راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا
لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆر لە كەلوپەل و پێداویستیی سەرەكیی هاووڵاتییان بە دۆلار هاوردە دەكرێت و كڕین و فرۆشیان پێوەدەكرێن، لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەکدا لە بەهای ئەو دراوە كاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و نرخی خۆراك و پێداویسییە سەرەكییەكان دەبێت، ئەوەی جێگای نیگەرانی خەڵكە لە كاتی نزمبوونەوەی دۆلاردا بارودۆخەكە ناگەڕێتەوە دۆخی جاران و كەلوپەلەكان هەرزان نابنەوە، ئابووریناسانیش پێیانوایە لەبەر ئەوەی بازرگانان لە كاتی هاوردەكردنی كاڵاكاندا لە بانكی ناوەندی عیراق دۆلار بە هەرزانتر لە بازاڕ وەردەگرن، بۆیە ئەوان لەو بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی دۆلارە زەرەرمەند نابن، كەچی بەشێكیان نرخی كەلوپەل لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەكەن، لایەنی پەیوەندیداریش لە حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانن لە نەبوونی چاودێریی لەسەر بازاڕەکان.
لەو بارەیەوە کڕیاران و هاووڵاتییان بە گشتی لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدان هەرکاتێک گۆڕانکاریی لە نرخی دراوەکاندا روودەدات لە خەمی دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیاندان، بە تایبەتی فەرمانبەران و مووچەخۆران، ئەوان هەست دەکەن لەگەڵ بەردەوامیی ناسەقامگیری نرخی دۆلاردا هێزی ئەو پارەیەی لە رێگای مووچەکانیانەوە وەریدەگرن کەمتر دەبێتەوە و بە زەحمەت دەتوانن پێداویستیی خۆیان بەو پارەیە دابین بکەن.
د. نەوزاد هەمەوەندی بۆ کوردستانی نوێ : بازرگانان بۆ هاوردەكردنی كاڵاكانیان دۆلار لە بانكی ناوەندی بە 132هەزار دینار وەردەگرن، واتە نزیکەی 18هەزار کەمتر بۆ هەر 100 دۆلارێک، لەبەر ئەوە زیان بەوان ناگات
رەمزی گۆمەشینی بۆ کوردستانی نوێ : بۆ ئەوەی رێگا نەدرێت هەندێك بازرگان یاری بە قوتی خەڵك بكەن، پێویستە چاودێرییەكی توند لەسەر بازاڕەكان هەبێت، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە كاریگەرییەكانی بەهای دۆلار و دینارەوە هەیە
خاوەن مارکێتەکان بە ناچاری نرخ زیاد دەکەن
ئەحمەد قادر وەك خاوەنی یەكێك لە ماركێتەكانی شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمە وەك فرۆشیارێكی خۆراك و پێدوایستیی سەرەكیی رۆژانەی خەڵك زیاتر هەست بەو دیاردەیە دەكەین، چونكە لە كاتی كڕینی كەلوپەلەكانمان لە بازرگانان دەبینین كۆی گشتی نرخەكان گۆڕانكاری بەسەر داهاتووە، واتە بە نرخی ئەو رۆژەی دۆلار دەیفرۆشن، لە كاتێكدا ئەوان پێشتر كاڵاكانیان هاوردە كردووە.
وتیشی: كاتێكیش دۆلار دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی، كەچی نرخی كاڵاكان هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە، ئێمەش وەک خاوەن مارکێتەکان ناچارین بە نرخی رۆژ بە هاووڵاتییانی بفرۆشین، كە بێگۆمان بۆ كڕیاران گرانتر دەوەستێت، بەڵام هۆكارەكەی ئێمە نین، بەڵكو ئەوانەن كە بە دۆلار كاڵا لە دەرەوە هاوردە دەکەن و بە دینار دەیدەنەوە بە فرۆشیاران.
ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بەوەشكرد: كاتێك پرسیار لە بازرگانان دەكەین بۆچی ئێستا دۆلار دابەزیوە كەچی نرخەكان وەك ئەو كاتەیە كە دۆلار بەرز بوو، پێمان دەڵێن ئێمە ئەو كاتەی كەلوپەلەكانمان هاوردە كردووە نرخی دۆلار بەرز بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە بازرگانان كۆگا و شوێنی گەورەیان هەیە و ئەو پێداویستییانەی هاوردەی دەكەن بەشی چەند رۆژ و مانگیش دەكات.
چارەسەر ئەوەیە یەک دراو بەکار بهێنرێت
حەمید ئەسعەد فرۆشیارێكی تر بوو لەو بارەیەوە وتی: بەشێك لە بازرگانان جگە لەوەی سوود لەو بڕە دۆلارە وەردەگرن كە لە بانكی ناوەندی بەناوی بازرگانییەوە 100 دۆلار بە 132 هەزار وەریدەگرن، ئەوان لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەكدا لە بەهای دراوەكان سوودی خۆیان دەخەنە سەر كاڵاكان، واتە بەشێكیان ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بە فرسەت دەزانن تا قازانجێكی تر لە كەلوپەلەكانیان بكەن.
ئەو فرۆشیارە باسی لەوەشكرد: باشترین چارەسەر بەكارهێنانی یەك دراوە لە مامەڵەكردن و كڕین و فرۆشتندا ئەویش دیناری عیراقییە، واتە حكومەت خۆی دۆلار بدات بە بازرگانان بە نرخی پاڵپشتكراو، ئەوانیش كەلوپەلەكان بەدینار بدەنەوە بە فرۆشیاران و ماركێتەكان، بەمەش گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار كاریگەریی لەسەر بازاڕ كەمتر دەبێت، بەو پێیەی ئەگەر دۆلار بەرزیش بێتەوە كاریگەریی لەسەر بازرگانان نابێت، چونكە ئەوان خۆیان دۆلاریان بە كەمتر لە حكومەت وەگرتووە.
د. نەوزاد هەمەوەندی پسپۆڕی ئابووری لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەكان بە تایبەتی دۆلار سەقامگیر نییە، نرخی كەلوپەلە سەرەكییەكانی هاووڵاتییان بە تایبەتی خۆراك بەرزی و نزمیی زۆر بە خۆیەوە دەبنێت، ئەمەش كاریگەریی ئابووریی كردۆتە سەر هاووڵاتییان بە تایبەتی مووچەخۆران و فەرمانبەران.
وتیشی: ئەوەی جێگای نیگەرانییە كاتێك نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر نرخەكان دەبێت و زیاد دەبێت، بەڵام لە كاتی دابەزینی دۆلاردا نرخی كەلوپەلەكان هەرزان نابێتەوە، ئەمەش بە پاساوی ئەوەی پێشتر ئەو کەلوپەلانەیان بەگران کڕیوە بۆیە ناتوانن هەرزانی بکەن. هەموو ئەوانەش بۆ نەبوونی چاودێری و بەدواداچونی لایەنی پەیوەندیدار دەگەڕێتەوە، كە پێویستە سنوورێک بۆ ئەو دیاردەیە دابندرێ.
خەڵكیی كەمتر پارە خەرج دەكەن
ئەو ئابووریناسە ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی بەشێك لە بازرگانان باسی دەكەن ئەوان بە هیچ شێوەیەك لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناردا زەرەرمەند نابن، چونكە لەلایەك لە كاتی بەرزبوونەوەی دۆلاردا بڕێك پارە دەخەنە سەر كەلوپەلەكان، لەلایەكی تر ئەوان بۆ هاوردەكردنی كاڵاكانیان دۆلار لە بانكی ناوەندی بە 132هەزار دینار وەردەگرن، واتە نزیکەی 18هەزار کەمتر بۆ هەر 100 دۆلارێک.
رەمزی گۆمەشینی ئابووریناس و خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: بە دڵنیاییەوە كاتێك گۆڕانكاریی لە نرخی دۆلاردا دەبێت، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێت و نرخەكان بەرز دەبنەوە، بە پێچەوانەوە لە كاتی دابەزینی نرخی دۆلاردا ئەو نرخانە ناگەڕێنەوە دۆخی جارانی خۆیان، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بازاڕ و كڕین و فرۆشتن دەبێت، چونكە هەركاتێك دۆلار سەقامگیر نەبێت، خەڵكیی كەمتر پارە خەرج دەكەن.
وتیشی: بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی بازاڕ بكرێت و رێگا نەدرێت هەندێك بازرگان یاری بە قوتی خەڵك بكەن، پێویستە چاودێرییەكی توند لەسەر بازاڕەكان هەبێت، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە كاریگەرییەكانی بەهای دۆلار و دینارەوە هەیە، چونكە بەو پێیەی ئێمە لە نزیكەوە ئاگادارین هەندێكجار بازرگانان بەبێ هۆكار نرخەكان بەرز دەكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدا رەوشی مووچەخۆران و فەرمانبەران باش نییەو مووچە لە كاتی خۆیدا وەرناگرن.