سەرۆك بافڵ: پێداگریی دەكەین لەسەر پەیامی راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز

09:58 - 2024-10-27
کوردستان
358 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی 24ی10ی2024 ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبووەوە.
كۆبوونەوەی سەركردایەتی كە لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی سازكرا، بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و تەرخانكرا بۆ هەڵسەنگاندنی ئاكامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنی یەكێتی لە دووقاتكردنی دەنگەكانی و گەشانەوەی گیانی سەوزكردنی سیاسەت و دیموكراتی لە كوردستاندا.
سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆك بافڵ وێڕای پیرۆزبایی لە گەلەكەمان و دەستخۆشی لە هەڤاڵان، هۆكاری سەركەوتنی گەڕاندەوە بۆ یەكگوتاری و  یەكڕیزیی سەركردایەتی و هیمەتی هەڤاڵانە لە كەمپینە پڕ جۆش و خرۆشەكانیان كە رۆحی بەرزی یەكێتی بوونیان زیندووكردەوە، بەتایبەت لەناو كوڕان و كچانی لاودا، وتیشی: ئەم جۆش و خرۆشە هانمان دەدات پێداگریی بكەین لەسەر پەیامی راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز و پابەندبوون بەو بەڵێنانەی بە خەڵكە خۆشەویستەكەی خۆمانمان داوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، لەناویشیاندا پرسی (تەوتین)ی مووچە. ئاماژەی بەوەش دا: سەركەوتنمان هەر لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق نییە، بەڵكو ئێستا یەكێتیمان گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی سەرۆك مام جەلال لە قورسایی سیاسی و دیپلۆماسی لە دونیادا.
كۆبوونەوەی سەركردایەتی وێڕای جەختكردنەوە لە هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن، دەستخۆشی لە كەمپینی نوێباو و داهێنەرانەی یەكێتی بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی كردەوە، كە نەك هەر گەرم و گوڕی دا بە هەڵمەتە سەوزەكەمان، بەڵكو دیمەنێكی شارستانی و دیموكراتی جوانی بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستانیش بەخشی.
سەركردایەتی، پێزانینی بێپایانی خۆی بۆ جەماوەری كوردستان دەربڕی سەبارەت بەو متمانەی بە یەكێتییەكەی خۆیانیان دایەوە و جەختی لەسەر ستراتیژی گەڕانەوە بۆ  پرەنسیپەكانی سەرۆك مام جەلال كردەوە كە هەمیشە لە خزمەتی خەڵكی بەوەفای كوردستاندا درێغی نەكات، بۆ ئەو مەبەستەش ئۆرگانەكان و هەڤاڵان راسپێردران وزە و توانای خۆیان بخەنە خزمەت ئەو دیدگایەی كە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە كەمپینی هەڵبژاردندا ناوی لێنا (كوردایەتی نوێدەكەینەوە) لەسەر بنچینەیەكی سەردەمیانە كە خزمەتی راستەقینە بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان