لـــــیدای شاعیر و پزیشک

02:16 - 2024-10-31
ئەدەب و هونەر
382 جار خوێندراوەتەوە

گفتوگۆی نیهاد جامی 


لیدا کچە شاعیرێکی کۆلۆمبییە بەدوای ماڵی عەشقدا دەگەڕێت لەناو زمانی نووسیندا، ئەو جگە لەوەی وەک شاعیرێک ناسراوە، کەچی ئەو لە بنەڕەتدا پزیشکە، پزیشکیی وەک پیشە ناو دەبات و شاعیرییش وەک عەشق. سەرباری تێکستەکانی خاوەنی روانین ودیدێکی تایبەتی شیعرییە، بۆیە لەم کورتە دیدارەدا هەوڵ دەدەین لە جیهانی شیعری ئەو نزیک بکەوینەوە:
* کاتێک مرۆڤەکان دڵمان دەشکێنن، ماڵ وەک شوێن بوونی نامێنێت بۆ خەون بینین، نووسین دەبێتە تاکە شوێنێک تا ماڵی لە دەستدراو بگوازینەوە ناو نووسین، لە زۆربەی تێکستەکانی ئێوەدا بەدوای ئارامی و عەشق لەو مالەدا کە شیعرە، دەگەڕێن، هەربەڕاست تۆ لەناو نووسیندا بەدوای شوێنێکی ئارامدا دەگەڕێیت؟ یاخود نووسین دوا هەوڵێکە و ئەویش  نائومێدت دەکات؟
لیدا: تۆ رێک باس لەشیعری من دەکەیت، بۆیە پێویستە بزانیت کاتێک کەسانێک دڵمان دەشکێنن، ئیدی ئەوە من نیم دەڕۆم، ئەوە ئەوانن ناچان بەتەنیا بڕۆن، بە تەنیا بژین. ئەوەی ئێمە لەو ساتەدا تیایدا دەژین هەر ئەوەیە تەنانەت ناتوانین دان بەبالیفەکەدا بنێین، بۆچی؟ چونکە هەرگیز بەکارتنەهێناوە، لەبەرئەوە هیچ ماڵێک بۆ رۆح لە شیعر باشتر نییە، هیچ پێویست ناکات کاردانەوەیەکت هەبێت بۆ ئەوەی شاعیر بیت، تەنها گوێ لەوە بگرە کە دڵە شکاوەکەت چیتر دەکات.
* کەواتە گەر وابێت دەبێت بلێین شیعر جیاواز لە هەر ژانرێکی ئەدەبیی، پەیوەندییەکی راستەوخۆیە لە نێوان هەستیاریی مرۆڤ ودڵدا و گەڕان بەدوای خۆشەویستییەکی نەناسراو لە ناو نووسیندا، کە تۆ لەنووسیندا بەدوای دەگەڕێیت نەک لەخودی ژیاندا، بەوەی لە شیعردا مرۆڤ دەدۆزیتەوە و دەیبینیت، ئێستا دەمەوێت لەو بارەیەوە شتێک روون بکەیتەوە: ئایا لای تۆ مرۆڤ یادەوەرییە یان بوونەوەرێکی شیعرییە؟
لیدا: شیعر خۆی خۆشەویستییە کەواتە خودی مرۆڤە، هەموومان شیعرین، تەنها هەندێک یەکتر دەناسنەوە و هەندێکی ترنایناسنەوە، هەندێکی تر ئێمە لە لایەن کەسێکەوە دەدۆزرێینەوە کاتێک هەنگاوی یەکەمی ناسینەوە دەنێین، وابزانم مرۆڤێکم بەدڵ ئەو بوونەوەرە شیعرییە دەژیێنمەوە کە لە ناوەوە هەڵیدەگرم، هەر لە بچووکییەوە خۆم لەگەڵ شیعردا ناساندەوە، دەمخوێندەوە وحەزم لە ئەنجامدانی ئەو کارە بووە. منداڵیم ئەوەندە شآد بوو، ئەو ناخۆشیانەی کە ژیان پێی بەخشیووم، وەک مرۆڤێک کە ژیانێک ژیاوم بوون بە سۆزێک تا بیخەمە ناو بەیتەکانمەوە، لەرووی پاکیزەییەوە وەک پزیشکیی وایە بۆ من، هەردووکیان پێکەوە واتە نووسین و پیشەکەم پاکیزە و هەستیارن.
*کەواتە ناچارم لەو خاڵەوە بمەوێت گفتوگۆکەمان دابخەم بەوەی ئاخۆ شوێنێک هەیە بتوانێت بکەوێتە نێوان خۆشەویستی وشیعرەوە، بەتایبەتی گەر بگەڕێینەوە بۆ یەکێک لەشیعرەکانی ئەم دواییەت کە دەنووسیت: ئەوانەی شیعرن دروستکراون بۆ ئەوەی عاشق بن.
لیدا: بڕوام وایە شوێنێک نییە بیکەینە ماڵی پەیوەندیی نێوان خۆشەویستی و شیعر، شیعر یەکسانە بە خۆشەویستی و بە پێچەوانەشەوە، کاتێک ئێمە عاشق دەبین بەیتەکان لە هەموو شوێنێکدا هەڵدەقوڵێن، تەنانەت گەر ئەو کەسە لە تۆ بێئاگایش بێت، تۆ وەک شاعیر عاشق دەبیت ئەوەش وا دەکات شیعر هەمیشە رۆڵی خۆشەویستی دەدات، بەواتای ئەو دووانە لەیەکتری جیاناکرێنەوە، بۆیە گەر نەتوانین شیعرمان خۆشبوێت، ئەوەی سەرگەرمی کردووین دەبێت بە ژانری تێکستێکی ترو نابێت بە شیعر.
*لیدا من دەمویست پرسیارەکە ببێت بە داخستنی گفتوگۆکە، بەڵام با پەراوێزێک بۆ ئەو داخستنە بکەینەوە، کاتێک عەشق وەک پەیوەندیی شکست دەهێنێت، بەر لە نووسینی شیعر ئاخۆ ئەوە کەوتنی مرۆڤ نییە، وەک عاشق و سەرەنجام وەک شاعیریش؟
لیدا: باوەڕم وایە کە هەرگیز ناکەوم، چونکە هەرگیز واز لە خۆشەویستی ناهێنم، وازنەهێنان لەخۆشەویستی بەمانای دەستبەردارنەبوونە لە شیعر، بەوەی هیچ کاتێک واز لە شیعربوون و شاعیربوون ناهێنم، با هەر ئەوەش ببێت بە کۆتایی گفتوگۆکەمان.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان