیوە و بەرهەمی هەنگوینیشیان زۆر بووە.
لەگەڵ تامە خۆشەکەی دۆشاوی شۆکە سوودی تەندروستیشی هەیە و پسپۆڕانی خۆراک دەڵێن، شۆكە باشترین دەرمانی گیاییە بۆ بەهێزكردنی ماسولكە، چالاككردنی سوڕی خوێن، بەهێزكردنی بینینی چاو و پاككردنەوەی جەستە لە ژەهراوی بوون، هەروەها خواردنی دۆشاوی شۆكە سوودی هەیە بۆ گەدە و رەقبوونی دیوارەكانی ریخۆڵە سەرباری ئەوەی بەرگری لەش زیاد دەکات و سوڕی خوێن چالاك دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان