دەربــــــــارەی مــــــــردن و غــــــــایــــــــەتــــــــی بــــــــوون

10:31 - 2024-10-23
دیدار
35 جار خوێندراوەتەوە
لێکۆڵەر و رووناکبیری کورد، د.محەمەد کەمال

سازدانی: بڕوا بەرزنجی

لێکۆڵەر و رووناکبیری کورد، د.محەمەد کەمال بۆ  کوردستانی نوێ   :
تێڕوانینی ئایدیالیستەکان سەبارەت بە مـــــردن لە تێڕوانینی ماتەریالیست و بوونگەراکانەوە جیاوازە

 

مردن و بوون دوو چەمکی گرنگی ژیانی مرۆڤن لەهەمانکاتیشدا فەیلەسوف و رووناکبیرانی جیهان بایەغی زۆریان بەم دوو چەمکە داوە. لەسەر هەمان بابەت بڕوا بەرزنجی ئەم دیدارە تایبەتەی لەگەڵ  لێکۆڵەر و رووناکبیری کورد، د.محەمەد کەمال ساز کردووە.                                


بڕوا بەرزنجی: پێش ئەوەی هەر پرسیارێک بکەم، گومان لەوەدا نییە، کە ئێوە یان هیچ کەس ئەزموونی مەرگی نییە، بەڵام ئێوە وەک نووسەرێک و فەلسەفەکارێک، ئێستا هەستتان دەربارەی مردن و مەرگی خۆتان چییە، کە گفتوگۆی دەربارە دەکەین؟
د.محەمەد کەمال: مردن پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆجییانەی بوونی منە. مادام من هەم، دەبێت بمرم. بوونی من لە نەبوونم جیانابێتەوە و ئەم دوولایەنانە ئاوێتەی یەکن. بوونی من بە مردنەوە هەیە و بێ مردن نییە. من لەم تێڕامانە فەلسەفییەوە لە مردن تێدەگەم و بیری لێدەکەمەوە. لەبەر ئەمەشە، بە نیگەرانییەوە دەڕوانمە ژیان و هەوڵی بە پڕۆژەکردنی ئەگەرەکانی بوونم دەدەم. 
مردن دوا ئەگەری بوونم نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانێکی بنەڕەتیی هەموو ئەگەرەکانە، کە داهاتووم لەناودەبات و فڕێم دەداتە نێو قووڵایی خەرەندی ڕابردوویەکی چەقوەستاو. 
بڕوا بەرزنجی: جیاوازیی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە و بیرکردنەوەی دینییانە چییە بۆ مەرگ، لە کاتێکدا مەرگ نهێنییەکی کەشفنەکراوە؟
د.محەمەد کەمال: ئەم پرسیارە پێویستی بە وەڵامدانەویەکی پانۆڕامی هەیە چونکە ئاڵۆزە. ئایا مەبەست لە بیرکردنەوەی فەلسەفییانە و دینییانە چ جۆرە فەلسەفە و دینێکە؟ تێڕوانینی فێرگە فەلسەفییەکان و جیهانبینییە دینییەکان فرەجۆرن. تێڕوانینی ئایدیالیستەکان سەبارەت بە مردن لە تێڕوانینی ماتەریالیست و بوونگەراکانەوە جیاوازە. هەروەها، جیهانبینیی دینی هیندۆسی و بوودی هەرگیز لەگەڵ جیهانبینیی جووەکان، مەسیحییەکان و موسڵمانان هاوتەراز دانانرێن. تەنانەت ڕێککەوتن لەنێوان بیریارانی بوونگەراییشدا لەسەر ئەم کێشەیە نادۆزرێتەوە. بۆ نموونە، کیرکەگارد و هایدیگەر بۆچوونی جیاوازیان لەسەر مردن هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، بیرکردنەوەی فەلسەفییانە و دۆگمای دی دوو میتۆدی جیاوازیان هەیە. ئاشکرایە، ئەفلاتوون باوەڕی بە نەمریی گیان هەبووە، بەڵام، هاوکات لە جیهانی بەرزی فۆڕمەکاندا جێگەی تاکەکان و هەبووە هەندەکییەکان ناکاتەوە. جیهانی بەرز کە لە ماتەر بەدەرە جیهانی فۆڕمە هەمەکییەکانە. ئەمەش جیاوازییەکی سەرەکییە لەنێوان بیرۆکەی نەمریی گیان لە فەلسەفەی ئەفلاتوون و جیهانبینیی دینییدا بەتایبەتی دینی ئیسلام. بە ڕای من، بۆچوونی ئەو سۆفییانەی باوەڕیان بە (فەنا) هەیە لە فەلسەفەی ئەفلاتوون نزیک دەبێتەوە. (فەنا) وەکو دوا مەقامی گەشتە ڕۆحییەکەی ئەم سۆفییانە توانەوەیە لە بوونی خوادا بەو شێوەیەی دڵۆپێک باران تێکەڵی ئاوی دەریا دەبێت. لە فەنادا ڕۆحی سۆفی وەکو هەبوویەکی هەندەکی لەناودەچێت، بەڵام لەنێو خوادا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە بۆیە ئەم جۆرە لەناوچوونە دەبێت بە (بەقا). 

 

مرۆڤ دەتوانێت پێشوەخت مردن هەڵبژێرێت بەڵام ناتوانێت نەمرێت

بڕوا بەرزنجی: هەست دەکەن لەدوای مردن جیهانێکی تر و زیندووبوونەوە هەبێت، ئایا ڕۆح لە جەستە جیا دەبێتەوە و بڕوات بۆ دونیایەکی تر؟
د.محەمەد کەمال: بیرکردنەوەی فەلسەفییانە پێویستی بە بەڵگەهێنانەوەی لۆجیکانە هەیە نەک هەستی تاکەکەسەکان. ئەگەر من باوەڕم بە بوونی ڕۆح و مانەوەی ڕۆح پاش جیابوونەوەی لە لەشەوە هەبێت؛ پێویستە بەڵگەم بۆ سەلماندنی باوەڕەکەم هەبێت. من تاکو ئەم ساتە نەمتوانیوە ئەم بەڵگەیە دابمەزرێنم. 
بڕوا بەرزنجی: ڕەشبین نین لە نەبوونی چارەسەر و خۆدەربازکردن لە مەرگ؟
د.محەمەد کەمال: بوون بە نەبوونەوەیە. کاتێک بوونی ناتەواوی خۆم دەناسم  و دەزانم دەبێت بمرم، ژیان لەبەرچاوم جوانتر دەبێت و بایەخی زۆرتری پێدەدەم. وەکو گووتم، بە نیگەرانییەوە ڕوو لە ئەگەرەکانی بوونم دەکەم و دەیانکەم بە پڕۆژە. تاکو لە ژیاندا خاوەنی پڕۆژە بم ڕەشبین نابم. 
بڕوا بەرزنجی: ئێوە لەو تەمەنەی بەڕێتان کردووە، وەک نووسەرێک و بیرکەرەوەیەکی چالاک، هەست بە پیرێتی دەکەن، ئایا ترستان لە مەرگ هەیە یان لە پیرێتی؟
د.محەمەد کەمال: من ترسم لە مردن نییە. هەست بە پیرێتیش ناکەم، چونکە لەنێو جیهانی بیرکردنەوەدا مرۆڤ گەورە دەبێت بەڵام پیر نابێت. 
بڕوا بەرزنجی: ئەگەر هەست بکەیت مردن نزیکە، ئەوەی هەست دەکەیت مردن ناهێڵێت بیکەیت و بیڵێیت چییە، چ شتێک بە تەواونەکراوی بەجێدەهێڵیت (کە مەبەستی تۆ بێت)؟
د.محەمەد کەمال: مردن هەموو ساتێک نزیکە و كاتی دیاریکراوی نییە. ئەوەی مردن ڕێگریی تەواوکردنی دەکات بوونی خۆمە و ئەوەی بە ناتەواوی جێیدەهێڵم ئەم بوونەیە. 
بڕوا بەرزنجی: زۆرجار مرۆڤەکان لە ژیان هەڵدێن و دەچنە باوەشی مەرگەوە، لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانیدا زۆر شاعیر و ئەدیب هەن، کە بەهۆی ونبوونیان لەنێو کتێبەکاندا و ناشیرینیی واقیعی ژیان خۆیان دەکوژن، یان عاشقێک بەهۆی لەدەستدانی مەعشوقەکەیەوە مەرگ هەڵدەبژێرێت، یان (تیرۆریستێک) کە پێی وایە ژیان ناشیرین بووە کۆتایی بە ژیانی خۆی و کۆمەڵێک ئینسانی دیکە دێنێت، ئەم جۆرە هەڵبژاردنەی مەرگ چییە، بەڕاست شەڕی هەرسێ گرووپەکە لەپێناو جوانکردنەوەی ژیاندایە، ئایا دەکرێت لە ڕێگەی مەرگەوە شەڕی ژیان و جوانی بکرێت؟
د.محەمەد کەمال: مرۆڤ دەتوانێت پێشوەخت مردن هەڵبژێرێت بەڵام ناتوانێت نەمرێت. تۆ لە پرسیارەکەتدا چەند هۆکارێکی خۆکوشتنت دەرخستووە. هەڵبەتە ئەم هۆکارانە جیاوازن و پەیوەندییان بە تێڕوانینی تاکەکەسەکان بۆ ژیان هەیە. بەڵام، ئەوانەی لەسەر دزێویی ژیان خۆیان دەکوژن باوەڕیان بە جوانیی ژیانە و ناتوانن بیدۆزنەوە. مادام مردن کۆتایی بە هەموو ئەگەرەکانی بوونم دەهێنێت بۆیە ژیان لە مردن جوانترە. تاکو مرۆڤ لە ژیاندا بێت دەتوانێت هەوڵ بۆ دەستکەوتنی ئەگەرەکانی بدات، بەڵام کاتێک دەمرێت هیچ ئەگەرێکی نامێنێت. مردن کۆتایی بە ژیان دەهێنێت بۆیە بە مردن شەڕی ژیان و جوانی ناکرێت، مردن قەرەبووی ژیان ناکاتەوە. 
بڕوا بەرزنجی: باوەڕتان بە نووسینی وەسیەت هەیە، ئەگەر بڕوات بە وەسێتکردن هەیە دەکرێت وەسێتی خۆتم بۆ باس بکەیت؟
د.محەمەد کەمال: من وەسیەتم نییە و بیرم لە وەسیەتکردنیش نەکردووەتەوە.
بڕوا بەرزنجی: بە وەڵامەکانتدا فەلسەفەکارێکی ژیاندۆست و گەشبین دەبینم، بەڵام بۆ منی خوێنەری کورد تۆ یەکێکیت لە ناوە هەرە دیارەکانی ناو ڕۆشنبیریی کوردی، کە وەک بیرکەرەوەیەکی وجودی و وەک دەوترێت دەستەی دامەزرێنەرانی فکری وجودیت لە کوردستان، وجودییەتیش وەک فەلسەفەی یاخیبوون و ڕەشبینیوون مانا دەبەخشێت لە دونیای ئێمەدا، دەمەوێت بپرسم تۆ وجودی بوویت؟ ئایا وجودییەت یەکسانە بە ڕەشبینبوون؟ یان دەکرێت وجودییەکی گەشبین و ژیاندۆست بین؟
د.محەمەد کەمال: من تا ئێستا وەکو «وجودی» یان بوونخوازێک بیردەکەمەوە. بوونخوازی جۆرێکە لە فەلسەفە و فەلسەفە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانەیە، هەڵوەشاندنەوە و دامەزراندنە.
فەلسەفەی بوونخوازی مێتافیزیک هەڵدەوەشێنێتەوە و بوونی هۆکاری بەرز و ئافەریدکەر بۆ بوون ڕەت دەکاتەوە. ئەم هەڵوەشاندنەوەیە، بە دیدی ئەوانەی ڕەخنە لە بوونخوازی دەگرن، مرۆڤ تووشی بێهوودەیی و ڕەشبینی دەکات. ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی بیرکردنەوەی مێتافیزیکییانە بەو واتایە بێت، کە ژیان «هیچ» و لە غایەبەدەرە، ئەوا بە دڵنیاییەوە، بوونخوازی دەبێت بە بێهوودەیی. بەڵام ئەم بێهوودەییە ڕەشبینی نییە، چونکە بوونخوازی پاش هەڵوەشاندنەوەی مێتافیزیک و ڕەتدانەوەی غایەی مێتافیزیک بۆ بوون، ئەرکی دامەزراندنی واتا و بەها بۆ ژیان دەگرێتەخۆی و پێناسی بوونی مرۆڤ وەکو هەبوویەکی سەربەست و داهێنەر دەکات. مرۆڤی بوونخواز سەربەست و داهێنەرە و خۆی بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی دەدات و ڕوو لە داهاتوو دەکات. ئەم تێگەیشتنە لە بوون ڕێگری سەرهەڵدانی ڕەشبینییە.
چۆن مرۆڤ ڕەشبین دەبێت کاتێک داهێنەرانە ڕوو لە داهاتووی دەکات؟ ڕەشبینی لەوێدا ڕوو دەدات، کە مرۆڤ سەربەستی و توانای داهێنانی دەدۆڕێنێت و هێزێکی بێگانەی دەرەکی «مێتافیزیکییانە یان فینۆمینۆلۆجییانە» بوونی داگیر دەکات و چارەنووسی دیاری دەکات. دروستە مرۆڤی بوونخواز باوەڕی بە غایەی میتافیزیکی نییە، بەڵام خۆی «غایە» بۆ بوون دادەنێت و واتای پێدەبەخشێت.

 

ئەوانەی لەسەر دزێویی ژیان خۆیان دەکوژن باوەڕیان بە جوانیی ژیانە و ناتوانن بیدۆزنەوە

بڕوا بەرزنجی: هەر لە وەڵامەکانی پێشترتەوە، تۆ بڕوات بە خۆدەستەوەدان نییە لە بەرامبەر ناشیرینییەکانی ژیان، پێتوایە مردن قەرەبووی ژیان ناکاتەوە. ئایا بۆ تۆی نووسەر وەک بوونێکی بەرهەمهێنەری مەعریفە و جوانی، بڕوابوونتە بە نەمری وادەکات ئەو هێزەت هەبێت بۆ ژیاندۆستی و پیرنەبوون و بەردەوامبوون؟
د.محەمەد کەمال: مردن قەرەبووی ژیان ناکاتەوە، چونکە کۆتایی بە هەموو ئەگەرەکان دەهێنێت. «نەمری»ـش گرفتێکی سەرەکیی بوونی مرۆڤە. مرۆڤ چەند ڕێگەیەکی بۆ نەمربوونی گرتووەتەبەر و هەوڵ دەدات بە نەمری بمێنێتەوە. بۆ نموونە لە ڕێگەی نووسین و هونەرەوە دەیەوێت بەردەوامی بە بوونی بدات. هەروەها تۆ سەبارەت بە «پیربوون» دەپرسیت، بۆ من تاکو ئەم تەمەنەم لەناوەوە هەستم بە پیری نەکردووە، چونکە بیردەکەمەوە. لەنێو بیرکردنەوەدا مرۆڤ گەورە دەبێت بەڵام پیر نابێت. لە لایەکی دیکەوە، تاکو مرۆڤ خاوەنی پڕۆژە بێت بیرۆکەی پیربوون و پەککەوتن داگیری ناکات. بێگومان هەوڵدانیش بۆ نەمری جەختکردنە لە ژیاندۆستی.

د.محەمەد کەمال: مرۆڤی بوونخواز سەربەست و داهێنەرە و خۆی بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی دەدات و ڕوو لە داهاتوو دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان