ل: ئابووری
عیراق ناتوانێ ببێتە ئەندامی كۆمەڵەی برێكس
نەوار ئەلسەعدی پسپۆڕی بواری ئابووری رایگەیاند: سێ هۆكاری سەرەكی هەن، كە رێگرن لەبەردەم بوونەئەندامی عیراق لە كۆمەڵەی برێكسدا و هۆكارەكانیش پەیوەستن بە مەرجەكانی وەرگرتنەوە.
مەرجی یەكەم، دەبێ ئابوورییەكی بەهێزی هەبێت و عیراقیش ئابوورییەكی قازانجخوازی هەیە. مەرجی دووەم، دەبێ عیراق سەروەریی رەهای هەبێت لە بواری ئابووریدا، كە نییەتی، مەرجی سێیەمیش، دەبێ عیراق پەیوەندیی ئابووریی بەهێزی لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ئەندامی برێكس هەبێت و نییەتی.
بەغداد ئەلیەوم
روسیا دەبێتە چوارەم وڵاتی گەورەی ئابووریی جیهان
سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی لە تازەترین راپۆرتیدا ئاشكرایكرد، روسیا لە بواری ئابووریدا پێش ژاپۆن كەوت و بووە چوارەم ئابووریی گەورەی جیهان، لە هەڵسەنگاندنەكەشدا هێزی كڕین كراوەتە پێوەر.
بە پێی راپۆرتەكە لە ساڵی 2024دا هێزی كڕینی روسیا %3.55 بووە، ئەو رێژەیەش بەرزترە هێزی كڕینی ژاپۆن كە لە هەمان ساڵدا %3.38 بووە، بەو شێوەیە روسیا لە دوای ئەمریكا و چین و هیندستان بووە چوارەم هێزی ئابووری.
RT، بەغداد مەیل
ماكدۆناڵدز زیانێكی گەورەی پێدەگات
بەهۆی خواردنی هەمبەرگری ماكدۆناڵدزەوە لە چەند ویلایەتێكی ئەمریكا هاووڵاتییەك گیانی لە دەستدا و ژمارەیەكیش لە بەكاربەران نەخۆشكەوتن.
ئاژانسی تەندروستی ئەمریكا لەو بارەیەوە رایگەیاند: نەخۆشكەوتن بەو جۆرە خواردنە بە زۆریی هەردوو ویلایەتی كۆلۆرادۆ و نبراسكای گرتۆتەوە و تیایاندا 49 كەس تووشبوون، ئەو كەسەش كە گیانی لە دەستداوە كەسێكی بەساڵاچوو بووە. هاوكات بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەوە زیانی زۆر بەر ماكدۆناڵدز كەوت و نرخی پشكەكانی بە رێژەی %6 دابەزی.
CNN