بە درەختبوون

چەند یادداشتێک دەربارەی رۆمانی «رووەکیی» هان کانگ

12:53 - 2024-10-24
ئەدەب و هونەر
116 جار خوێندراوەتەوە

بەختیار حەمەسوور

2 2-

پێنج/ لە تیۆرەکانی کۆمەڵناسیدا جۆرێک توندوتیژیی هەیە بە ناوی «توندوتیژیی بێدەنگی». ئەم شێوەیە دەتوانرێت لە دۆخی زینداندا درک پێ بکرێت، ئەو کاتەی هەموو ئەگەر و گومانەکان لەسەر داننان بە ناوێک، رستەیەکدا وەستاون. یۆنگ هێ ژنێکە بێدەنگ، ناڕازیی و خامۆش، تەنانەت ئەو کاتەیش لەبەر هەڕەشە و زەبری نامرۆڤانەی باوکدایە بۆ خواردنی گۆشت، هێندە بەدەنگێکی نزم و لەرزۆک دەڵێت: «ناخۆم» بە ئاسانیی دەتوانرێت فەرامۆش بکرێت و بخلیسکێتە چاڵی لە بیرچوونەوەوە. ئەو لە دۆخی متبوون و بێدەنگیدایە، بە دوو چاوی بەتاڵ و رووخسارێکی ساردەوە لەپێش ئێمە راوەستاوە، عەشق و ترس و ئایدیاکەی لە ناخدا هەڵگرتووە، بۆئەوەی دەنگی  ببیستین دەبێت مەشق لەسەر سرتەی پێی مێروولە بکەین. بەڵام چی لەو هەموو توندوتیژی و گرژی و لێکگیران و تێکگیرانە بکەین؟ لەو دەنگ و جەنگ و رەنگە شەیتانییانەی کە ئینج بە ئینجی رۆمانەکەیان ئابڵووقەداوە؟ لەو ئاژەڵە حەشەرییانەی لە کەوڵی مرۆڤدا پەلامار دەدەن و قەپ دەگرن؟
شەش/ سێکس بەشێکی زۆر لە رووبەری رۆمانەکە داگیر دەکات و بە تەنیشت مەرگ و عەشقەوە سێینەیەکن، بە دەرکێشانیان لە ئەدەب و هونەر بەشی زۆرینەی کردەی داهێنەرانە یەکسان بە سفر دەکەنەوە. ئەو هەڵپە و هەرایەی لەم رۆمانەدا سەبارەت بە سێکس هەیە، لەوپەڕی توندوتیژیدایە، بە جۆرێک دەتوانین زەبر و زیانەکەی لەسەر جەستە ببینینەوە. یۆنگ هێ نوێنەرایەتیی ئەو ژنە دەکات  بە جەستە و رۆح بریندارە. لە بەشی دووەمی رۆمانەکەدا ئەم باسە دەگاتە جێیەکی بێزەوەر، کاتێک یۆنگ هێ لەگەڵ مێردی خوشکیدا دەست تێکەڵ دەکات، لە راستیدا ئەمە سێکس نییە بەڵکو هەریەک لەم دووانە بە شوێن شتێکی ترەوەن لەیەکدا. نووسینەوەی شیکردنەوەکەی (ئالێن بەدیوو) بۆ ئەو تێزەی ژاک لاکان  کە دەڵێت: پەیوەندیی سێکسی بوونی نییە لە کتێبی (لە ستایشی ئەڤین)دا، دەرفەتی تێگەیشتنی زیاتر دەڕەخسێنێت: «لاکان بیرمان دەخاتەوە لە سێکسواڵییتەدا هەر کەس تا رادەیەکی زۆر بە خۆیەوە خەریکە و ئاگای لای خۆیەتی، گەر بکرێت وەها باسی بکەم لەشی ئەوی دی نێوکۆیە، بەڵام لەدواییدا چێژی هەر کەسێک بۆ خۆی دەبێت. ئەمە لەباتی یەکگرتن، جیایی و دابڕان دەهێنێت با پێکەوەشبن، ئەمە تەنیا وێنەیەکە نواندنەوەیەکی خەیاڵییە». راستییەکە ئەوەیە چێژ بەرەو دوورترتان دەبات، دوورتر لە ئەوی دی. ریاڵ یان واقیعی نارسیسیک یان خۆپەرستانەیە بەند و پەیوەندییەکە خەیاڵییە، ئاکامەکە لای لاکان ئەوەیە پەیوەندیی سێکسی هەر بوونی نییە. ئەو فۆرمولەیە هەرای نایەوە چونکە لەو کاتەدا هەموو کەس باسی پەیوەندیی جنسیی دەکرد. ئەگەر سێکس پەیوەندیی جنسی تێدا نییە، ئەڤین ئەوەیە بۆشایی نەبوونی پەیوەندیی جنسی جوبران دەکاتەوە. لاکان بە هیچ شێوە ناڵێت ئەڤین پەیوەندییەکی جنسییە شێوەی گۆڕیوە، بەڵکو دەڵێت: «پەیوەندیی جنسی نییە، ئەڤین لە جێی ئەم نا-پەیوەندییە دێت» ئەمە سەرنجڕاکێشترە، ئەم ئایدیایە هانی دەدات بڵێت: «لە ئەڤیندا بکەر هەوڵدەدات لە بوونی ئەوی دی نزیک ببێتەوە و خۆی تێدەپەڕێنێت، دەچێتە ئەولای خۆپەرستی یان نارسیسمەوە، کەواتە لە سێکسدا لەرێگە و بە نێوکۆی ئەوی دیدا دەرئەنجام لەگەڵ خۆی لە پەیوەندیدایە، لێرەدا ئەویدی لە خزمەتی ئەوەدایە ئەو چێژی راستەقینەی خۆی بدۆزیتەوە. بە پێچەوانەشەوە لە ئەڤیندا ناوکۆیەتیی ئەوی دی لە خزمەتی خۆیدایە و لە خۆیدا گرنگە،  بەریەککەوتنی ئاشقانە لێرەدایە کە بە نیازی گرتنی ئەوی دیت بۆ ئەوەی ئەو لەگەڵتدا بێت، بوونێک بەوجۆرەی کە خۆی هەیە»، رۆمانی «رووەکی»ی لە غیابی ئەڤیندا دەگوزەرێ.

حەوت/ مامەڵەکردن و بینینی جەستە وەک کێڵگە و درەخت، لە خاڵە زەقەکانی رۆمانەکەن. «رووەکی»ی لە سێ گۆشەنیگاوە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە: مێردی یۆنگ هێ، مێردی خوشکەکەی، و خوشکی یۆنگ هێ. هەرچەند رۆمانەکە کەمترین دەرفەت بە فلاشباک دەدات بەڵام لە رێی ئەو سێ گۆشەیە لە گێڕانەوە هەریەک بە نۆرەی خۆی، بەشێوەیەکی تەنک و لێڵ بەشێک لە کێیەتی ئەو و ئارەزووی بۆ بوون‌ بە درەخت‌ ئاشکرا دەکەن. مێردەکەی بە گێڕانەوەی گەشتێکی سەرەتایی بەجەستەیەی یۆنگ هێدا دەمانبات: «هەر لە سەرەتاکانەوە حەزی بە ستیانبەستن نەبووە و بە تەنگ‌ بە مەمک‌ هەڵچنینی زانیوە. پاشان خۆ رووتکردنەوەی لەناو ماڵدا و پاشتریش لە دەرەوە». مێردی خوشکەکەی بە وێنەکێشانی درەخت و گەڵا و سەوزایی لەسەر جەستەی یۆنگ هێ، گێڕانەوەی تاسە و ترسی جووتبوون لەگەڵ درەختێکدا پێشان دەدات. خوشکەکەشی باس لەو گۆڕانە سەیر و نامۆیە لە جەستە و رۆحی یۆنگ هێدا دەکات، دەنگی جەنگەڵ و باران، لە سەرەتاوە گۆشت نەخواردن پاشان هیچ نەخواردن و عادەنەبوون و کشانەوە لە سێکس تادەگاتە ئەوەی رستە ترسناک و مەحاڵەکان بڵێت: «پێویستم بە خواردن نییە، پێویستە ئاوی جەستەم بدەم» و جەستەم بخەمەبەر خۆر بۆ رۆشنەپێکهاتن» ئەمە ئایدۆلۆژیایە، تەقسێکە پیرۆز، بە جێهێنانی عیبادەتە، با کتێبێکی ئاسمانیش نەبێت و پەیڕەو و پڕۆگرامێک کە داکۆکیکردن و خۆفکردنە بۆ ئایدیایەک، هەڵبەت لە کەشیکی خەمۆک و خامۆشدا. یۆنگ هێ سەرکێشیی بە ژیانی خۆیەوە دەکات، وەک هەمیشە دەوروبەر تێیناگەن، دکتۆرەکان چین و لە چی دەگەن؟ جگە لەوەی هەموو کزی و لێڵییەکانی نیگا و جەستە تەرجەمەی داوودەرمان، دەرزی، ئارامکەرەوە و کانیۆلا دەکەن. قسەکانی بۆ ئەوان  جگە لە وڕێنەی نێوان خەو و وشیاریی شتێکی تر نییە کە دەڵێت:«من لەسەر دەستەکانم راوەستاوم و قاچەکانم بە حەواوەن، گەڵاکان لەسەر جەستەم دەڕوێن، رەگەکان لە دەستەکانمەوە گوڵ دەگرن.. بە ناخی زەویدا رۆدەچن، تا عەرد هەبێ، تا عەرد هەبێ.. ئەرێ، لاقەکانم بڵاودەکەمەوە، چونکە ویستم گوڵ لە ناوما خونچە بکات ل208»
هەشت/ سەبارەت بە زمانی وەرگێڕانە کوردییەکە، ئەگەر لە هەندێک شوێن و بڕگە خۆمان ببوێرین، بۆ نموونە ئەو شوێنانەی تێیاندا دیمەکان توند و خێرا، پارانۆید و ترۆمان، ریتم تیایاندا بەرز و شێتانەن، شایەد زمانی وەرگێڕانەکە بەو هێز و توانایە دەر نەکەوتبێت، دەنا بە گشتی وەرگێڕانێکە تۆکمە و سەرکەوتوو، بەتایبەت لە خیانەتکردن بەو ئایدیا زاڵەی پێی وایە زمان دەبێت پەتی و سفتولووس و بژارکراو بێت، ئایدیایەک کە پارێزەرانی زمان بە ناوەڕۆک و قەوارەیەکی زڕ و بەتاڵ، بەردەوام وەک تەور و چەک بەکاری دەهێنن. یەکێکی تر لەو خاڵانەی ئەرێنی و بەرچاوە، وەرگێڕ لە راوێژ و تۆنی وتووێژەکاندا پەنای بردووەتەبەر زمانی خەڵکی ئاسایی نێو کۆڵان و بازاڕ، زمانێکی میللیی، ئەمەیش کارێکی کردووە خوێنەر ئاسانتر پەیوەندیی لەگەڵ رۆمانەکەدا  بگرێت.
نۆ/ ئەم یادداشتە بەم گوتەیەی میلان کۆندێرا دادەخەم: «عەقڵی رۆمان عەقڵی بەردەوامییە. هەموو کارێکی هونەریی وەڵامی کارێکی هونەریی پێشووترە، هەموو کارێکی هونەریی سەرجەم ئەزموونی پێشووتری لەخۆگرتووە».
رۆمانی «رووەکی» وەڵام و درێژەپێدەری کۆنترین حیکایەتە، حیکایەتی ئادەم و حەوا، ئەو کاتەی هێشتا لە بەهەشتدا بوون.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان