بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە سەید عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە.
لەدیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەیسەڵ کەریم خانی برادۆست ئامادەبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە سیاسییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی ھەوڵەكان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق و تەواوکردنی ھەنگاوە دەستوورییەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوربوونی یەکێتی بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی بونیادنەرانە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەشداریكردنی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان لە حكومەتدا فاكتەرێكی گرنگی سەقامگیرییە و دەبێت هەموومان پێكەوە هەوڵ بۆ داهاتوویەكی گەشتر بدەین.
لەبەرامبەردا سەید عەمار حەکیم بە گرنگییەوە باسی لە پێگە و هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ کرد لە لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و پێکهێنانی حکومەت و وتی، یەکێتی هێزێکی گرنگ و کاریگەرە و مێژوو ئەمەی سەلماندووە. رۆڵی گرنگی بینیووە لە بەگژداچوونەوەی دیکتاتۆرییەت و ئامادەیی تەواوی هەبووە لە رووداوە سیاسییەکاندا. رابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال هەمووانی لەژێر سایەی حەکیمانەی خۆیدا کۆکردبووەوە و عیراقی بردە قۆناغێکی نوێی تەبایی و پێکەوەژیانەوە. بۆیە ئێستاش پێویستمان بە هەمان روانینە بۆ سیاسەت و دڵنیاین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبێت.