سەرۆکى لیژنەى دابەشکردنى زەوى لە سلێمانى رایگەیاند : هەزار و ٧٥٠ پارچە زەوییان بەسەر فەرمانبەرانى سەرۆکایەتیى شارەوانیى سلێمانیدا دابەشکردوە و ئێستا فەرمانبەرانى ژمارەیەک فەرمانگەى سلێمانى راسپێردراون کە دەست بەمامەڵەى وەرگرتنى زەوى بکەن.
تەلار نەجات، سەرۆکى لیژنەى دابەشکردنى زەوى لە سلێمانى راگەیاند، وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار وەک قۆناغى یەکەم رەزامەندىی نیشانداوە بۆ دابەشکردنى زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ پارچە زەوى بەسەر فەرمانبەرانى سلێمانى، لەو ژمارەیە هەزار و ٧٥٠ پارچە زەوییان دراوەتە فەرمانبەرانى سەرۆکایەتیى شارەوانیی سلێمانى.
وتیشى، لە سەرۆکایەتى شارەوانی سلێمانى هەر فەرمانبەرێک فۆرمى پرکردبێتەوە، مەرجەکانى تێدابوبێت زەوى پێدراوە، زەویەکانیش بەشێوەى تیروپشک لە ناوچەى سۆتکە و نزیک هەردوو شارى رۆشنبیران و لاوان دابەشکراوە.
تەلار نەجات سەبارەت بە پێدانى زەوى بە فەرمانبەرانى فەرمانگەکانى تر وتى، چوار هەزار و ٨٢٧ فەرمانبەر رەزامەندییان هەیە، داوا لە فەرمانگەکانیان کراوە فەرمانبەرەکانیان دەست بەمامەڵەى وەرگرتنى زەوى بکەن و دواى تەواوبوونى سەرجەم رێکارەکان ئەوانیش بەشێوەى تیروپشک زەویەکانیان پێدەدرێت.
سەرۆکى لیژنەى دابەشکردنى زەوى لە سلێمانى باسی لەوەشکرد، زەوى دابەشکردن بەردەوام دەبێت و ئەوانەى کە رەزامەندییان لەسەر دراوە، ئەوانەن کە زووتر فۆڕمەکانیان چوەتە وەزارەت و وردبینییان بۆکراوە.
لە کۆتایی مانگى ئادارى ئەمساڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا زەوى بەسەر فەرمانبەران دابەشبکات و بەگوێرەى رێنماییەکانى وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار هەر فەرمانبەرێک هەشت ساڵ خزمەتى هەبێت و پیشتر زەوى وەرنەگرتبێت، زەوى پێدەدرێت، ئەو هاوسەرانەش کە هەردووکیان فەرمانبەرى میرین، زەوى تەنها بەوەیان دەدرێت کە خزمەتى زیاترە، هەروەک ئەو خانەنشینانەى لەکاتى خزمەتیان زەویان پێنەدراوە، فۆڕمیان پرکردوەتەوە و زەوییان پێدەدرێت.