پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە

بەرپرسانی پ.د.ك لە حزب و حكومەتدا بەرهەڵستیی رێكارەكانی تەوتین و خواستی فەرمانبەران دەكەن

12:11 - 2024-10-30
کوردستان
138 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ئاستی باڵای حزبی و حكومیدا و لەڕێگەی میدیاكانیانەوە، بەرهەڵستی (تەوتین) دەكەن، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش پێیڕاگەیاندین: ئەم هەنگاوەی پارتی، جگەلەوەی دژایەتیی خواستی فەرمانبەرانە، لە هەمانكاتدا دژایەتیی بڕیاری دادگای فیدراڵییە، ئەمەش لە ئایندەدا گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست دەكات.
لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لێدوانێكدا پێیڕاگەیاندین: لە ماوەی تەنها سێ رۆژدا، میدیاكانی پارتی، 32 هەواڵی تایبەتیان بە پرسی (تەوتین) و (هەژماری من) بڵاوكردووەتەوە، كە لە ناوەڕۆكی هەواڵەكانیاندا دژایەتیی تەوتین دەكەن، وتیشی: هەر لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، چوار بەرپرسی پارتی لە حزب و لە حكومەت، كە پێكهاتوون لە هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی، پێشەوا هەورامی وتەبێژی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر، مەسعود حەیدەر بریكاری وەزیری دارایی عیراق لە پشكی پارتی، رێباز حەملان راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر، بە بڕیاری سیاسیی پارتی، دژایەتیی هەوڵەكانی یەكێتی بۆ خزمەتكردنی زیاتر و دەستەبەركردنی مافی مووچەخۆران و فەرمانبەران و (تەوتین) دەكەن.
ئەو سەرچاوەیە، راشیگەیاند: دژایەتیی تەوتین، واتە دژایەتیی ماف و خواستی فەرمانبەران و مووچەخۆران و بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئەمەش لە ئایندەدا گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست دەكاتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم هەنگاوەی پارتی و بەرپرسەكانی، نیشانەی ئەوەیە كە ئەوان لەگەڵ خواستی فەرمانبەراندا نین، لەگەڵ ئەوەدانین مووچەخۆرانی هەرێم وەكو سەرجەم مووچەخۆرانی عیراق، مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە وەربگرن و وەكو ئێستا دوانەكەوێت.


بابەتە پەیوەندیدارەکان