کەرکوک / رزگار شوانی
بۆماوەی هەشت ساڵ بوو کەرکوک دانەبڕابوو لە ناوەندێکی مەعریفی کە توانی خزمەتێکی زۆری ئەدیبان و نووسەران و رۆژنامەنووسان بەهەموو پێکهاتەکانی شارەکەوە بکات. بێگومان ناوەندی رۆشنبیریی و هونەریی دیالۆگ یەکێکە لەو ناوەندە مەعریفیانەی کە لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنوسی بەتوانا کۆچکردوو، زاهیر شکور بەردی بناغەی دانرا و توانی لەو ماوەیەدا بەهێز و بازووی خۆی کتێبخانەیەکی گەورە لەنێو ناوەندی دیالۆگدا دابمەزرێنێت، ئەمە جگە لە ئامێزگرتنی ناوەندەکە بەدەیان کۆڕ و سیمیناری رۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی کە هەموویان جێی بایەخ و سەرنج بوون، لەم ساڵانەی دواییشدا توانی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەدیب و نووسەری شاری کەرکوک گۆڤاری دیالۆگ دابمەزرێنن بە سپۆنسەری کەسایەتی و دۆستی رۆشنبیران دکتۆر تەها رەسوڵ، مخابن کاک زاهیر شکور هیوا و ئاواتی زۆری هەبوو کە ئەم ناوەندە فراوانتر بێت و هەنگاوی زیاتر بنێت لەپێناو زیاتر بەرەوپێشچوونی بزافی رووناکبیریی لە شاری کەرکوک، بەڵام بەداخەوە بەهۆی کۆچی ناوەختییەوە کەڵێنێکی گەورەی دوای خۆی جێهێشت. رووناکبیرانی کەرکوک ئەسەفێکی زۆریان خوارد به بۆنەی چلەی ماتەمینی نووسەر و رۆژنامەنوس زاهیر شکور، نووسەران و رۆژنامەنوسانی کەرکوک لەبارەی ئەو کەسایەتییەوە بەمجۆرە بۆ ئەدەب و هونەر دوان:
* نووسەرو رۆژنامەنوس ستران عەبدوڵڵا بۆ کۆچی دوایی زاهیر شکور وتی: بە جەستە نەخۆشبوو، بەڵام بە قسە خۆشەکانی هیچی نە دەسەلماند، لەرابردووی نزیکدا چەندجار نەشتەرگەریی کردبوو، بەڵام دوا لێدوانی نزیکی سەد وەعد و بەڵێنی بۆ دواڕۆژی دیالۆگ لە کەرکوک دووپات دەکردەوە. زبر وەک دەست و وەک داستانی ژیانی و زەلال وەک خۆش مەجلیس و ئاوەدان وەک رۆخانەی لای خۆمان وابوو کە یەکێتییەکی پابەند و جەلالییەکی بێ سێ و دوو بوو، لە ناکاو بۆ چالاککردنی مێشک و ئەنارشیزمێکی خۆشمەشرەبانە، چەند پرسیاری گوماناویی ریز دەکرد و ئینجا دەینووسی(تۆش شتێک بڵێ)، چی بڵێم زاهیر گیان؟ سەد خەم و سەد خەون مابوو باسی بکەیت و لەگەڵ هاورێکانت شێری بکەیت. دەیان نوکتەی قەدیمی مابوو بیگێڕیتەوە و دەیان بەزم مابوو لەسەری سەر بخەیتە سەر هاوڕێکانت و بیهۆنیتەوە. ماندوو بووی و هەموو دەمانزانی، بەڵام گفتو گوفتارت لەسەر تۆزێکی تر و دوایی و سبەی چاوی غافڵکوژ دەکردین و زەینی گشتمانی پەرت دەکرد. تومەز (زاهیر) شتێکە و (باتن)ی رووداوەکان شتێکی تر، لە ناخەوە بۆ کەرکوک دەکوڵای و لە رووخساردا پێکەنین و زەردەخەنە رێی لە دەرکەوتنی گەڵای خەم و پایزی درەنگ وەخت دەگرت. خوا شاهیدە و سوێندت لەسەرم نییە، ئامادەگیت لە ژیانمانا وا قووڵ و جاویدان و کوشندەیە کە هاورێمان تێلی کرد سبەی سەعات چەند بچین بۆ پرسەکە خەریک بوو بێژم بوێستە با پرسیار لە زاهیر بکەم!.
ماڵئاوا براکەم، خواحافیز هەڤاڵ زاهیر
رۆحت شاد بێت خزم
* شاعیرو نووسەرو رەخنەگر دانا عەسکەر کە یەکێک بوو لە هاوڕێیانی نزیکی وتی : کۆچی دوایی هاوڕێمان کاک زاهیر شکور خاوەنی ناوەندی رۆشنبیریی و هونەریی دیالۆگ، کۆستێکی هێندە گەورەیە کە ناکرێ وەک کۆچی کەسێکی ئاسایی تەماشای بکەین، کاک زایر جگە لەوەی کەسێکی رووناکبیر و نووسەرێکی دیار بوو، خاوەنی گەورەترین ناوەندی رۆشنبیریی و خاوەن گەورەترین دڵ بوو، بۆیە کۆچی دوایی کاک زاهیر گورزێکی گەورەیە بۆ نووسەران و رۆشنبیرانی کەرکوک، لە مێژووی رۆشنبیریی شاری کەرکوک، لەدوای کتێبخانەی ئاسۆ لە قۆناغی هەشتاکانی سەدەی رابووردوو، ناوەندی دیالۆگ گەورەترین ناوەندی رۆشنبیرییە کە توانی لە ماوەی هەشت ساڵی دامەزرانیدا گەورەترین خزمەتی بواری رووناکبیریی بکات، دیارە کاک زاهیر لەو بوارەدا کاریزمایەکی لێهاتوو بوو، کۆچی دوایی ئەو پیاوە دڵسۆزە خەمێکی گەورەی خستە دڵی هەموومانەوە، ئەوەی بۆ ئێمە و کەرکوک مایەوە ئەو مێژووە جوان و پڕ سەروەرییەیە کە لەڕێی کاک زاهیر و ناوەندی دیالۆگەوە بۆمان ماوەتەوە. پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسو کاری دەکەین، بەشداریی خەمی خانەوادەو ئازیزانی دەکەم، روحت شاد تۆ هەمیشە لەناخماندا دەژیت.
* ئەدیب باهیر محەمەد کەریم وتی : رۆژنەبوو ئەو زاتە لە گۆشەیەکەوە باسی بێکەسی و بێ خزمەتی کەرکوک نەکات، کەرکوک خەمێکی گەورەی کاک زاهیر بوو، زۆر بەئاواتەوە بوو کە گەنج و رۆشنبیران دابنیشن خەمێک لەم دۆخە بخۆن. دەیان بەرنامەو پرۆژەی بە خەیاڵدا دەهات دەیوت وەرن با دابنێشێن بەرنامەیەک بۆ کەرکوک دابنێن ، ئێوە حەقی هیچتان نەبێت هەموو شت لەسەر من، کاک زاهیر رۆحێک پڕ لە دڵسۆزی و خەمخۆری کەرکوک خەمخۆری گەشە پێدانی توانای رۆشنبێری لای نووسەران و ئەدیبان، هەر بۆخۆی مێژوویەک بوو .. رۆحتی شادبێت.
* شاعیر و نووسەر سەراب رەشید ئەویش یەکێک بوو لە هاوڕێیانی زاهیر شکور، بۆیە وتی:
نازانم چیت بۆ بنووسم بۆ فرمێسکی چاو دەوەستێ بە چەپ و راستی دڵمدا دەیبەم و دەیهێنم کەس هێندەی تۆ ئەم شارەی خۆشنەویست بوو، بەڵێ کەس هێندەی تۆ خەمی کتێب و گەنج و خوێندنەوەی نەبوو زاهیر شکر .. خۆشترین ناوی نێو کۆڕ و کۆبوونەوەی دڵی نووسەران و گەورەترین پشتیوان بووی. هاوڕێ و برا و مام و هەمووکەس و هێزی هونەرمەندان و نووسەران بووی، شوێنت چۆڵە .. له دیالۆگ و لە یەکێتیی نووسەراندا لە شەقامی جمهوریەکەت ئێستا بێدەنگیی دەبارێ و خەندەی رێبوارانی لێ بڕاوە، تۆ ئێمەت گوشکرد و ئاگرێکی وات خستۆتە دڵمانەوە تائەبەد نەکوژێتەوە.
* نووسەر هەڤاڵ دارا هاوخەمی خۆی دەربڕی و وتی : کاک زاھیر شوکر هەردەم لەدوای مەرحەبا هەواڵی باوکمی دەپرسی، ئەم پیاوە لەگەڵ باپیرم و باوکم و خۆمیش پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەبوو، ناسینی من بۆئەم پیاوە لە رێگای کایەی رۆشنبیریی و کتێبەوە بوو، واتە پەیوەندییەکەمان لەزۆر لایەنەوە بوو، زۆرجار قسەی خۆش و بابەتی نوکتە بەشێکی گەورەی ژیانی کاک زاھیر بوو، دوای تۆمارکردنی بەرنامەی گفتوگۆی شار کە دەربارەی گەڕەکە دێرینەکان بوو، زۆر شتمان باسکرد، وتی بابەتێکم لایە دەربارەی جوولەکەکانی کەرکوک بەداخەوە فریانەکەوتین ئەوە تۆمار بکەین، بەڵام بەرنامەیەکمان تۆمارکرد دەربارەی دامەزراندنی ناوەندی دیالۆگ کەم کەس بینەری بووە، زۆر شتمان مابوو تۆماری بکەین، بەداخەوە ژیان ئاوایە هەمووان دەڕۆین. لە کۆتایشدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە، بۆ مانەوەی کتێبخانەی دیالۆگ پێویستە چی بکرێت.
ناوەندی رۆشنبیریی و هونەریی دیالۆگ