لە میدیاکانی سوریاوە

10:03 - 2024-10-27
جیهان
30 جار خوێندراوەتەوە

رێوشوێن بۆ سیاسەتی میدیایی قۆناغی ئایندە دادەنرێت
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی (الثورة)ی زمانحاڵی حزبی بەعسی سوریا، زیاد غەسن-ی وەزیری راگەیاندنی سوریا رایگەیاندووە: لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیراندا تاوتوێی دیدگای وەزارەتەکەی کراوە بۆ دانانی خاڵە بنەڕەتییەکانی سیاسەتی میدیایی  قۆناغی ئایندە. هەروەها وتوویەتی: رەشنووسی ئەم سیاسەتە لە چەند کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان و  دامەزراوە میدیاییە حکومی و تایبەتییەکاندا دەخرێتە بەرباس و گفتوگۆ بۆ رێکەوتن لەسەر داڕشتەیەکی هاوبەش.
وەزیری راگەیاندن روونیشیکردووەتەوە کە هەیکەلی پڕۆسەکە دادەڕێژرێتەوە بەو شێوەیەی ئاسانکاریی بۆ رۆژنامەنووسان بکات بۆ دەستگەیشتنیان بە زانیاری و شێوازەکانی ئەکتیڤکردنی زیاتری نووسینگەی رۆژنامەنووسیی وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان.

زیلینسکی گرەو لەسەر پەلکێشکردنی ناتۆ دەکات
بەپێی راپۆرتێک کە لە رۆژنامەی (الوحدة)ی چاپی سوریادا کە سەبارەت بە قەیرانی روسیا – ئۆکرانیا بڵاوکراوەتەوە، رۆژنامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڤلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گرەو لەسەر پەلکێشکردنی پەیمانی ناتۆ دەکات بۆ ململانێی ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ هێزێکی ئەتۆمیی وەک روسیادا.
لەوبارەیەوە بۆریس گریسلۆڤ باڵیۆزی روسیا لە دیمەشق دەڵێت: «دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی روسیا، نەیارە جیۆسیاسییەکانمان هەوڵیانداوە روسیا و بێلاڕوسیا داببڕن لە تەکنۆلۆژیا پێشەنگەکان و بێبەشمان بکەن لە ئاسۆی گەشەسەندنی زیاتر و لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتریشدا یەکێک لە ئامانجی خۆرئاواییەکان شێواندنی سەقامگیریی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بوو لە وڵاتەکانماندا».
ئەو باڵیۆزە جەختیشی کردووەتەوە لەوەی خۆرئاوا هیوای لەسەر هەڵکشانی ئاڵۆزیی ناوخۆی روسیادا هەڵچنیووە، بەڵام بە وتەی ناوبراو ئەوە کاریگەریی لەسەر وڵاتەکەی نابێت.
لەو رووەشەوە 16ی ئەم مانگە زیلینسکی (پلانی سەرکەوتن) ی خستە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی، کە پێنج بڕگە و سێ وردەکاریی نهێنیی دیکە لەخۆ دەگرێت.

کیشوەرێکی نەخۆش،
کە ئالوودەی ئامێزی ئەمریکا بووە
رۆژنامەی (تشرین) ی چاپی سوریا بە زمانێکی توند هێرش دەکاتە سەر کیشوەری ئەوروپا و وای وەسف دەکات کە کیشوەرێکی نەخۆشە و ئالوودەی ئامێزی ئەمریکا بووە. 
لەو رووەشەوە رۆژنامەکە دەڵێت: «لای هیچ بەئاگایەکی سیاسی شاردراوە نییە کە کلیلی بەڕێوەبردنی کیشوەرە نەخۆشەکە و تەنانەت هەناسەدانیشی لەژێر دەستی ئەمریکادایە» و کیشوەرێکە کە ئیرادەی خۆی لەدەستداوە و تەنانەت توانای رادەربڕینی لە بەرژەوەندیی هەنووکەیی و داهاتووی خۆشی نییە، تا ئەو راددەیەی بەکردەوە هیچ نەخش و رۆڵێکی نییە لە بڕیارەکانی پەیمانی ناتۆشدا.
رۆژنامەکە لێدوانێکی وەزیری بەرگریی فەرەنسای بە نموونە هێناوەتەوە لە رۆژنامەی تريبيون ‏ديمانش کە تێیدا وتوویەتی: «فەرەنسا دژی پەیوەستبوونی ئۆکرانیا نییە بە ناتۆوە، بەڵام ئەم کەیسە بەستراوەتەوە بە حکومەتی داهاتووی ئەمریکاوە»، بۆیە رۆژنامەکە دەنووسێت: «هەرکەس لە لێدوانی سیاسەتمەدارانی حکومەتەکانی ئەوروپا ورد ببێتەوە، دەستبەجێ هەست بە پاشکۆیەتییان دەکات بۆ ئەمریکا. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان