کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد
بازیان قەزایەکی نوێی پارێزگای سلێمانییە، ناوچەیەکی گرنگی پیشەسازیی، کشتوکاڵی و مێژووییە، نزیکەی 70 هەزار کەسی تێدا دەژی، جگە لە دەیان هەزار ئاوارە و کرێکاری ناوخۆیی و بیانی کە لە کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکاندا کاردەکەن، رێگەی سەرەکی سلێمانی–کەرکوك بەناویدا تێدەپەڕێت، ئەمەش کردویەتی بە ناوچەیەکی ستراتیژی ئابووریی، سەدەیەك لەمەوبەر قەزا بووە و لە دوای لکاندنی لیوای سلێمانی بە بەغداوە کرا بە ناحیە، پاش هەوڵی چەندین ساڵەی دانیشتوانی بازیان، لە ساڵی 2021 بڕیاردرا بازیان بکرێتەوە بە قەزا.
ماوەی سێ ساڵە بە رەسمی بازیان کراوەتە قەزا، بەڵام دانیشتوانەکەی لە سایەی بە قەزابوونی ناوچەکەیاندا وەک پێویست سوودمەند نەبوون
هەرچەندە ماوەی سێ ساڵە بە رەسمی بازیان کراوەتە قەزا، بەڵام تائێستا تەنها قەڵەمی سەر کاغەزە و بەکردار هیچ نەکراوە، بۆئەوەی دانیشتوانی بازیان لە سایەی بە قەزابوونی ناوچەکەیاندا سوودمەندبن لە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.
لەڕووی پرۆژەی خزمەتگوزارییەوە، لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا پرۆژەیەکی وا لە بازیان نەکراوە شایانی باسکردن بێت، تەنانەت ئەو پرۆژانەی پێش بە قەزابوون دەستی پێکرابوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون هەروەك خۆیان بەجێهێڵراون و کارکردن تیایاندا دەستی پێنەکردۆتەوە، نموونەی قوتابخانەی 18 پۆلی لە گەڕەکی سەگرمەی ناوەندی قەزای بازیان.
تائێستا هیچ بەڕێوەبەرایەتییەك لەم قەزایەدا نەکراوەتەوە، تەنانەت هەندێک فەرمانگە سەر بە قەزاکانی دیکەی دەوروبەرن، وەك: فەرمانگەی کارەبا کە بەشێکە لە کارەبای دوکان، هەروەها ئاسایش بەشێکە لە ئاسایشی خۆرئاوا لە چەمچەماڵ، ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە لەسەر شانی هاووڵاتییان لەکاتی سەردانیان بۆ ئەو فەرمانگانە.
بڕیاربوو دوو ناحیە لە سنووری قەزای بازیاندا دروستبکرێن لە شارۆچکەکانی: ئەڵایی و بەردەقارەمان، بۆ ئاسانکاری راپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، بەڵام ئەوانیش نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەربۆیە دانیشتوانی قەزای بازیان داوادەکەن پەلەبکرێت لە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەك: پەروەردە، تەندروستی، کارەبا، ئاسایش و کشتوکاڵ. جگە لە کردنەوەی فەرمانگەکانی گەشتوگوزار، ئامار، رێگەوبان و کاروباری کۆمەڵایەتی، هەروەها کردنەوەی بانك لە پێداویستییە سەرەکییەکانە، چونکە ژمارەیەکی زۆر فەرمانگە و موچەخۆری تێدایە.
کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی گشتیی حکومی، داواکاری هەرە لەپێشینەی دانیشتوانی بازیانە، ئەوەی تائێستا هەیە تەنها مەڵبەندێکی تەندروستییە بۆ قەزایەکی گەورەی خاوەن 70 هەزار هاووڵاتی.
پێویستە لەسەر حکومەت و لایەنی بەرپرس بودجەی تایبەت تەرخان بکەن بۆ قەزایەکی گەورە و ستراتیژیی وەك قەزای بازیان، کە زۆترین کارگە و پرۆژەی پیشەسازی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عیراقیشی تێدایە، بۆئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا کارکردن لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا دەستپێبکەنەوە و پەلەبکرێت لە تەواوکردنیان و پرۆژەی دیکە بەپێی پێویستی هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێت.