سەركەوت رەسوڵ بۆ کوردستانی نوێ ‌ :

ئەو ژینگەیەی ئێستا لە هەولێر هەیە وای لە هەولێرییە رەسەنەكان كردووە هەست بە نامۆبوون بكەن

01:31 - 2024-10-27
دیدار
171 جار خوێندراوەتەوە

شاعیری ناسراوی هەولێر، سەركەوت رەسوڵ شیعرێك بۆ هەولێر دەنووسێت و لەرێگەی (ژیریی دەستكرد)ەوە موزیك و دەنگی دەخاتەسەر و وەكو بەرهەمێكی هونەری بەناوی (هەولێری من) بڵاویدەكاتەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا، بۆ كوردستانی نوێ‌، سەركەوت رەسوڵ وتی: لەماوەی رابردوودا، چەند گۆرانییەك لەسەر شاری هەولێر بڵاوكرایەوە، كە هەریەكەو بە پێی بەرژەوەندی خۆی گوزارشتی لێكردووە، بەڵام ئەو شیعر و گۆرانییەی من گوزارشتە لە رەسەنایەتی هەولێر، چونكە (هەولێری من) كۆمەڵێك شتی جوان و پاك و رەسەنی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە و مۆركی ژیانێكی كوردانە و كوردستانییانەی پێوەیە و هەموو چین و توێژ و خەڵکێك بە یەكسانی لەناویدا ژیاون و پەیامی من لەو بەرهەمە ئەوەیە، بڵێم هەولێر جێگای هەموو كەسێكی تێدا دەبێتەوە، بەڵام ئەو ژینگەیەی ئێستا لە هەولێر هەیە رەنگە وای لە هەولێرییە رەسەنەكان كردبێت هەست بە نامۆبوون بكەن. 
لەبارەی بەرهەمەكەی كە لەرێگەی ژیریی دەستكردەوە، بەرهەمهاتووە، سەركەوت رەسوڵ دەڵێت: یەكێكە لەو پێشكەوتنانەی ئێستا دونیای سەرقاڵكردووە و هاتۆتە ژیانی هەمووانەوە مەسەلەی ژیریی دەستكردە، بەتایبەت لەبواری ئەدەب و هونەریشدا ئەم پێشكەوتنە هاتۆتە ناوەوە، بۆیە منیش بیرم لەوە كردەوە بۆ ئەو هەلە نەقۆزمەوەو ئەو تەكنیكە نوێیە بەكاربێنم و بتوانم لەم  رێگایەوە داهێنانێكی نوێ بكەم، كە خۆی مۆسیقا و دەنگەكەشم بۆ هەڵدەبژێرێت و هیچ تێچوویەكی نییە، ئەمە لەكاتێكدا بەرهەمهێنانی هونەریی تێچووەیەكی ئێجگار زۆری دەوێت. بەڵام لەرێگەی ئەم ژیریی دەستكردەوە بەچەند چركەیەك و بە قەناعەتی خۆت شیعرەكەی دەدەیتێ‌ و ئەویش مۆسیقا و دەنگەكەت بۆ دەستنیشان دەكات و پێموایە ئەم ئەزموونەش بۆ من و بۆ جەماوەریش نوێیە.
لــەبارەی كاتی بڵاوكردنەوەی بەرهەمـــــەكەی، كە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، شاعیر وتی: من ویستم بەرهەمەكەم هیچ مۆركێكی حزبی پێوە نەبێت، چونكە من بۆ گەورەیی هەولێرم وتووە، بە پێویستیشم نەزانی هیچ حزب و لیستێك بەرهەمەكەم بقۆزنەوە و بۆ بانگەشە بەكاریبێنن، بۆیە خستمە ئێستا، من بۆ جوانیی و رەسەنایەتی هەولێرم وتووە و خۆشەویستی خۆمم بۆ دەربڕیووە وەكو هەولێرییەك.
كۆمار مەسعود

بابەتە پەیوەندیدارەکان