خەلیل عەبدوڵڵا
عەلی ئەشرەف دەروێشان نووسەر و ئەدیبێكی گەورەی كوردستانە و خزمەتێكی زۆری بە كاروانی رۆشنبیریی كوردی كردووە.
لە 26ی ئابی 1941 لەشاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە خانەوادەیەكی هەژارو زەحمەتكێش لەدایك بووە.
لەشارەكانی كرماشان و تاران خوێندویەتی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لەبواری دەروونناسی. ماوەیەكی زۆر وەك مامۆستا خزمەتی بە خوێندكاران كرد.
عەلی دەروێشیان هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای خوێندنەوەو نووسین بوو.
بەهۆی ئەوەشی كە لە خێزانیكی هەژاردا پەروەردە بوو، ئازار و مەینەتی زۆری چەشتبوو، ئەوە بوو بووە هۆی ئەوەی كە نووسینەكانی ئاوێنەی خەم و ئازارە چینایەتی و كۆمەڵایەتییەكان بن، ئەوەش زیاتر لە چیرۆك و رۆمانەكانیدا رەنگیان داوەتەوە.
دەروێشیان نووسەر و ئەدیبێكی بەهەڵویست بوو، بەهۆی بیروبۆچوون و هەڵوێستەكانییەوە لەسەردەمی شاهنشاهیدا زیندانی كراوەو لە وەزیفە دەركراوە و نزیكەی شەش ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەر بردووە.
هەروەها كتێبەكانی قەدەغەكران و رێگەی نووسینی لێگیرا، هەر بۆیەش بەناوی خوازراوەوە نوسینەكانی بڵاو كردۆتەوە.
بێ لە چیرۆكو رۆمان، بایەخیشی بەبواری وەرگێڕان داوە و چەندین كتێبی بەنرخی وەرگیڕاوە.
لە كایەی ئەدەبی مناڵانیشدا شوێن پەنجەی دیارە و چەندین بەرهەمی ناوازەی پێشكەش بەمناڵان كردووە.
عەلی دەروێشیان خاوەنی زیاتر لە 30 كتێبە كە بەزمانی فارسی نووسیونی، بەڵام ناوەرۆكەكانیان رەنگدانەوەی كۆمەڵی كوردەوارین.
لە دیارترین كتێبەكانی ئەمانەن (ئەفسانەی گەلانی ئێران كە 19 بەرگە، ساڵیانی هەوری-رۆمان، یادەوەری سەفەرخان) و چەندانی تر.
بەهۆی خزمەت و بەخششەكانی لە بواری ئەدەب و رۆشنبیریدا چەند جارێك لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە خەڵات كراوە.
ئەم ئەدیبو نووسەرە گەورەیەی كوردستان لە رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی 2017 بۆ دواجار ماڵئاوایی كرد و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە. درودی رێز و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك و پیرۆزی دەروێشیانی ئەدیب و نووسەری بەهەڵویست.