تەوتین رێوشوێنێكی هاوچەرخە بۆ پێدانی مووچە״
ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
پ. ی. د. كامەران ئەحمەد بۆ کوردستانی نوێ : هەژماری من كۆمەڵێك تەڵە و پێچ و پەناو ناڕوونی قانونی و ئیداریشی تێدایە، بە جۆرێك كە ئەوەندەی لە خزمەتی خاوەن بانكەكانی كەرتی تایبەتدایە لە هەرێمی كوردستاندا، لە خزمەتی فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی كوردستاندا نییە
حكومەتی فیدراڵی بەغدا دەیەوێت لە رێگەی تەوتینەوە سەرجەم هاووڵاتیانی عیراق، بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە خزمەتگوزارییەكانی سیستمی بانكیی نوێ سوودمەند بن، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت رێگریی بكەن و سوورن لەسەر ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانكەكانی خۆیانەوە مووچە وەربگرن، هۆكارەكەشی روون و ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە بەرپرسانی حكومەتە ماوە تەواوبووەكەی هەولێر چاویان بڕیوەتە ئەو قازانجە زۆرەی كە مانگانە لە كۆمیشن (عمولە)ی گەیاندنی مووچەكە دەستیان دەكەوێت و نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار دەكات بۆ هەر مانگێك، بێئەوەی گوێ بدەنە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستان.
سوودەكانی تەوتین
لەبارەی گرنگیی تەوتین و مافەكانی هاووڵاتیان كە لە رێگەی تەوتینەوە مسۆگەر دەكرێت، پ. ی. د. كامەران ئەحمەد حەمە مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری لە دیمانەیەكی ستۆدیۆی دیجیتاڵ میدیای كوردستانی نوێدا راگەیاند: مەسەلەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەران، رێوشوێنێكی هاوچەرخە لە دنیادا، شێوازێكە لە شێوازەكانی پێدانی مووچە و كرێی كارمەندان و فەرمانبەرانی حكومەت، كە لە رێگەی هەژماری بانكییەوە كە دەكرێتەوە بۆ هەر هاووڵاتییەكی فەرمانبەر، یان مووچەخۆر، ئیتر لە هەر پلە و پۆستێكی وەزیفیدا بێت، ئەو تەوتینە وا دەكات بێ سەرئێشە و بە میكانیزمێكی نوێ، میكانیزمێكی خێرا، دوور لە كێشەی هاتوچۆی لیژنەی مووچە و لیستی مووچە، بێ ژانەسەری كێشەكانی لە بابەتی، بڕۆ پارە بێنە و لیست ئیمزا بكە و پارە نییە و مووچە كورتی هێنا، ئەم كێشانە هیچی نامێنێت، ئەو كاتە بە میكانیزمێكی ئاسان هەر فەرمانبەرێك هەمیشە لە رۆژێكی دیاریكراوی مانگدا مووچەكەی دەچێتە سەر هەژمارەكەی خۆی كە لە هەر بانكێك لە بانكەكانی حكومەتی عیراقی كردوویەتەوە، بانكی رافیدەین بێت یان رەشید، یان بانكی (تی بی ئای) بێت، مووچەی خۆی وەردەگرێت.
جۆرەكانی پێشینە بۆ هاووڵاتییان
سەبارەت بە لایەنە ئەرێنییەكانی ئەو میكانیزمە نوێیە كە لە رێگەی تەوتینەوە دەكرێت، د. كامەران وتی: ئەم میكانیزمە كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفت ناهێڵێ و كەمیان دەكاتەوە و ئاسانكاریی دەكات، لەوانە ئەم بابەتی مووچە دواكەوت، مووچە نەهات، مووچە چووە گەمەی سیاسییەوە و بوو بە قوربانی فڵان حزب و ئەم حزب و ئەو حزب، ئەمانە هیچی نامێنێت، هەروەها جیاوازی لە نێوان مووچەخۆر و فەرمانبەرێكی حكومەتی عیراقی لە بەسرە، لە موسڵ، لە دیالە لەگەڵ سلێمانی و هەولێر و دهۆك نامێنێ و ئەو مافانەی هەر فەرمانبەرێك كە ئەمڕۆ لە حكومەتی عیراقیدا هەیەتی و دەتوانێ لە رێگەی بانكەكانەوە وەریبگرێت، وەكو پێشینەی خانوبەرە، پێشینەی هاوسەری، كۆمەڵێك پێشینەی تر كە حكومەتی عیراقی لە رێگەی بانكی رافیدەین و رەشیدەوە فەراهەمی كردووە بۆ مووچەخۆران، بە دەستی فەرامبەران و مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێمیش دەگات، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی تریشەوە دڵنیاییەك دەدرێت بە فەرمانبەر كە چیتر نیگەران نەبێت لەوەی مووچەكەی بفەوتێ وەكو ئێمە، كە چەندین مانگ، 36 مانگ مووچەمان فەوتاوە، هەر پار سێ مانگ مووچەمان فەوتا، ئەو شتانەی كە پێی دەوترێ مووچە فەوتاندن نامێنێت، كاتێك مووچەی هەموو فەرمانبەرانی عیراق فەوتا، ئەو كاتە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەفەوتێ، بەڵام لە مێژووی هاوچەرخی حكومەتی عیراقیدا و لە سەردەمی جمهورییەتەوە سەیری بكەین نەمان بیستووە مووچەی فەرمانبەران فەوتابێت، لێرەدا كەواتە تۆ دڵنیایت مووچەكە وەردەگریت، دڵنیایت كە نافەوتێ، هاووڵاتیش كە مووچەكەی پێبدرێت كارەكەی بە باشی دەكات، ئێستا ئەوەندەی من بزانم فەرمانبەر تەنیا دوو رۆژ كار دەكات، بە تەمان بیكەن بە سێ رۆژ، بەڵام مووچە لە كاتی خۆیدا بدرێت وا نابێت، فەرمانبەر زیاتر كار دەكات و بەرهەمداریی زیاد دەكاتەوە، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنانی شمەك زیاد دەكاتەوە، ئەمانە هەمووی خاڵی ئەرێنین بۆ تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەران.
هەژماری من بەدیلی تەوتین نییە
ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری وتی: لێرەوە من زۆر دەستخۆشی لە كاك بافڵ تاڵەبانی دەكەم، كە وازی لە هەژماری من هێنا، چونكە هەژماری من بەدیلی تەوتین نییە و ناشبێت، من لێرەوە داوا دەكەم، كاك بافڵ تاڵەبانی و وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هیچ جۆرێك پاشگەز نەبنەوە لە وازهێنان لە هەژماری من و جێبەجێكردنی تەوتین، چونكە بە راستی بەرژەوەندیی راستەقینەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عیراق لە تەوتینكردندایە، نەك هەژماری من، چونكە هەژماری من كۆمەڵێك تەڵە و پێچ و پەناو ناڕوونی قانونی و ئیداریشی تێدایە، بە جۆرێك كە ئەوەندەی لە خزمەتی خاوەن بانكەكانی كەرتی تایبەتدایە لە هەرێمی كوردستاندا، لە خزمەتی فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی كوردستاندا نییە و جۆرێكە لە فێڵێكی ئابووری لە فەرمانبەران بكرێت، بۆ ئەوەی جارێكی تر و بە جۆرێكی تر مووچەكانیان بەشێكی لێ ببڕدرێ و بڕوات بۆ ئەو بانكانەی كەرتی تایبەت، كە هەموو كەسیش دەزانێ خاوەنی بانكەكان كێن.