لە پارێزگای هەولێر، پەرەی سەندووە و چەندین سەنتەری بۆ كراوەتەوە

کەڵەشاخ، وەک چارەسەرێکی سروشتی

10:05 - 2024-10-23
ڕاپۆرت
250 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


كەڵەشاخ یەكێكە لەو چارەسەرە سروشتییانەی بەر لە هەزاران ساڵ لەلایەن حەكیمەكانەوە بۆ چارەسەرکردنی هەندێك لە نەخۆشییەكان کراوە، بەڵام هەندێك لە پزیشكان سوودەكانی ئەو جۆرە چارەسەرە رەتدەکەنەوە، کەڵەشاخ کردن ئێستا لە شاری هەولێر بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە و لە چەندین شوێن نۆرینگەی تایبەتی بۆ كراوەتەوە.
مەهدی ئەحمەد یەكێكە لەو هاووڵاتیانەی ماوەی چوار ساڵە كەڵەشاخ دەکات و وتی: ساڵانە سێ جار كەڵەشاخ دەکەم، کاتێک تووشی ئازاری شان و مل قاچ و سەرئێشە دەبم دەچم کەڵەشاخ دەکەم و دوایی هەست بە ئارامی جەستەم دەکەم.
وتیشی: ئەو كەسەی لەلای کەڵەشاخ دەکەم، لە چین خولی فێربوونی بینیووە، پێش کردنی پشکنینی خوێن دەکەم و ئەگەر رێژەی خوێنەکەم لە سەروو 90 پلە بێت کەڵەشاخ دەکەم.

 

کەڵەشاخ چەند جۆرێکی هەیە، یەکەمیان ئەوەی بەخوێن دەرهێنان دەکرێت، دووەمیان کەڵەشاخی وشک واتا بەبێ بڕین و خوێن دەرهێنان، وەک مەساجکردن بۆ جەستەی کەسەکە دەکرێت


پەنجەرەی ئەندامەكانی ناوەوە
ئیسماعیل مشیر خاوەنی یەكێك لە سەنتەرەكانە بۆ كەڵەشاخ دەڵێت، کەڵەشاخ کردن دەبێتە هۆی چالاکكردنی لیمفەكان و عەسەبەكانی جەستە، بۆ نموونە یەكێك دەڵێت، چەوری جگەرم هەیە چۆن چارەسەری بكەم بە كەڵەشاخ، لە جەستەدا دوو خاڵ هەیە تایبەتە بە جگەر، واتا ئەو رێڕەوەی کە لە مێشکەوە فەرمان بۆ جگەر دەردەچێت لەوێوە كەڵەشاخی بۆ دەکەین، لە زانستی پزیشكیی چینیدا پێی دەڵێن پەنجەرەی ئەندامەكانی ناوەوە.
وتیشی: کەڵەشاخ کردن دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەرگری لەش و دۆخی دەروونی مرۆڤەكانیش باشتر دەكات، لەكاتی چارەسەرکردن چەند كوپێك بەكاردەهێنین كەمترینیان 3 كوپە هەندێكجار 5 بۆ 7 دانەیە، یان دەگاتە 19 کوپ كە لەسەر پشت و قاچ دادەنرێت، نرخەكانیشیان بەگوێرەی كوپەكانە كە بۆ هەر كوپێك پێنج هەزار دینار وەردەگرین.

رێكخستنی کارەکە
کەڵەشاخ چەند جۆرێکی هەیە، یەکەمیان ئەوەی بەخوێن دەرهێنان دەکرێت، دووەمیان کەڵەشاخی وشک واتا بەبێ بڕین و خوێن دەرهێنان، وەک مەساجکردن بۆ جەستەی کەسەکە دەکرێت.
سەبارەت بە زیانەكانیشی ئیسماعیل مشیر خاوەنی یەكێك لە سەنتەرەكان وتی: كەڵەشاخ تەنیا لەوكاتەدا زیانی بۆ جەستە دەبێت کە بە هەڵە بکرێت، هەروەها بۆ کەسانێک ناکرێت کە نەخۆشی هیمۆفیلیا، كێشەی دڵ یاخود گورچیلە و تاو لەرزیان هەیە، یان خوێنیان کەمە، هەروەها دەبێت کەسەکە، شەش سەعات پێش کەڵەشاخ کردن خواردنی نەخواردبێت.
وتیشی: ئێستا لەگەڵ لایەنی پەیوەندار لەسەر هێڵین بۆ رێكخستنی کارەکە و بە رەسمی كۆمەڵێك مەرج و رێنمایی بۆ دادەنێین.
لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ دەچنە سەنتەرەکان و کەڵەشاخ دەکەن، بەبێ جیاوازی تەمەن.
ئەو شارەزایەی کەڵەشاخ ئاماژەی بەوەکرد: ماوەی کەڵەشاخ کردن بۆ هەر کەسێک 30 خولەك بۆ یەك سەعات دەخایەنێت، پێش کردنی شوێنی راكشانی کەسەکە، پشتی چارەسەر خوازەکە، دەسكی ئامێرەكە و موسەكەش بە مادەی پاككەرەوە پاك دەكەینەوە، هەوەها ئەو کوپەی بۆ خوێن دەرهێنانەکە پێویستمانە یەكجار بەكاریدەهێنین.

مێژووی کەڵەشاخ
وتیشی، لە کاتی کەڵەشاخ کردندا ئەوەی یەتە دەرەوە خوێنی پیس نییە، بەڵکو ئەو خوێنەی دێتە دەرەوە لە ژێر و نێوان پێست و مولولەكانی خوێنەوە دێنە دەرەوە، کە خڕۆكەی سووری ماندو و خوێنی ئۆكسان هەیە دێنە دەرەوە، هەروەك هەندێك مادەی زیادەی وەك كۆڵسترۆڵ و كانزایی هەن دێنە دەرەوە كە لەژێر پێستدا كۆبوونەتەوە.
ئەم چارەسەرە سروشتییە، لەلایەن بەشێک لە پزیشکانەوە رەتدەکرێتەوە، ئەو شارەزایەی کەڵەشاخ دەڵێت: هەموو پزیشكەكان دژایەتی كەڵەشاخ کردن ناکەن، تائێستا لە جیهاندا زیاتر لە 226 هەزار توێژینەوە لەسەر کەڵەشاخ کردن کراوە.
لەبارەی مێژووی کەڵەشاخ ئیسماعیل مشیر وتی: مێژووی كەڵەشاخ بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە كە هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن خەڵكی چین یەكەم كەس بوون کردویانە، هەندێكی تر دەڵێن، میسرییە كۆنەكان لە سەردەمی فیرعەونەكان یەكەم كەس بوون کەڵەشاخیان کردووە و لە سەردەمی ئیسلامیش کراوە، ئێستاش لە بەشێک لە وڵاتاندا دەکرێت.
لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 نوسراوێك لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دەرچوو كە بڕیاریدا کەڵەشاخ کردن رابگیرێت، بەڵام دوای ئەوەی شارەزایانی ئەو چارەسەر دەنگیان هەڵبڕی، کارکردن بە بڕیارەكە وەستێنرا و لە زۆربەی شارەکان کەڵەشاخ کردن بەردەوامە.

 

خاوەنی سەنتەرێکی کەڵەشاخ: 
کەڵەشاخ کردن دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەرگریی لەش و دۆخی دەروونیی مرۆڤەكانیش باشتر دەكات، تەنها لەوكاتەدا زیانی بۆ جەستە دەبێت  کە بە هەڵە بکرێت

بابەتە پەیوەندیدارەکان