سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت رووندەکاتەوە

04:02 - 2024-10-31
کوردستان
252 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی هەرێمی کوردستان پاش هەڵبژاردن، پرسی پێشمەرگە و پێشکەشکردنی خزمەگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

لەدیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت روونکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی بەپەرۆشییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و تەندروست دەڕوانێت، حکومەتێک رەنگدانەوەی خواستەکانی خەڵک بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت مەرام و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت و دامەزراوە حکومییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت. 

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد، بەپشتیوانیی خەڵک توانیمان کۆتایی بە تاكڕەوی بهێنین و نەهێڵین چیتر ئەم حوکمڕانییە چەوتە درێژە بکێشێت. قۆناغی داهاتووش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری، هیوادارم هەموولایەنەکان خۆیان لەگەڵ ئەم پرەنسیپە بگونجێنن، چونکە ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو.

لەبارەی چاکسازییەکانی ناو ریزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی و لەسەر بنەمای دادپەروەری، سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، هەموو هەوڵێک لە دەرەوەی رێکەوتنەکان وەک لێدان لەم پڕۆسە نیشتمانییە دەبینین، بۆیە هیوادارین هەموان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و بێگومان هاوکاریی دۆستەکانیشتمان لەپێناوی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بەرز دەنرخێنین.

لەبارەی پڕۆسەی 'هەژماری من'ـیشەوە سەرۆکی یەکێتی وتی، ئەم پرسە کۆتاییهاتووە، ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئێمە جێبەجێی دەکەن و هەوڵەکانمان لەپێناوی ئەواندایە، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە یاسا کار بە 'تەوتین' دەکەین کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆراندایە نەک لایەنێکی دیاریکراو.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان