ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
كۆمپانیای (ئینترابرینۆر)ی ئەڵمانی بە بەشداریی 41 كۆمپانیای دیكەی ئەڵمانی توێژینەوەیەكیان كردووە لەسەر سەعاتی كاری كارمەندان و ئەنجامی توێژینەوەكەش دەریخست، كە كەمكردنەوەی رۆژەكانی كار لە پێنج رۆژەوە بۆ چوار رۆژ لە هەفتەیەكدا دەبێتە هۆی ئاسودەبوونی زیاتری كارمەندان و بەرزبوونەوەیەكی كەمیش لە ئاستی بەرهەمهێناندا، ئەم كەمكردنەوەیەی رۆژەكانی كاریش ئامانجێكە سەندیكاكانی ئەڵمانیا خەونیان پێوە دەبینی.
لە توێژینەوەكەدا زانكۆی (مۆنستەر) و رێكخراوی (فۆر دەی ویك گڵۆباڵ) بەشدارییان كرد و هەشت وڵاتیش تیایدا بەشدارن، وەك: بەریتانیا، ئوسترالیا و پورتوگال، دەرەنجامی تــوێژینەوەكــەش ئـەوە بوو كــە كــاركردن لە هەفتەیەكدا بۆ ماوەی تەنیا چوار رۆژ و بێئەوەی سەعاتی كار گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، دەبێتە هۆی باشتربوونی باری دەروونی و جەستەیی كارمەندان.
وەرزشی زیاتر و خەوی باشتر
توێژینەوەكە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو، لە چاودێریكردنی ئاستی هۆشیاری كارمەندان و كاردانەوەی جەستەیی و دەروونییان بەرامبەر بە كاتی دیاریكراوی كاكردن و میانجینی دۆخی كارمەندان دەریخست، ئاستی نیگەرانی كە پێشتر 191 دەقە بووە، لە تاقیكردنەوەكەدا دەركەوتووە تەنیا 178 دەقە بووە لە رۆژێكی كاركردندا.
هەروەها توێژینەوەكە دەریخستووە، كە بەشداربوان لەو ماوەیەدا، كە سەعاتی كاریان بۆ كەمكراوەتەوە، گرنگیی زیاتر بە وەرزش دەدەن و بە تێكڕای 38 دەقە لە هەفتەیەكدا زیاتر دەخەون، زاناكانیش پێشبنی دەكەن، ئەم جۆرە لە پشودان كاریگەریی باشی هەبێت لەسەر تەندروستی كارمەندان، بە تایبەتیش لە ماوەی دوورمەودادا.
ئاماژە بە بڕی قازانج نەدراوە
ئەو كۆمپانیایەی توێژینەوەكەی كردووە، زۆر بە هۆشیاریی رەفتاری لەگەڵ مەسەلەی بڕی بەرهەم و پەیوەندغی بە سەعاتی كارەوە كردووە، بۆ نموونە هیچ ئاماژیەكی نەداوە بەوەی، داخۆ كەمكردنەوەی سەعاتی كار بۆ چوار سەعات لە هەفتەیەكدا دەبێتە هۆی زیادبوونی قازانج یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا 39 كۆمپانیا لە دوای تاقیكردنەوەكان بڕیاریاندا هەفتەی چوار رۆژ كاركردن جێبەجێ بكەن و 34 كۆمپانیاش بڕیاریاندا لە تاقیكردنەوە بەردەوام بن، تا دەگەن بە ئەنجامێكی روونتر و باشتر.
لە ئەڵمانیا لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید 19وە مەسەلە چوار سەعات كاركردن لە هەفتەیەكدا بۆتە جێگەی قسە و باس و زۆر بواری كاركردنیشی گرتۆتەوە، بۆ نموونە سەندیكای شۆفێرانی شەمەندۆفێر داوایانكرد سەعاتی كاركردن لە هەفتەیەكدا كەمبكرێتەوە بۆ چوار سەعات و سەندیكای كرێكارانی كارگەی پۆڵای ئەڵمانیاش هەمان داواكارییان هەبوو، بەڵام دواتر لەگەڵ خاوەن كارگە كۆمپانیاكان رێكەوتن، كە سەعاتی كار كەم بكرێتەوە بۆ 32 سەعات لە هەفتەیەكدا، لەگەڵ كەمێك قەرەبووكردنەوە.
سكای نیوز