حیکایەتی فۆتۆ

ستۆدیۆ قادر

11:50 - 2024-10-24
کەلتور
267 جار خوێندراوەتەوە

قادر محەمەد کەریم لە 1/7/1950 لەشاری سلێمانی لە گەڕەکی مەڵکەندی هاتۆتە دنیاوە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پیرەمێرد خوێندووە، خوێندکارێکی زیرەك و وریا بووە.
هەر لە منداڵییەوە باوکی لە دەست داوە، لای باپیری پەروەردە کراوە، بە ناچاری وازی لە خوێندن هێناوە، لای باپیری کاری دارتاشی کردووە لە ئەسحابە سپی.
بە بنەماڵە نەقاش بوون، باپیری یەکێك بووە لە نەقاشەکانی سلێمانی، بەڵام کاك قادر لەسەر ئەم پیشەیە نەماوەتەوە، ساڵی 1962 لە تەمەنی 12 ساڵی چۆتە لای رەفیقی وێنەگر بووە بە شاگرد و فێری هونەری وێنەگرتن و کاری رتوشکردن و شتنەوەی فیلم بووە، کاتێك چۆتە ستۆدیۆ رەفیق، ژمارەی جامەکانی ئەو ستۆدیۆیە لە 7000 بۆ   18000 بووە و لەوێ کاری کردووە.
ساڵی 1972 لە شەقامی پیرەمێرد خوار حەریقەکە ستۆدیۆی خۆی بە ناوی ستۆدیۆ قادر داناوە.
ساڵی 1974 بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی کردووە، لەوکاتەشدا کاری وێنەگرتنی کردووە و مۆڵەتی وێنەگرتنی وەرگرتووە، لەناو پێشمەرگەدا جێگایەکی تایبەت بە وێنەگرتنی کردۆتەوە و وێنەی پێشمەرگەکان و کارەکانی تایبەت بە شۆڕشی گرتووە. هەرچەند ئەو کاتە لەوێ کارەبا نەبووە، بەڵام ئەم بە شارەزایی خۆی کڵاورۆژنە و روناکی پێویستی دروست کردووە، بەردەوام بووە لە وێنەگرتن تا کاتی لێبوردنی گشتی، لەو کاتەدا گەڕاوەتەوە سلێمانی و چۆتەوە سەر کارەکەی،
بە بڕیاری لیژنەیەکی رۆشنبیری لە پێشانگایەکی وێنەکانی دا پلەی دووەهەمی بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی سلێمانی.
لە ماوەی کارکردنیدا وێنەی بەشێك لە شانۆگەرییەکان و نمایشە وەرزشییەکانی خوێندنگاکان و کاروچالاکی نەخۆشخانەکانی گرتووە، وینەی زۆربەی کەسایەتییەکان و نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و پزیشك و کارمەندی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی گرتووە و لای خۆی ئەرشیفی کردووە.
لە سەردەمی بەعس بە زۆرەملێ بردویانە بۆ گرتووخانەی سەرەوە، شوێنی پارکی دایکی ئێستا تا وێنەی ئەو بەندکراوانە بگرێت کە دەیانبردن بۆ دادگا.
ساڵی هەشتاکان وێنەگرەکانی سلێمانی مانیان گرتووە دژی رژێمی بەعس، لەو کاتەدا پیاوەکانی رژیم دەرابەی دوکانەکەیان شکاندووە، ویستویانە مانگرتنەکەیان بشکێنن و بچنەوە سەر دوکانەکانیان.
ساڵی 1982 جیهازێکی فۆتۆمی لە (ئەجهیزەی دەقیقە)ی بەغدا کڕێوە بە دە هەزاری سویسری، یەکەم کەس بووە ئەو جیهازەی هێناوەتە سلێمانی، دوای ئەو ستۆدیۆ حەبیب، ئینجا ستۆدیۆ سلێمانی ئەو جیهازەیان هێناوە، ئێستا ئەو جیهازە ماوە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەرمانەکانی کاری پێ ناکریت.
لە بەهاری 1991 وێنەی راپەرین و کۆڕەوی خەڵکی کوردستانی گرتووە.
کاك قادر ماوەی 62 ساڵ لە ڕێی کامێراکەیەوە خزمەتێکی زۆری بەم شارە کردووە و جێدەستی دیارە، ئێستا لە ژیاندا ماوە و خۆشبەختانە تەندروستی زۆرباشە، بەردەوامە لە کارەکەی، لەهەمان ستۆدیۆ و هەمان شوێن، خاوەنی سێ کچ و سێ کوڕە، کوڕەکانیشی فێری ئەم هونەرە کردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان