لە کوردستانی نوێ-وە بۆ بەرچاوی لێپرسراوان

کێشە و داواکاریی هاووڵاتیان

09:53 - 2024-10-24
کوردستان
432 جار خوێندراوەتەوە
گەڕەكی رزگاری لە ناحیەی عەربەت

ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.

 

داواکاری گەڕەكی برایەتی لە خورماتوو

گەڕەكی برایەتی لە خورماتوو نزیكەی 100 ماڵی تێدایە، عومەر ئاوارە دانیشتووی خورماتوو دەڵێت: گەڕەکەکە ئاوەڕۆی نییە ئەوەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، چەندینجار داوای چاککردنمان لە لایەنی بەرپرس کردووە گوێمان لێ نەگیراوە.
وتیشی: لە وەرزی زستاندا گەڕەکەکەمان مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە و داوای چاککردنی دەکەین پێش دەستپێکردنی باران بارین.

 

داواکاری دانیشتوانی گەڕەكی رزگاری لە عەربەت

گەڕەكی رزگاری لە ناحیەی عەربەت زیاتر لە 1500 ماڵی تێدا نیشتەجێیە و وەك پێویست خزمەتگوزاری بۆ نەكراوە.
بەختیار عەلادین موختاری گەڕەكی رزگاری دەڵێت: شەقامی سەرەكی گەڕەکەکە دەكەوێتە پشت ناحیەی عەربەت، بەهۆی ئەوەی رۆژانە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتوچۆی پێدا دەکەن، هەمووی بووە بە چاڵ و پێویستی بە چاککردن و دووبارە قیرتاوکردنەوەیە.
وتیشی: ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکە کەمە و سێ رۆژ جارێک بەردەدرێتەوە کە بەشی پێویستی ناکات، هەروەها پێویستمان بە دروستکردنی قوتابخانەیەکی دیکەیە لەبەرئەوەی ژمارەی خوێندکاران زۆرن و ئەو قوتابخانەیەی ئێستا لۆدێکی زۆری لەسەرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕەکەکەمان سەوزایی زۆر کەمە لەگەڵ ئەوەی زەوییەکی زۆر دانراوە بۆ باخچە، بەڵام نەکراوە و پشتگوێ خراوە، هەروەها بۆنی ناخۆشی كارگەکانی تانجەرۆ ژینگەی گەڕەکەکەی پیس کردووە و بێزاری کردوین.

 

عەواڵ خزمەتگوزاری دەوێت

گەڕەكی عەواڵ لەناو پارێزگای سلێمانی، 1450 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانەكەی هەشت هەزار كەسن.
ئەنوەر عەبدولواحید موختاری گەڕەك دەڵێت: داوا دەكەین رێگەی سەرەكی عەواڵمان بۆ قیرتاو بكەن کە درێژییەکەی تەنها نۆ کیلۆمەترە، هەروەها قوتابخانەی گەڕەکەکەمان پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە.
وتیشی: ئەو گەڕەکە نوێیەی لە خواروی عەواڵ دروست بووە و زیاتر لە 100 ماڵی تێدایە، هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە و پێویستی بە بردنی خزمەتگوزارییە بۆی.

 

کەمی خزمەتگوزاری لە دوو گەڕەکی چەمچەماڵ

گەڕەكەکانی رزگاری 404 و بەشێك لە گەڕەكی ئاشتی 402 لە قەزای چەمچەماڵ ئەگەرچی زیاتر لە 1000 ماڵن، بەڵام كێشەی كەمی خزمەتگوزارییان هەیە.
سالار شەوكەت موختاری ئەو دوو گەڕەكەی چەمچەماڵ دەڵێت: هەردوو گەڕەكەکە زیاتر لە 30 ساڵە هەن، قیرتاوی کۆڵانەکانی لەبەر کۆنی هەمووی چاڵ و چۆڵییە و پێویستی بە چاککردنە.
وتیشی: ئاوی خواردنەوە زۆر کەمە و گەڕەک هەیە 14 رۆژ جارێک ئاوی خواردنەوەی بۆ بەردەدرێتەوە، زۆربەی قوتابخانەكانی قەزای چەمچەماڵ ساڵی هەشتاكان دروستكراون سەرجەمیان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە و باخچەی ساوایانمان زۆر كەمە لە قەزاكەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەرزشكاران داوای خزمەتکردن دەکەن، دیاردەی راگرتنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەبەردەم ماڵان هاووڵاتیانی بێزارکردووە و داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین بەبڕیارێک بنەبڕی بکەن.

 

بانێك و دوو هەوا

تادێت ژمارەی دانیشتووان روو لە زیادبوونە و ئەوەش کاریگەریی هەیە لەسەر زۆر بەکارهێنانی پێویستییەکانی رۆژانە لە خواردن و جلوبەرگ تا دەگاتە سەرجەم پێداویستییەکان.
نانەواخانەكان بە نموونە دەهێنینەوە، كوچە و كۆڵان ناوبازاڕ و تەواوی شوێنەكانی ئەم شارە نانەواخانەی تێدایە و رۆژ هەتا ئێوارە جمەیان دێت و نان دەفرۆشن، لەلای هەندێکیان شەش نان بە هەزار دینارە و هەندێکی دیکەشیان هەشت نان بە هەمان نرخ دەفرۆشن.
ئەم جیاوازییە جگە لە پاشاگەردانی هیچیتر نییە، هەروەها بەباشی لەلایەن تیمەكانی چاودێری بازرگانییەوە چاودێری ناكرێن و وەک پێویست پابەندی پاکوخاوێنی نین.
ئەرکی لایەنی بەرپرسە تیمەكانی چاودێریكردنی نانەواخانەكان زیاتر بكات، بە مەبەستی ناچارکردنیان بۆ پابەندبوون بە یاساو رێساكانەوە.

داواکارییەکانی گوندنشینانی قزلەر 

گوندی قزلەر، زیاتر لە 100 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 650 كەسن. كەمال ئەحمەد موختاری گوندی قزلەر دەڵێت: رێگەباونی ناو گوندەکە پێویستی بە قیرتاوکردنە، کارەبای نیشتمانیمان ڤۆڵتیەی کەمە و بەهۆیەوە چەندینجار ئامێرە کارەباییەکانی گوندنشینان سووتاون.
وتیشی، قوتابخانەی گوندەكەمان لە ساڵی 1994 دروستكراوە و دوو دەوامی بنەڕەتی و ناوەندی تێدا دەكرێت و پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە، جگە لەوە پێویستمان بە دامەزراندنی مامۆستای وانەی وەرزشە، هەروەها چوار تیپی وەرزشیمان هەیە و پێویستمان بە ساحەیەکی تارتانە.
موختاری گوند وتی: بنكەیەكی تەندروستی بچووكمان هەیە و گوندنشینان وەک پێویست سوودی لێ نابینن، لەبەرئەوەی یەک پزیشکی هەیە و دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا دەوام دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان