بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دەستەی پەخشی ئیسرائیل-یش وردەکاریی هێرشەکان و میدیاکانی ئێران-یش وەڵامی وڵاتەکە ئاشکرا دەکەن.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران راگەیاند و دەڵێت، هێرشەکان سێ قۆناغ بوون و زیاتر لە چوار سەعاتی خایاندووە.
میدیای ئێران دەڵێت، سیستمی بەرگریی ئێران سەرکەوتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل. وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەش دەڵێت: ئیسرائیل هێرشی کردووەتەسەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی لە پارێزگاکانی تاران و خوزستان و ئیلام و زیانی هێرشەکانیش سنووردار بوون.
هێرشەکان لە دوای سەعات 2:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستیانپێکرد و لە سەعات 6:00 کۆتاییانهات، سەرەتا دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە تارانی پایتەخت بیسترا و دواتر سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکی هێرشەکانی راگەیاند.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل، دەڵێت: هێرشەکان بە سێ قۆناغ بوون، نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل بەشدارییان تێدا کردووە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران بیستراون.
میدیای ئێرانی هەرزوو رەتیکردەوە، تەقینەوە روویدابێت و لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەی ئاشکرایکرد، ئەو دەنگانەی لە دەوروبەری تاران بیستراون، بەهۆی چالاککردنی سیستمی بەرگریی ئێرانەوە بووە. وەکو رێکارێکی خۆپارێزییش، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئێران راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لە وڵاتەکەی راگەیاند.
لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانیشدا، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەمە هێرشی تۆڵەسەندنەوەیە، وەڵامی هێرشەکانی چەند هەفتەی رابردووی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل، دەشڵێن، تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئێرانیان بەئامانجگرتووە و هێرشیان نەکردۆتەسەر بنکە ئەتۆمی و دامەزراوە نەوتییەکان.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهوی سەرۆک وەزیران و یواڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگرییەوە چاودێریی هێرشەکانی وڵاتەکەیان بۆ سەر ئێران کردووە.
لە کاردانەوەی هێرشەکانیشدا کۆشکی سپی، دەڵێت، ئاگادارین ئیسرائیل چەند ئامانجێکی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداریی لەو هێرشانەدا نەکردووە و کامالا هاریسی جێگری سەرۆکی وڵاتەکەش لە رووداوەکان ئاگادارکراوەتەوە و چاودێریی دەکات.