عەلی كەریم
ساموئیل ئیتۆ، رۆنالدینهۆ، نەیمار، مێسی، سوارێز، ئەم یاریزانانە، ئەستێرە و ئەفسانەی دوو دەیەی رابردووی یانەی بارسیلۆنا و هەژێنەری گۆڵی یانەكانی بەرامبەری بوون و هەمیشەلە پێشەنگدا بوون.
هەر یاریزانێك لەمانە بە پێی كات و زەمەنی خۆی كاریگەریی هەبووە لە سەرخستن و بەرزكردنەوەی نازناوەكان بۆ یانەی بارسیلۆنا، لەسەر ئاستی كیشوەریی یان جیهانیی یان نیوخۆی ئیسپانیا، لە پێش هەموشییانەوە لونێل مێسی، كە گەورەترین كاریگەریی هەبووە لەسەر یانە كەتەلۆنییەكە و تۆپی پێ جیهانیش، من خۆم ئەڵێم مێسی لە 50% -ی یانەكە بووە.
مێسی لەگەڵ ئەوەی لە دەستپێكی سەد یاری خۆیدا لەگەڵ بارسا گۆڵی زۆری نەکردووە و تەنها (41) گۆڵی تۆمار كردووە، بەڵام ئەسێست و كاریگەری زۆری هەبووە لە یارییەكاندا و ئەو کات تەمەنیشی کەم بووە و پێویستی بە كاتی زیاتر هەبووە بۆ زیاتر هەژاندنی گۆڵی یانەكان.
رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ) ی ئیسپانی راپۆرتێکی لەم رووەوە بڵاو كردۆتەوە و تیایدا هاتووە؛ میسی لە لیستی ئەو یاریزانانەی لە یەکەم سەد یاری خۆیاندا لەگەڵ بەرشەلۆنە کە زۆرترین گۆڵیان کردووە، لە پلەی دەیەمدایە، ئەم ئامار و لیستی ناوی یاریزانانە، لە ساڵی (2000) ەوە بڵاودەكرێتەوە، رۆناڵدینهۆ كە ساڵی 2003 چووە بارسا، لە دەسپێكی سەد یاری خۆیاد (44) گۆڵی كردووە، نەیمار دا سلیڤا (58) گۆڵی كردووە.
بەڵام لیڤاندۆڤسكی جگە لە هەردوو یاریی بارسا و بایرن لە چامپیۆنس لیگدا و بارسا و ریاڵ لە لالیگادا، کە هەردووکیان بەم دواییە کران، لە تەمەنی (36) ساڵیدا توانیویەتی لە سەد یاری دەسپێكی خۆیاد (63) گۆڵ بۆ بارسا بكات و لە پلەی سێیەمی لیستەكەدایە، لویس سوارێز-ی گۆڵكەری ئەفسانەیی هەڵبژاردەی ئۆروگوای، لە پلەی یەكەمیی ئەم لیستەدایە و خاوەنی (88) گۆڵە.
ئەو لیستەش کە ئەو رۆژنامەیە بڵاوی کردۆتەوە، ریزبەندی یەكەم تا سێییەم یاریزان بەم شێوەیەیە؛
*لویس سوارێز (88) گۆڵ.
* سامویل ئیتۆ (68) گۆڵ.
* لیڤاندۆسكی (63) گۆڵ.