رزگار شوانی
ئێوارەی رۆژی چوار شەممەی رابردوو 16/10/2024، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە مەراسیمێكدا یاریگای تایبەتی بالەی كەنار دەریای شاری كەركوكی كردەوە.
یانەی خاك لە كۆمەڵگای وەرزشیی تایبەت بەخۆی ئەم یاریگایەی كردەوە و مەراسیمەكەی رێكخست، هەریەكە لە حەربی خالید سەرۆكی نوێنەرایەتی كەركوكی لیژنەی ئۆڵۆمپی و جێگری سەرۆك و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبری یانەی خاك و ناسیح شوانی ئەندامی كۆمیتەی تەنفیزی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و میوانێكی زۆر ئامادەی بوون.
سەرەتا جێگری سەرۆكی یانەی خاك وتارێكی پێشكەش كردو دواتریش پارێزگاری كەركوك وتاری خۆی پێشكەش كرد و تیایدا باسی ئەوەی كرد ئێستا ئەوان لە ئیدارەی شاری كەركوك هەوڵی رێكخستنەوەی دامەزراوە ئیدارییەكانی شارەكە دەدەن و لەو چوار چێوەیەشدا وەرزش فەرامۆش ناكەن.
پاشان سەرۆكی یانەی خاك قەڵغانی رێزلێنانی یانەی خاكی پێشكەش بە پارێزگاری كەركوك كردو دواتریش یارییەكی بالەی كەنار دەریا لە نێوان یاریزانانی هەڵبژاردەی شاری كەركوكدا كراو بەوەش مەراسیمەكە كۆتاییهات.