رەنگدانەوەی تۆنی جیاواز لە رۆمانەکانی عەتا نەهایی دا

11:31 - 2024-10-22
کەلتور
434 جار خوێندراوەتەوە

د. هەرێم عوسمان


 رەنگدانەوەی تۆنی جیاواز لە رۆمانەکانی عەتا نەهایی دا، ناونیشانی نامەیەکی ماستەرە (کامیل قانع) بە سەرپەرشتی (پ. د. حمەنوری عومەر کاکی) ساڵی 2023  پێشکەشی کۆلێجی زمان-زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە بە رێبازی پەسنی- شیکاریی نووسراوە و لە سێ بەش و هەر بەشەی لە سێ پار پێکهاتووە. 

توێژەر کاریگەریی تۆنی رۆمانەکان لەسەر بونیادی دەق و زەینی خوێنەر دەردەخات

1
بەشی یەکەم، پێکهاتووە لە دەروازەیەکی تیۆریی بۆ ناساندنی تۆن، ئاواز و هێز و ئاوازە. تۆن بە پێی بوار و کایە زانستییەکان واتای جیاوازی هەیە، لە قورئاندا لە سورەتی محەمەد وشەی (لحن) هاتووە و چەندین شیکردنەوەی بۆ کراوە، کە مەبەست لێی ئاگادارکردنەوەی پەیامبەرە لە دووڕووەکان کە بە پێی شێواز و تۆن و لەرەی دەنگیان دەناسرێنەوە. تۆن وەک چەمکێکی مۆسیقی واتە، کۆبوونەوە و رێکخستنی دەنگگەلێکی باریک و قەڵەو، کە بە شێوازی بەرز و نزم لەسەر جۆری ریتمی گونجاو رێکخراوە یان لە رەنگناسیدا واتە بڕ و رێژەی تۆنی رەنگەکان بە پێی رادەی کاڵی و تۆخی، بەڵام لە رەخنەی ئەدەبیدا مەبەست لە دید و هەستی نێرەرە لە پەیام و ناواخنی بەرهەمەکەیدا کە بۆ وەرگر دەینێرێت. لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرد تایبەت بە زاراوە ئەدەبییەکاندا هاتووە، تۆن زاراوەیەکی رەخنەیی زۆر تەمومژاوییە، زۆربەی کات باری هەست و هەڵوێستی مەزاجی نێرەر لە بەرهەمەکەیدا بە دیار دەخات، هەروەها لە هەندێک نووسینی سنوورداردا ئاماژەیە بۆ هەڵوێستی نووسەر دەربارەی بابەت و خوێنەر، بەشێوەیەک ئەم باری هەست و هەڵوێستەی نووسەر لە بەرهەمەکەیدا دەگوێزرێتەوە بۆ وەرگر لەسەر تەرزی تۆنی خۆمانە، دۆستانە، خۆسەپێن...هتد. تۆن لە ئەدەب و هونەری گێڕانەوەدا تەکنیکێکی هونەرییە و رەهەندێکی زمانی و ئیستاتیکی و مەعریفی هەیە. توێژەر ئاماژە بە بۆچوونە جیاوازەکان لەبارەی هەژمون و کاریگەریی تۆن لە گێڕانەوەدا دەکات، کە هەندێک رەخنەگر جەخت لەسەر پێویستیی باڵادەستیی تۆنی نووسەر بەسەر کەسێتییەکانی ناو دەقدا دەکەن، لەبەرامبەردا بۆچوون هەیە کە پێیوایە سروشتی تۆن رێگە لەمە دەگرێت، بەتایبەت ئەگەر تۆن وەک رەهەندێکی هونەریی لەبەرچاو بگیرێت یاخود مستەفا مەستور پێیوایە، دەکرێت تۆنی نووسەر هەماهەنگ بە تۆنی کەسێتییەکان بکرێت تا کەشێکی ئازاد لە دەقدا باڵادەست بێت، رەخنەگرێکیش پێیوایە زۆرجار کەسێتییەکان بڕیار دەدەن تۆنیان چۆن بێت، بۆ نموونە کەسێتی خەیاڵکردی نووسەر لە کەسێتییەکی مێژوویی وەک پاشا و شاعیرێک جیاوازە. باختین پێیوابوو لە شیعردا تۆن دەتوانێت گیان بە بەری وشە مردووەکانیشدا بکات. 
دواتر توێژەر بە وردی و لە روانگە جیاوازەکانەوە لەسەر ئاواز و هێز و ئاوازە دەوەستێت، پاشان جیاکاری لەنێوان ئاواز و ئاوازە دەکات، کە لەلایەن بەشێک لە فەرهەنگنووس و زمانناس و ئەدەبناسانەوە تێکەڵکراوە، چونکە ئاوازە دیاردەیەکی دەنگی ناپێکهاتەییە و بەشدارە لە پێکهێنانی ئاوازی رستەدا و باری هەست و هەڵوێستی قسەکەر دەنوێنێت، کە لە رێگەیەوە جۆری تۆنی وتراو دەستنیشان دەکرێت، بەڵام ئاواز جۆری رستە دەنوێنێت، هەرچی هێز و ئاوازەیە ئەو بڕگە دەنگیانەن کە جۆرێک لە گرتن و بەرز و نزمی لە بەشی دەنگی بڕگە بەرجەستە دەکەن.

2
بەشی دووەم، لەژێر ناونیشانی (دەروازەیەک بۆ شیکار و خستنەڕووی رەگەزە پێکهێنەرەکانی تۆن و جۆر و گرنگییان لەکاری ئەدەبییدا)، سەرەتا باس لە پێنج لە رەگەزە پێکهێنەرەکەی تۆن بە نموونەی رۆمانەکانەوە، دەکات:
1ـ هەڵبژاردن و رۆڵپێدانی وشە و کێڵگە و خێزانی وشەکان.
2ـ وێنە و وێنەسازی و وێنەی ئەندێشەیی.
3ـ دەنگە تایبەتەکان (دەنگە بزوێن و نەبزوێنەکان)
4ـ هێز و ئاوازە و ئاوازی رستە و ئاوازی شیعری.
5ـ خاڵبەندی...هتد.
پاشان توێژەر ئاوڕ لە دەوری تۆن لەڕووی جوانیناسی، شێواز، دەرونناسی و ناساندنی کەسێتییەکان...هتد دەداتەوە، بۆ نموونە تۆن شێواز دەردەخات، یاخود لە رێگەی تۆنەوە باری دەروونی کەسێتییەکان دەبینین، توێژەر پێیوایە تۆنی گێڕانەوەی هەر رۆمانێک گوزارشت لە سەردەمی خۆی دەکات، بۆ نموونە تۆنگەلی رۆمانی باڵندەکانی دەم با گوزارشت لە هەفتا و هەشتاکان دەکەن، کە بێ هیوایی و خامۆشی و گۆشەگیری زاڵە، بەڵام تۆنی رۆمانی گرەوی بەختی هەڵاڵە گوزارشت لە سەردەمێکی دواتر دەکەن کە ترس، تۆقین، ئاوارەیی، چاوەڕوانی، نیگەرانی و نامۆیی...هتد زاڵە. پاشان توێژەر جۆرەکان و پۆلێنی تۆنەکان بە پێی سەرچاوەی دروستبوونیان دەخاتەڕوو. ئەبو نەسری فارابی تۆن بۆ سێ جۆری سەرەکی (چێژبەخش، کاردانەوە و ئەندێشەسازی) دابەش دەکات، یاخود تۆن بە پێی پۆلێنی فەرمی و نافەرمی دیاریدەکات. فەرمی بۆ نووسینە زانستی و ئەکادیمییەکانە کە رەوان و داتایی و کۆنکرێتییە و دوورە لە هەست و سۆزی کەسی، کە توێژەر بە پێی کەسێتی و پنت و بابەتی رۆمانەکانی عەتا نەهایی تەرز و شێوازەکانی تۆنی فەرمی لەم شەشەدا: تۆنی واقیعییانە، تۆنی زانستی، ئەکادیمی، راشکاوی، بابەتی، جدی و فێرکاری دەخاتەڕوو. پاشان شیکاری تۆنە نافەرمییەکان دەکات، کە زیاتر رۆژانەیی و نازانستی و پەیوەندیی دۆستانەن، توێژەر لە چەند خاڵدا (تۆنی واقیعی، دۆستانە، ئەوینداری، گەپجاڕی، توڕەیی و سەرکۆنەکەرانە) شیکاری ئەم تۆنانە لە رۆمانەکانی رۆماننووس دەکات. لە کۆتایی ئەم بەشەشدا پۆلێن و شیکاری تۆنە ئەرێنی و نەرێنییەکان بە نموونەوە دەخاتەڕوو.

3
بەشی سێیەم، لەم بەشەدا شیکاری تەکنیکەکانی تۆن لە هەرسێ رۆمانی رۆماننووس دەکات و پێیوایە تۆنەکان رۆڵیان لە بەرجەستەکردنی کەسێتییەکاندا هەیە، بۆ نموونە لاس لە رۆمانی گوڵی شۆراندا گوزارشت لە چەپە خەباتگێڕەکانی کورد دەکات، چونکە کاتێک خان بڕیاری سووتاندنی شار دەدات، خەڵک شار چۆڵ دەکەن، بەڵام ئەم دەمێنێتەوە، بەڵام کەسایەتی خاڵە نایەر زیاتر رۆحانییە، وەک ئەوەی لە رێگەی ئاگایی باڵاوە رێنمایی بکرێت و دەور ببینێت، بۆ نموونە ناوی مناڵەکان دەنێت، بەڵام خۆی لە ناونانی فەرخە دەدزێتەوە، چونکە کەسایەتییەکی لادەر و خراپەکاری لێ دەردەچێت. توێژەر پاش دەرخستنی تۆنی کەسایەتییەکانی ناو رۆمانی گوڵی شۆران، هی هەردوو رۆمانی (باڵندەکانی دەم با و گرەوی بەختی هەڵاڵە)ش بە شیکارکردنیانەوە دەخاتەڕوو. دواتریش شیکاری تەکنیکەکانی تۆنگۆڕکێ لە هەر سێ رۆمانەکە دەخاتەڕوو. 
رۆمانی(باڵندەکانی دەم با) تەکنیک و هونەرکاری ئەنجامدراوە، چونکە زیاد لە چیرۆکێک ئامادەیە کە هاوتەریب پێکەوە دەڕۆن، تەنانەت گێڕەرەوەی هەر چیرۆکێک لەڕووی کەسایەتی و جۆری کەسێتییەوە تایبەتمەندی و سەربەخۆیی خۆی هەیە، لەبەرئەوە چەند جۆری تەکنیکی تۆنگۆڕکێی بەکارهێناوە کە بەهۆیانەوە دەرک بە گۆڕانی ناوەکی و دەروونی کەسێتییەکانی دەکەین، کە ئەمەش بە دیدی توێژەر ئیستاتیکایەکی چێژداری بە دەقەکە بەخشیوە. هاوکات لە رۆمانی گرەوی بەختی هەڵاڵە توێژەر پێیوایە رۆماننووس تەکنیکگەلی تۆنگۆڕکێی لە ئاستێکی باڵا بەکارهێناوە، چونکە لە هەناوی تۆنگۆڕکێکاندا تەکنیکی فلاشباک و مۆنتاژی شوێن و... هتد چالاک کراوە، هاوکات هەر لەم رۆمانەدا کردەی تۆنگۆڕکێی چیرۆکیش ئەنجامدراوە، کە لە تۆنی حیکایەتەوە بۆ تۆنی چیرۆکی هونەری دەگۆڕێت، لە حیکایەتدا باس و بەسەرهاتی سەر و توانای مرۆیی دەردەکەوێ، لە تۆنی چیرۆکە هونەرییەکەدا ژیانی مرۆڤ لە ئاستی خواست و روانگەی زەینی و دەرونی بەرجەستە بووە. لە کۆتاییدا توێژەر شیکاری کاریگەریی تۆنی رۆمانەکان لەسەر بونیادی دەق و زەینی خوێنەر دەردەخات. 
پاشان توێژەر بە دوانزە خاڵ ئەنجامەکانی دەخاتەڕوو، کە گرنگترینیان ئەمانەن: لە رۆمانەکانی رۆماننووسدا جیاوازی هەیە لە چۆنێتی نواندن و بەرجەستەکردنی تۆن و جۆرەکانیدا، ئەم جیاوازییەش بەرجەستەی ئەزموونی سەرەتایی (گوڵی شۆران) و پێگەیشتوویی (باڵندەکانی دەم با) و باڵایی (گرەوی بەختی هەڵاڵە) دەکەن. لە رۆمانەکانی عەتا نەهایی‌دا تۆنە بنجییەکان دەبینرێن، کە بۆ گەیاندنی باری هەست و هەڵوێستی جیاواز سازکراون، بەڵام بە گشتی تۆنی رەخنەیی و یادەوەری و پرسیاری زەقە. رۆماننووس توانیوێتی هاوسەنگی تۆنی نێرینە و مێینەیی خۆی لە چۆنێتی دروستکردن و نواندنی کەسێتییەکاندا بپارێزێت، واتە کاتێک دەربارەی نێرینە دەنوسێت تەنیا درک بە بوونی نێرینە دەکرێت، بۆ مێینەش درک بە مێینەیەکی وردکار دەکەین. خاڵێکی تر ئەوەیە کە تۆنی نەرێنی و جۆرەکانی پانتاییەکی بەرینیان لەم سێ رۆمانەدا داگیرکردووە، لە گرەوی بەختی هەڵاڵە لە کۆی 53 تۆنی بەکارهاتوو 28یان تۆنی نەرێنین. لەلایەکی ترەوە تەکنیکی تۆنگۆڕکێ بەشێوەیەکی هەمەڕەنگ و هونەری و ئیستاتیک سازێنراوە، کە خوێنەر کەمەندکێش دەکات. لە دروستکردنی تۆن و جۆرەکانیدا، رۆماننووس تایبەتمەندیی کەسایەتی کەسێتییەکان و جۆری کەسێتی و ئاستی رۆشنبیری و جیهانبینیانی دەرخستووە، لەبەرئەوە رۆماننووس خۆی لە بە رۆبۆتکردنی کەسێتییەکانی پاراستووە، بەڵام خاڵێکی لاواز و خەوشی رۆمانەکان روونکردنەوەی تۆنی کەسێتییەکانە کە بەڕێژەی جیاواز لە هەر سێ رۆمانەکەدا هەیە، بەڵام لە گرەوی بەختی هەڵاڵەدا زۆر کەمترە بەراورد بە گوڵی شۆران. کۆتاخاڵ کە توێژەر پێی گەیشتووە، ئەوەیە کە رۆماننووس لە دروستکردنی تۆن و جۆرەکانیدا پەنای بردووەتە بەر رێگەی وێناکردن و وێنەسازی و رۆڵمەندکردنی واتای زەینی وشە و چۆنێتی هەڵبژاردن و ریزکردنی لە پێکهاتەی رستەدا، کە هێز و ئاوازە و ئاوازی رستە و هێماکانی خاڵبەندی لێوە ئەنجام دەدات.   

بابەتە پەیوەندیدارەکان