دڵان سامان
پرسی ژینگە یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی رۆژ بەو پێیەی لەم سەردەمەدا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی، هاوکات رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشی تایبەت بە ژینگە پلانی تایبەتی بۆ ژینگە داناوە و وڵاتانی ئەندامی ناچار کردووە واژووی لەسەر بکەن، بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی جیهانیی و ئاستی پەنگ خواردنەوەی گەرما پێش گەیشتن بە ساڵی (2030) بەڵام لە راپۆرتێکی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: پلانی حکومەتەکان بۆ کەمکردنەوەی لێچوونی گازی کاربۆن «بەداخەوە بەس نین» .
هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاربۆن، وادەکەن لە ساڵی (2030) دا ئاستی گازی لێچووی جیهانیی بۆ (٪1) کەمبێتەوە، ئەوەش بە رای زانایان ئەو ساڵەیە پێویستمان بەوە دەبێت (٪45)ی رێژەی ئەو گازەمان کەمکردبێتەوە
کارەساتی گەورە
ئەنتۆنیۆ گوتیریش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمساڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بی بی سی لە بارەی مەسەلەی گۆڕانی ژینگە و مەترسییەکانییەوە دەڵێت: جیهان پێویستی بەوەیە دووبارە سەرنج و گرنگیدانی خۆی بخاتەوە سەر مەسەلەی گۆڕانی ژینگە دەنا رووبەڕووی کارەساتی گەورە دەبینەوە.
ئەم بیرکردنەوە رەشبینە باڵی بەسەر زانایان و دیپلۆماتەکاندا کێشاوە و لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لە بۆشایی نێوان ئێستا و ئاستی گازی لێچوو دەکات و تێیدا روونیدەکاتەوە ئێستا لە ساڵی سیانزەیەمینداین و هێشتا بۆشایی هەیە لە نێوان وتارەکان و واقیعدا، ئەو راپۆرتە بەوە کۆتایی دێت ئێستا لە سنووری (1.5) پلەی گەرمی سەدیداین و لە مەترسی راستەقینەداین.
چونکە زانایانی ژینگە رایان وایە تێپەڕاندنی (1.5) ی پلەی سەدیی گــــەرمیی کەشــــوهەوا کــاردانەوەی مەترسیداری دەبێت لەسەر خەڵک لە هەموو دنیادا.
لە شیکردنەوەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاربۆن وادەکەن بۆ ساڵی (2030) ئاستی گازی لێچووی جیهانیی (٪1) کەمبێتەوە ئەوەش ئەو ساڵەیە بە پێی رای زانایان پێویستمان بەوە دەبێت (٪45) رێژەی ئەو گازەمان کەمکردبێتەوە، تا لە سنووری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانیی (1.5) پلەی سەدی دەرنەچین.
هاوکات بەهۆی کاریگەریی ئەوە لەسەر پلەکانی گەرما، ئەو توێژینەوەیە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی سیاسەتەکانی ئێستای دنیا وادەکەن پلەکانی گەرمای جیهان لەم سەدەیەدا بۆ (2.8) پلە بەرزبنەوە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتەکان پاڵپشتی ماددی وەربگرن و پلانەکانی دایانناوە جێبەجێی بکەن، ئەوە دەکرێت ئەو رێژەی گەرمییە بۆ (2.4) پلەی سەدیی کەم بکرێتەوە.
هەلێکمان هەبوو لەدەستماندا
ئەنگر ئەندیرسین بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە کە ئەو توێژینەوەیەی ئامادەکردووە دەڵێت: «هەلێکمان هەبوو وردە وردە گۆڕانکاری بکەین، بەڵام ئەو هەلەی بەدەستمانەوە بووە ئیتر تەواو لەدەستمانچوو».
هەروەها دەڵێت: «تەنیا گۆڕانکاری ریشەیی لە ئابووری و کۆمەڵگەکانماندا تاکە رێگەیە بۆ رزگاربوونمان لەو کارەساتە ژینگەییە خێرایە».
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەش دەکات کەمکردنەوەی گەورە لە گازی لێچووی کاربۆن لە ئێستادا کارێکی قورسە، بەڵام کارەبا و پیشەسازی و گواستنەوە و باڵەخانەکان دەکرێت گۆڕانی گەورەی تێدا بکرێت دوور لە سوتەمەنی خراپ.
ئەندیرسین دەڵێت: «دەبێت بۆ هەر کوێیەک دەڕۆین گۆڕانی ژینگە لەگەڵ خۆماندا بەرین، تەنانەت بۆ نێو هۆڵەکانی خوێندن و هۆڵی کۆبوونەوەکان و سندوقەکانی هەڵبژاردن و مێزی خوانەکانمان، ناتوانین واز لە مەسەلەی گۆڕانی ژینگە بهێنین».
گرنگی پەروەردەی ژینگەیی
یەکێک لەو ئۆرگانانەی دەتوانرێت لەڕێیەوە گۆڕان لە ژینگەدا بکرێت بواری خوێندن و پەروەردەیە، واتا نەوەیەک بەرهەمبهێنین دۆستی ژینگە بێت و ئەو کارەساتەی نەوەکانی پێش خۆیان هێناویانەتە کایەوە لە دوو خاڵدا چڕبکرێتەوە: یەکەمیان چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ژینگە، دووەمیان کارکردن بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و پەیڕەوکردنی ئەو رێوشوێنانە لە ژیانی رۆژانەدا بۆ پارێزگاریکردن لە ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی مرۆڤ بۆ سەر ژینگە.
چەند خاڵێکی گرنگ
بۆئەوەی هەر لەمنداڵییەوە تا قۆناغی زانکۆ پرسی ژینگە و خۆشەویستی بۆ ژینگە و پێگەیاندنی تاکێکی ژینگەدۆست بەدیبێت، هەندێک رێکار هەیە دەبێت لەلایەن حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە پەیڕەو بکرێت لەوانە:
* پاراستنی ژینگە و ژینگەدۆستیی وانەیەکی گرنگی خوێندن بێت و قۆناغ بە قۆناغ وەک هەر وانەیەکی دیکە بە پێی تەمەن و ئاستی تێگەیشتنی خوێندکاران، پەرەی پێبدرێت و وەک وانەیەکی سەرەکی حیسابی بۆ بکرێت، بێگومان ئەو پرۆگرامە پێویستە لەلایەن کەسانی پسپۆری بواری ژینگە و پەروەردەوە دابنرێت.
* دەکرێت بە شێوازی پراکتیکی خۆشەویستی ژینگە لەلای منداڵ لەڕێی پەروەردەوە لە خوێندنگەکان بچەسپێنرێت، ئەویش کردنی چالاکی ژینگەیی هەفتانە یان مانگانە بەپێی وەرزەکان وەک چاندنی درەخت لەو وەرزانەی تێیدا دەتوانرێت درەخت بچێنرێت، هەروەها چالاکی پاککردنەوەی خوێندنگە و ژینگەی چواردەوری خوێندکاران..هتد.
*فێرکردنی پراکتیکی خوێندکاران کە بەڕای من پێویستە بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە ئەمجۆرە پەیامانە لەڕێی میدیاکانەوە بڵاوبکرێتەوە، وەک بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی دۆستی ژینگەن لە بری کەرەستە پلاستیکییەکان و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک و دواجار کەمکردنەوەی پاشماوە و زبڵی ماڵان.
*مامۆستا خۆی نموونەیەکی باڵا بێت بۆ خوێندکارەکانی، بۆ نموونە پیشانیان بدات، ئەو دەبە ئاوی شووشە لەبری ئاوی پلاستیک بەکاردەهێنێت یان تورەکەی قوماش یان کیسەی کاغەز لەبری کیسەی پلاستیک بەکاردەهێنێت.
*خوێندکاران فێربکرێن لەبری دیاری گرانبەها و بابەتی دیکەی زیانبەخش هەموو ساڵێک لە یادی لە دایکبوونیادا درەختێک بچێنن.
ئەو رێکارانەی دەکرێت حکومەت بۆ ژینگە بیکات
*جێبەجێکردنی مەسەلەی ریسایکلینی خۆڵ و خاشاک بە شێوەیەکی رێکوپێک و بە سیستمکراو وەک جیاکردنەوەی تەنەکەخۆڵی تایبەت بە پلاستیک و خۆراک لە گەڕەکەکاندا و سزادانی هەر کەسێک پابەند نەبێت بە جیاکردنەوەی خاشاکەکەی، هەروەها کۆکردنەوەی هەردووکیان بە شێوەیەکی جیا. بۆئەوەش دەتوانرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو ببینرێت.
*قەدەغەکردنی کیسەی پلاستیک (کە خراپترین جۆری پلاستیکە بۆ ژینگە) لە هەموو فرۆشگە و مارکێت و مۆڵەکاندا، وەک وڵاتانی پێشکەوتوو کڕیار یان دەبێت تورەکەی خۆی پێبێت یان دەبێت بەرامبەر برێک پارە تورەکەیەکی قوماش بکڕێت.
*بە گشتیکردنی بەکارهێنانی کیسەی کاغەز لە نانەوخانە و سەموونخانە و دوکانەکانی ئیشی هەویردا.
*پەیڕەوکردنی یاسای دیاریکردنی پانتایی سەوزایی لە دیزاینی هەر بینا و خانوویەکدا، بۆ نموونە هاووڵاتی ناچار بکرێت رێژەیەک لە سەوزایی لە ماڵەکەیدا هەبێت.
*جێبەجێکردنی سەوزکردن و دروستکردنی ئەو پارک و باخچانەی لە پلانی گەڕەکەکاندا هەیە و تائێستا بە بەتاڵیی ماونەتەوە و جێبەجێنەکراون.
*گرنگیدانی حکومەت بە چاندنی ئەو درەختانەی زیاتر بەرگەی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن، لەبری ئەو دارستان و پانتاییە سەوزانەی بە هەر هۆکارێک بێت سووتاون و لەناوچوون.
*ناچارکردنی خواردنگەکان بۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە قاپە سەفەرییانەی دۆستی ژینگەن و لە پاشاماوەی رووەکیی دروستکراون وەک لە قاپی پلاستیک.
*بەرزکردنەوەی هۆشیاری هاووڵاتیان لەڕێی دەزگاکانی راگەیاندن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، لەبارەی پاراستنی ژینگە و ژینگەدۆستییەوە لەڕێی پەیامی سادە و ئاسانەوە کە هەموو چین و توێژەکان لێی تێبگەن.