كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

01:36 - 2024-10-31
ئەدەب و هونەر
1125 جار خوێندراوەتەوە

گرفتی خراپە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

لەگەڵ ئیپیکۆرس لە هەواری شار دانیشتبووین و گفتوگۆیەکی زۆرمان لەبارەی پرەنسیپی چێژ و ماتریالیزم و زرنگییەوە کرد، کە ئەو سێ بنەمایەن فەلسەفەکەی ئەویان لەسەر دامەزراوە. 

(12)


لەگەڵ ئیپیکۆرس لە هەواری شار دانیشتبووین و گفتوگۆیەکی زۆرمان لەبارەی پرەنسیپی چێژ و ماتریالیزم و زرنگییەوە کرد کە ئەو سێ بنەمایەن فەلسەفەکەی ئەویان لەسەر دامەزراوە. ئیپیکۆرس بەتەواوی باوەڕی بە بوونی ماددە هەیە، بیرم خستەوە کە نزیکەی سەدە و نیوێک پێش ئەوەی ئەو بیربکاتەوە، دوو بیرمەندی دیکە، دیمۆکریتوس لیوسیپوس وتوویانە گەردوون هەمووی لە ئەتۆمەکان (گەردیلەکان) پێکهاتووە. گەردوون هیچ نییە جگە لە ئەتۆم و بۆشایی. وتی «دەی منیش هەمان بۆچوونم هەیە»
قسەی ترمان زۆر کرد، لەناکاو گفتوگۆکەمان گەیشتە لای بوون و نەبوونی خوا لە پەیوەندیدا بە بوونی خراپەوە. بەدەستییەوە گیرم خواردبوو، نەمدەزانی چۆن ئەرگومێنتەکانی رەتبکەمەوە، لەناکاو وتم: «بۆستە، من هاوڕێیەکی دیندارم هەیە، با ئەو بانگ بکەم» بیرۆکەکەی پی باش بوو. تەلەفونم بۆ هاوڕێکەم کرد و خۆشم بووم بە ناوبژیوان و ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە روویدا:
ئیپیکۆرس: دەتوانیت سیان لە سیفەتە هەرە سەرەکییەکانی خواکەتم پێ بڵێیت؟
هاوڕێکەم: خوا هەموو شتێک دەزانێت، توانای ئەنجامدانی هەموو شتێکی هەیە و بە تەواوەتییش میهرەبانە.
ئیپیکۆرس: ئەم سیفەتانە رەهان؟
هاوڕێکەم: مەبەستت چیە؟
ئیپیکۆرس: تۆ دەڵێیت خوا هەموو شتێک دەزانێت، واتە هیچ شتێک نییە کە خوا نەیزانێت، زانینی ئەو رابردوو و ئێستا و ئایندەش دەگرێتەوە. بۆ تواناکەشی هەمان شت، واتە هیچ شتێک نییە کە خوا نەتوانێت بیکات، ئەو هەموو شتێکی بە رەهایی لەدەست دێت. هەروەها هەرگیز ناتوانین نموونەیەک بهێنینەوە کە تێیدا خوا میهرەبان، بە بەزەیی، پڕ خۆشەویستی نەبێت، ئەمە وایە؟
هاوڕێکەم: دەمخۆش. رێک وایە.
ئیپیکۆرس: بەڵام ئەم جیهانە خراپەی تێدایە، تێیدا نییە؟
هاوڕێکەم: با.
ئیپیکۆرس: نەخۆشیی بڵاودەبێتەوە، جەنگەکان هەڵدەگیرسێن، لافاو هەڵدەستێت، مرۆڤەکان درۆ دەکەن، دزی دەکەن، بەدڕەوشتی دەکەن، ئەمانە هەموویان خراپەن؟
هاوڕێکەم: بەڵێ، زۆر شتی تریش هەن.
ئیپیکۆرس: خوا ئاگای لە هەموو ئەمانەیە، دەزانێت ئەمانە هەن، چونکە خوا هەموو شتێک دەزانێت؟
هاوڕێکەم: وایە.
ئیپیکۆرس: خوا دەتوانێت نەهێڵێت ئەم خراپانە هەبن، چونکە ئەو هەموو شتێک دەتوانێت، ئەمەشیان وایە؟
هاوڕێکەم: بەڵێ.
ئیپیکۆرس: کەواتە خوا میهرەبان نییە، یاخود میهرەبانییەکەی رەها نییە.
هاوڕێکەم: نا ئەمە راست نییە، خوا بە رەهایی میهرەبانە، بە بەڵگەی ئەوەی لە هەموو گوناهەکان و هەموو خراپەکارییەکانی مرۆڤ خۆشدەبێت. جگە لەوەش خراپەکارییەکان دەستکردی خوا نین، بەڵکو خراپە لە خودی مرۆڤەوەیە، وەک چۆن تاریکیی نەبوونی رووناکییە، خراپەش ئەنجامی دوورکەوتنەوەی مرۆڤەکانە لە چاکە.
من: هاوڕێم، کورد پەندێکی هەیە کە دەڵێت ‹عوزر لە قەباحەت خراپتر› چونکە ئەگەر وابێت، ئەوە کێشەیەکی دیکەت بۆ دروست دەبێت.
هاوڕێکەم: چیە؟
من: ئەوەی خوا دروستکەری هەموو شتەکان نییە.
هاوڕێکەم: چۆن؟
من: تۆ وتت خراپە کردەوەی مرۆڤەکانە، وات نەووت؟
هاوڕێکەم: با.
من: جگە لەوەش تۆ بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت، پێ لەوە دەنێیت خوا هەموو شتەکان نازانێت.
هاوڕێکەم: چۆن؟
من: دیسانەوە ئەرگومێنتەکەی ئیپیکۆرس دێتەوە کایە، بڕوانە، ئەگەر خوا هەموو شتێک بزانێت ئەوە دەزانێت مرۆڤەکان خراپە دەکەن، ئەگەر توانای هەموو شتێکی هەبێت ئەوە دەتوانێت لێنەگەڕێت مرۆڤەکان خراپە بکەن، بە دڵنیاییش ئەگەر میهرەبانییەکەی رەها بێت، ئەوە وادەکات، نایکات؟
هاوڕێکەم: با.
من: لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە خراپەکارییەکان، وەک نەخۆشی یان تەقینەوەی گڕکان و وێرانکردنی شارەکان، دەستی مرۆڤیان تێدا نییە، ئەوە خراپەی ناو سروشتە.
هاوڕێکەم: بەڵام رووداوە سروشتییەکان، بۆ نموونە لافاو کە بەهۆی هەندێک هێز و کارلێکی سروشتییەوە روودەدەن و ناتوانین سیفەتی چاک یان خراپیان بدەینە پاڵ.
ئیپیکۆرس: ئەمە راستە، ئەوانە ڕوودەدەن، ئەوە ئێمەین بەهای چاک یان خراپ دەدەینە پاڵیان، خۆیان وا نین. بەڵام خوایەکی میهرەبان کە مرۆڤەکانی خۆشدەوێت، کە هەموو توانایەکی هەبێت و بشزانێت ئەوە زیانی بۆ مرۆڤەکان هەیە، لێناگەڕێت ئەم شتانە رووبدەن.
هاوڕێکەم: خوا یاسای سروشتی داناوە، دەسکاریی ئەو یاسایانە ناکات، ئەو شتانە کە روودەدەن هیچ پەیوەندییەکیان بە چاکە و خراپەوە نییە.
من: بەڵام ئێمە خەریکین لە بابەتە سەرەکییەکە دووردەکەوینەوە، وەڵامێک هەیە بۆ ئەم تێزەی تۆ، خوا پەرجوو (موعجیزە)ی هەیە کە لادانە لە یاساکانی سروشت، یانی بەپێی یاساکانی سروشت تەنە سەرئاوکەوتووەکان ئەوانەن کێشی ئەو ئاوەی لایدەدەن یەکسانە بە کێشی خۆیان، بەڵام خوای تەورات، مەسیح والێدەکات بەسەر ئاودا بڕوات و نقومیش نەبێت (گەرچی ئەو زیاترە لە کێشی ئەو ئاوەی لایدەدات)، کورد وتەنی (بیلموناسەبە) ئەم یاسایە ئەرخەمێدس دۆزیویەتیەوە، بەڵام با بێینەوە سەر بابەتەکە.
ئیپیکۆرس: کێشەی من لەگەڵ بوون و نەبوونی خوادا نییە، بەڵکو من دەڵێم ئەو خوایەی ئێوە باسی دەکەن، ناتوانێت هەبێت، بۆچی؟ چونکە ناکۆکی لەو خاسییەتانەدا هەیە کە داوتانەتە پاڵی.
هاوڕێکەم: روونتر قسە بکە.
ئیپیکۆرس: ئەگەر خوا هەموو شتێک بزانێت، ئەوە دەزانێت خراپە لە جیهاندا هەیە، ئەگەر هەموو شتێک بتوانێت، ئەوە دەتوانێت خراپە نەهێڵێت، ئەگەر بە رەهایی میهرەبان بێت، ئەوە میهرەبانییەکەی وای لێدەکات خراپە لە جیهاندا نەمێنێت. ئاخر میهرەبانیی ئەو بەرامبەر مرۆڤەکانە، خۆ پێم ناڵێیت خوا میهرەبانە بۆ چیاکان، یاخود دارستانەکان و شتی دیکەی لەمجۆرە بەڵام هیچ گرنگییەک بە مرۆڤەکان نادات!
هاوڕێکەم: خوا ئەقڵی داوە بە مرۆڤ و رێگای راستی پیشان داوە، ئەوەی دەیکات هەڵبژاردنی خۆیەتی.
ئیپیکۆرس: باشە، بەڵام ئەمە چ پەیوەندییەکی بە میهرەبانییەوە هەیە؟
من: ئەو کە پێشوەخت دەزانێت مرۆڤەکان خراپە دەکەن، فریایان ناکەوێت و رێگرییان لێناکات و نایانخاتەوە سەر رێگای راست، ئیتر میهرەبانیی چی؟
هاوڕێکەم: خوا میهرەبانترینە، کەس هێندەی ئەو میهرەبان نییە ئەگەر میهرەبانیی و رەحمی خوا نەبووایە، مرۆڤەکان یەکترییان دەخوارد.
ئیپیکۆرس: باشە با گریمانە بکەین قسەکەی تۆ دروستە، بەڵام ئایا خراپە لە جیهاندا هەیە؟
هاوڕێکەم: بەڵێ هەیە.
ئیپیکۆرس: کەواتە مەسەلەکە یەکێکە لە دوو گریمانە: یان ئەوەتا خوا نازانێت کە خراپە لە جیهاندا هەیە، ئەگەر ئەمە بسەلمێنین ئەوە دەگەینە ئەوەی خوا هەموو شتێک نازانێت، ناگەین؟
هاوڕێکەم: با، بەڵام خوا هەموو شتێک دەزانێت، لەبەر ئەوە زۆر ئاساییە کە خوا دەزانێت خراپە لە جیهاندا هەیە. ئەو هەموو پێغەمبەرەی ناردووە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان ئاگادار بکەنەوە لەوەی خراپە هەیە و نزیکی نەکەون. پاداشت و سزای بۆچی داناوە؟ بۆ خەڵاتکردنی ئەوانە نییە کە چاکە دەکەن و سزادانی ئەوانەش کە خراپە دەکەن؟
من: بەڵام ئەوکارە لە جیهانێکی دیکەدا دەکات، کە پاداشت و سزاکە پەیوەندییەکیان بە چاکە و خراپەوە نامێنێت.
هاوڕێکەم: چۆن؟
من: ئەوەی پاداشت وەردەگرێت بواری نییە چاکەی زیاتر بکات و ئەوەش کە سزا دەدرێت، دەرفەتی ئەوەی بۆ ناڕەخسێت واز لە خراپەکردن بهێنێت.
ئیپیکۆرس: ئێوە بەردەوام باسەکە دەگۆڕن، ئێستا ئەگەر خوا بزانێت خراپە لە جیهاندا هەیە و میهرەبانترینیش بێت، کەواتە توانای ئەوەی نییە خراپە نەهێڵێت!
هاوڕێکەم: نا ئەمە راست نییە، خوا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت هەموو دنیا بکات بە باوەڕدار، کە باوەڕداریش بوون ئیتر خراپە لە جیهاندا نامێنێت. بەڵام خوا ئەمەی ناوێت، خوا دەیەوێت مرۆڤەکان بەرپرسبن لە کردەوەکانی خۆیان.
ئیپیکۆرس رووی کردە من و وتی: هەست دەکەم کێشەیەک هەیە، ئەم هاوڕێیەی تۆ لەگەڵ ئەرگومێنتەکانماندا نایەت، بەڵگەکانی خۆی ناخاتەڕوو، زیاتر خەریکی رەوانبێژییە. من لە یۆنان کە ئەم ئەرگومێنتەم ساز دەکرد، هاودایالۆگم هەبوو، دەیانزانی چۆن گفتوگۆم لەگەڵ دەکەن، بەڵام پێناچێت ئەم هاوڕێیەی تۆ ئەوە بزانێت، یان لەوانەیە خۆی نەیەوێت.
من: نا، هاوڕێکەم بە جدیی هەوڵ دەدات گفتوگۆت لەگەڵدا بکات، بەڵام تۆ ئەرگومێنتێکت خستۆتەڕوو، کە گرفتێکی گەورەی بۆ ناوینەتەوە، لەو کاتەوە تۆ ئەم قسانەت کردووە مشتومڕەکە هەر بەردەوامە. تۆ ئێمەت خستۆتە بەردەم دووڕیانێک: یان دەبێت بیرکردنەوەمان لە خوا بگۆڕین و بە شێوەیەکی دیکە بیری لێبکەینەوە کە ئەمەیان زۆر تاڵە. یاخود دەبێت پێ لەوە بنێین خوا بەپێی ئەم سیفەتانەی داومانەتە پاڵی، بوونی مەحاڵ دەبێت، ئەمەشیان تاڵترە.
با لێرەدا کۆتایی پێبهێنم، جاری داهاتوو پێکەوە لەگەڵ لایبنیزدا بیر لە وەڵامێک دەکەینەوە بۆ پارادۆکسەکەی ئیپیکۆرس.

ئیپیکۆرس

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان