ئاڵتوون و دراوەكان دابەزینێكی گەورە تۆمار دەكەن

11:03 - 2022-07-07
ئابووری
729 جار خوێندراوەتەوە

لێپرسراوی زەڕەنگەرانی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەهۆی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی کە لە بازاڕە جیهانییەكاندا دروستبووە، تا دێت نرخی ئاڵتوون زیاتر دادەبەزێت و لە دوو رۆژدا نرخی مسقاڵێك ئاڵتوون 8 دۆلار دابەزیوە.
دلێر تاهیر، لێپرسراوی زەڕەنگەرانی شاری سلێمانی، بە (PUKmedia)ی راگەیاندووە: لە ئەمریكا فشارێكی زۆر لەسەر بانكەكان و بازاڕ دروستبووە و رێژەی وەرگرتنی سوود لە بانكەكاندا بەرزبۆتەوە، ئەمەش وایكردووە نرخی ئاڵتوون دابەزێت.
وتیشی: «ئێستا نرخی كیلۆیەك ئاڵتوون 57 هەزار و 200 دۆلارە، واتە نرخی مسقاڵێك ئاڵتوونی عەیارە 21 بە 250 دۆلارە (370 هەزار دینار).
ئەوەشی ئاشكراكردووە: نرخی هەر مسقاڵێك ئاڵتوون بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، 8 دۆلار دابەزیوە و  چاوەڕوانیش دەكرێت زیاتر دابەزێت، هاوکات پێشبینی دەكرێت بەهۆی زیادبوونی هەڵئاوسانەوە، تا كۆتایی ئەمساڵ گەشەی ئابووری لە ئەوروپا بگاتە ئاستی سفر.
لای خۆیەوە، جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات: گۆڕانكارییەكی گەورە لە بازاڕی دراوە جیهانییەكان بەتایبەت یۆرۆ و پاوەن بەرامبەر بە دۆلار روویداوە، بەشێوەیەک نرخی 100 دۆلار گەیشتۆتە 102 یۆرۆ و 119 پاوەن كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەو دوو دراوە، دابەزینی لەوجۆرەیان بەخۆیانەوە نەبینیووە.
ئەوەشی خستەڕوو: شڵەژانی بازاڕی دراوەكان لە جیهاندا، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت، هەرچەندە هەڵئاوسانەكە زیادیكردووە، بەڵام ئەو كاڵا و كەلوپەلانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دێن بەتایبەت ئەوانەی دەكەونە ناوچەی یۆرۆوە، نرخەکانیان دادەبەزێت و بۆ هاوردەكردن كاریگەری دەبێت.
لەبارەی دابەزینی نرخی یۆرۆ و پاوەن بەرامبەر بە دۆلار و كاریگەری لەسەر گەشەی ئابووریی جیهان، جەبار گۆران وتی: «هەندێك لە شرۆڤەكاران دەڵێن تا كۆتایی ساڵی 2022، نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 65 دۆلار دادەبەزێت و گەشەی ئابووریش لە تەواوی جیهاندا پاشەكشەیەكی زۆر گەورە  دەكات». 

#ئاڵتوون

بابەتە پەیوەندیدارەکان