کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ هەبووە..

زیانەکانی شەپۆلی سەرمای پێشوەختە، لەسەر بەرهەمی جووتیاران

10:00 - 2024-10-30
ڕاپۆرت
189 جار خوێندراوەتەوە
جووتیاران خەریکی کۆکردنەوەی ئەو تەماتانەن کە لەژێر گەڵاکاندابوون

هەولێر/ رەوەست نەوزاد


بەهۆی هاتنی كەشێكی پێشوەختەی سەرما و سۆڵە بۆ هەرێمی كوردستان، بەرهەمی سەوزەی بەشێكی زۆری جووتیارانی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی كوردستان بە گشتیی و پارێزگای هەولێر بە تایبەتی لەناوچوون، ئەوەش زیانێكی زۆری ئابووریی لە جووتیاران داوە و بووەتە هۆی لەناوچوونی بەشێكی بەروبوومی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان.

بەرهەمە لەناوچووەکان
نامیق سۆربەشی جووتیارێكی دێرینی شاری هەولێرە، دەڵێت: ئەو كەشە سەرمایەی رووی لە هەرێمی كوردستان كرد زیانی بۆ چەند جۆرێک بەرهەمی كشتوكاڵیی هەبوو لەوانە (خەیار، لۆبیا، فاسۆلیا، كولەكە، تەماتە و سڵق) بەرهەمی ئەو ناوچانەش كە زیانیان بەركەوتووە بریتین لە، سیدەكان و حاجی ئۆمەران كە بەرهەمی تەماتە و خەیارەكەیان زیانی بەركەوتووە و رێژەی زیانەكانیشیان زۆرە، بەڵام دەشتی شەمامك زیانەكەی كەم بووە، لەبەرئەوەی بەرهەمی تەماتەكەی تەمەنی لە كۆتاییدا بوو.
وتیشی: زیانە داراییەكانی ئەو جووتیارانەی كە بەرهەمیان لەناوچوو زۆرە، بەپێی زانیارییەكانم لە چوار بەشی بەرهەمەكان، سێ بەشی بەرهەمی سەوزەكانیان بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەوە لەناوچووە، تەنها ئەو بەرهەمانە ماون کە کەوتوونەتە ژێر بڕكی سەوزەكان و ئەوانە پارێزراون، بەڵام ئەو بەرهەمەی كەوتۆتە بەشی سەرەوە لەناوچووە.

سەرچاوەی هاتنی شەپۆلەکە
پێش هاتنی شەپۆلەکە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی هاتنی نزمە شەپۆلەکانی زەریای ئەتڵەسی بە ئاڕاستەی دەریای ناوەڕاست و چالاکبوونەوەی بە رووی وڵاتانی شام، عیراق و تورکیا، شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکان و شەپۆلێکی چڕی بەفربارین ناوچە سنووری و شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
نامیق سۆربەشی جووتیار ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو بەرهەمانەی زیانیان بەرکەوتووە تێچووی چاندنیان زۆرە و پێویستیان بە ئاودان، كڕینی پەین، دەرمان، كاری جووت و شەتڵكردن هەیە کە هەموویان لەسەرشانی جووتیارەکەیە.
وتیشی: ئێمەی جووتیارانی دەشتی هەولێر و شەمامك بەر لە رۆژی 11/11 ی هەموو ساڵێك كاكڵەی تەماتە دەخەینە ژێر نایلۆن بۆئەوەی سەرما لەناوی نەبات، بەڵام ئەمساڵ كەشە سەرماكە زووتر لەوکاتە رووی لە هەرێمی كوردستان كرد و ئەو بەفرە بووە هۆی لەناوچوونی بەرهەمەکان و ئومێدی سەوزبوونەوەشیان نییە.

ناوچە زیانلێکەوتووەکان

باسی لەوەشکرد، رێگریکردن لە زیانكەوتن بە بەرهەمی كشتوكاڵیی بەهۆی سەرماوە كارێكی سەختە، لەبەرئەوەی رێگرییەکە تەنها بە دانانی جەمەلۆن دەبێت ئەوەش کارێکی قورسە بۆ جووتیار و تێچوویەکی زۆری دەوێت.
حسێن محەمەد سادق سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو سەرما و بەفرەی رووی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی كوردستان كرد كاریگەریی خراپی لەسەر بەرهەمی كشتوكاڵیی ناوچە گەرمەكانی دەشتی هەولێر نەبووە، بەڵكو زیاتر كاریگەریی خراپی لەسەر بەرهەمی ناوچە شاخاوییەكان هەبووە.
وتیشی: ئەو کەشە ساردە لەناكاو دروستبوو و پلەكانی گەرمای بەڕادەیەكی زۆر دابەزاند و بووە هۆی بەفر بارین لە سنووری پشدەر و كوێستانەكانی سنووری قەڵادزێ، هەڵشۆ، هێرۆ، پشتی باوزێ، كوێستانەكانی مامەندە، بناری قەندیل، حاجی ئۆمەران و سیدەكان و زیانی بە بەرهەمی جووتیاران گەیاند بە تایبەت لە ناوچەی بەرچیخە زیانێكی زۆر بە بەرهەمی جووتیاران و رەوەندەكان كەوتووە، بەرهەمەکانی تەماتە، بامیە و باینجان پێش ئەوەی پێبگەن بەهۆی بەفر و شەختەوە هەموویان لەناوچوون و وایكرد بە كەڵكی خواردن نەیەن، شەپۆلەکە زیانی بە مەڕدارەكان و هەنگەوانەكانیش گەیاندووە، لەبەرئەوەی گوڵ و گیاكان بە بەفر داپۆشراون و مێش و مەڕەكان ناتوانن خۆراك پەیدا بكەن.

سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان بۆ  کوردستانی نوێ  :
ئەو کەشە ساردە لەناكاو دروستبوو و پلەكانی گەرمای بەڕادەیەكی زۆر دابەزاند، بەهۆیەوە بەرهەمێکی زۆری جووتیاران لەناوچوون، هەروەها زیانی بە هەنگەوانان و مەڕدارانیش گەیاندووە.

کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ
وتیشی: جووتیارانی ناوچە شاخاوییەکان بەهۆی کەشوهەوای ناوچەکانیان درەنگتر لە جووتیارانی ناوچە گەرمەکان بەروبوومەکانیان دەچێنن، بۆیە کاتی هاتنی شەپۆلە سارماکە بۆ ناوچەکانیان، بەروبوومەکانیان تازە پێگەیشتبوون و بەهۆیەوە لەناوچوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هەژمار نەکردنیان تائێستا قەبارەی زیانەکانی جووتیاران نەزانراوە، بەڵام لە سەرژمێرییەکدا دەردەکەوێت و داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین قەرەبوویان بكاتەوە.
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان دەڵێت: لە بەرهەمی میوە تەنیا ترێ لەو شەپۆلە سەرمایەدا زیانی بەركەوتووە، لەبەرئەوەی کاتی پێگەیشتنی میوەکانی دیکە بەسەرچووە و تەنها هەنار کاتیەتی ئەویش سەرما زۆر کاری لێ ناکات و پارێزراوە.
وتیشی: لەناوچوونی ئەو هەموو بەرهەمە كشتوكاڵییە كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی كشتوكاڵ لە هەرێم دەبێت، ئەگەر ئەو رووداوە سروشتییە نەبوایە، ئەوا بازاڕەكانمان پڕتر دەبوون لە بەرهەمی ناوخۆیی سەوزە و ئێستا کاتی پێگەیشتن و خستنەبازاڕی بەرهەمی جووتیارانی ناوچە شاخاوییەکانە، بەوهۆیەوە دەبێت بە ناچاریی هاوردەی بەرهەمی وڵاتانی ئێران و توركیا زیاتر بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان