ئا: تاراشێخ عوسمان
لە 21ی نیسانی ئەمساڵ و لە میانەی ئاهەنگی دەستپێكردنی (كۆڕبەندی بواوی ئاسیا) بۆ ساڵی 2022 كە لە شاری هاینانی چین بەڕێوەچوو، شی جین بینگ-ی سەرۆكی چین لە وتارێكی ڤیدیۆییدا كە بە ناونیشانی دەست لەناو دەست بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و هاوكاریی بۆ كردنەوەی ئاسۆكانی داهاتوو، پێشنیازێكی ئاسایشی جیهانی خستەڕوو بە مەبەستی بەشداریكردن لە چارەسەرەكان و دانایی چینیی بۆ سەقامگیركردنی ئاسایشی جیهانیی، بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی لاوازیی ئاشتیی جیهانیی و لاوازیی ئاسایش و لاوازیی متمانە و لاوازیی حكومەتەكان و لیستێكی تری ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییە زۆرانەی كە یەخەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە.
کێشەکانی جیهان
ئێستا جیهان بە قۆناغێكی نە ئاسایش و نە ئاشتیدا تێدەپەڕێت و بە شێوەیەكی بێ پێشینە گۆڕانكارییە جیهانییەكان و گۆڕانكارییەكانی سەردەم و گۆڕانكارییەكانی مێژوو ئاشكرا دەبن، مرۆڤایەتی هێشتا لە تەمتومانی پەتای كۆرۆنا رزگاری نەبووە كە بە پەتای سەدە ناوزەند كراوە، كەچی لەڕووی ئاسایشەوە رووبەڕووی چەند مەترسییەك بۆتەوە.
سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆكرانیا لە یەككاتدا بووە جێگەی بایەخ و نیگەرانیی جیهان، هەروەها ململانێ و شەڕە ناوخۆییەكان یەك لە دوای یەك سەرهەڵدەدەن، هەڕەشە و هەژموونی سیاسەتی هێز و هەڕەشە ئەمنییە نائاساییەكانی وەك تیرۆر و گۆڕانكاری كەشوهەوا و ئاسایشی سەیبرانی و قەیرانی پەنابەرانیش زیاتر بوون و ئەم گۆڕانكارییە خێرایانەش كە ماوەی سەدەیەكە بەم شێوەیە نەبووە، بۆتە هۆی ناسەقامگیریی ئاسایشی جیهانیی و گومانكردنیش روونتربووە، بۆیە كۆمەڵگەی مرۆیی زۆر پێویستی بەوەیە ئاڕاستە بكرێت بەرەو جیهانێك كە ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی باڵی بەسەردا كێشابێت.
کۆمەڵێک پێشنیاز بۆ ئاشتیی جیهان
لەبەر رۆشنایی ئەو باکگراوندانە و لە سۆنگەی پەرۆشیی بۆ داهاتوو و چارەنووسی كۆی مرۆڤایەتی، سەرۆكی چین ئەو پێشنیازانەی خستەڕوو و داواشیكرد هەموان پێوەی پابەند بن.
-دەستگرتن بە چەمكی ئاسایشی هاوبەش و گشتگیر و هاوكاریی بەردەوام، هەموان پێكەوە كار بكەن بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهان.
-پابەندبوون بە رێزگرتن لە سەروەریی و یەكپارچەیی وڵاتان و پشتیوانیكردنی لە دەستوەرنەدانە كاروباری ناوخۆی وڵاتان و رێزگرتن لە بژاردە سەربەخۆكان بۆ گرتنەبەری ئاڕاستەكانی گەشەپێدان و رێكخراوە كۆمەڵایەتییەكان كە خەڵكیی لە وڵاتە جیاجیاكان پەیڕەوی دەكەن.
-پابەند بوون بە مەبەست و بنەماكانی گەڵاڵەنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و رەتكردنەوەی عەقڵییەتی جەنگی سارد و وەستانەوە لەبەردەم تاكڕەویی و وتنەوەی ( نا بۆ سیاسەتەكانی هاوپەیمانی روبەڕوبوونەوەی تەكەتولەكان).
-پابەندبوون بەوەی كاروبارە ئەمنییە یاساییەكانی هەموو وڵاتان بەهەند وەربگیرێت، هەمووشمان پابەند دەبین بەوەی كە بنەماكانی ئاسایش شیاوی پەرتەوازە بوون نییە، هەروەها هەیكەلێكی ئەمنیی هاوسەنگ و كارا و بەردەوام دروست دەكەین و رووبەڕووی ئەوانە دەوەستین كە سەقامگیركردنی ئاسایشی خۆیان لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دیكە بنیاتدەنێن، هەروەها هەموومان پابەند دەبین بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی ناكۆكی و ململانێی نێوان وڵاتان لە رێگەی گفتوگۆ و راوێژی گونجاوەوە و پشتیوانی لە هەموو هەوڵێك دەكەین كە دەبێتە هۆی یەكلاكردنەوەی ئاشتییانەی قەیرانەكان و پێوانە دووسەرییەكان رەتدەكەینەوە و لە دژی سزادانی ستەمكارانەی یەكلایەنە دەوەستین.
-پابەندبوون بە پاراستنی ئاسایش لە بوارە نەریتی و نانەریتییەكان و كاركردنی پێكەوەیی بۆ چارەسەركردنی ململانێ هەرێمایەتییەكان و ئاڵنگارییە جیهانییەكانی وەك تیرۆر و گۆڕانكاریی كەشوهەوا و ئاسایشی سایبرانی و ئاسایشی بایۆلۆژی.
ئاشتییەكی جیهانیی درێژخایەن
پێشنیازی ئاسایشی جیهان بەو پێیەی بەرهەمهێنەری گشتیی و نێودەوڵەتییە كە چین پێشكەشی دەكات، جەخت لەوە دەكاتەوە كە مرۆڤایەتی كۆمەڵگەیەكی ئاسایشییە و شیاوی پەرتەوازەیی نییە و چەمكە بنەڕەتییەكانی ئاسایشی جیهان و بە دیهێنانی رووندەكاتەوە پابەندبوونیش بەم بنەما گرنگ و ئامانجە دوورمەودا و بیرۆكە بە سوود و بیركردنەوە گشتگیرە بە تەنها بۆ گەیشتن بە ئاستێكی بەرز نییە، بەڵكو تێروانینی نیمچەییش دەگرێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەمەش بە تەنها مانای كێشە عەمەلییەكانی ئاسایشی مرۆیی نییە، بەڵكو بۆ هەوڵدانە لە پێناوی بەدێهێنانی ئاشتییەكی جیهانی درێژخایەن، هەروەها ئەو پێشنیازەی ئاسایشی جیهانە، فرەییەكی راستەقینەیە و بەسەر جیهاندا كراوەتەوە، چینیش بە تەنها لایەنگری ئەو پێشنیازە نییە، بەڵكو چالاكیشە لە جێبەجێكردنیدا.
چین و ئاشتیی جیهان
چین بە وڵاتێكی سەرەكی بەرپرس لە دروستكردنی ئاشتیی جیهان دادەنرێت و بەشداریشە لە گەشەپێدانی جیهان و بەرگریكارە لە سیستمی نێودەوڵەتی.
چین بە بەردەوامی و بە وریایی بەشداربووە لە روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئاسایشی جیهان و باشكردنی ئیدارەدانی ئاسایشی جیهان، ئەوە بوو لە ساڵی 2013 دا كاتێك شی جین بینگ لە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی چین و لەیەكەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات، تێڕوانینی قووڵی خۆی سەبارەت بە پرسەكانی ئاسایشی جیهان خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە لە روبەڕوبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییە نێودەوڵەتییە ئاڵۆزەكان، زۆر ئەستەمە بە تەنها بجەنگیت، هێزی زۆر و زەوەندیش بەس نییە، بۆیە هاریكاریی ئاسایش و ئاسایشی گشتیی و ئاسایشی هاوبەش بژاردەی راستن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.
چەمكی ئاسایشی ئاسیا
لە كۆنگرەی كارلێك و رێوشوێنەكانی دروستكردنی متمانە لە ئاسیا (CICA)كە لە ساڵی 2014دا لە شەنگهای رێكخرا، دیسان (شی جین بینگ) چەمكی ئاسایشی ئاسیای خستەڕوو كە خۆی لە ئاسایشی هاوبەش و گشتگیر و هاوكاری بەردەوامدا دەبینییەوە، لەو كاتەوە تا كۆنگرەی باڵای جنێڤ لە ساڵی 2017 تایبەت بە گفتوگۆكردنی هاوبەش و بنیاتنانی داهاتووی كۆمەڵگەی هاوبەشی مرۆڤایەتی و كۆبوونەوەی 20 ی ئەنجومەنی سەرانی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە لە 2020 رێكخرا، تا ئەو كۆبوونەوەی لوتكەیەی بەبۆنەی یادی 30 ساڵەی دروستكردنی پەیوەندیی نێوان چین و پێنج وڵاتی ئاسیا و چەندین بۆنەی تر لە ساڵی 2022دا بەڕێوەچووە ، سەرۆكی چین چەندین جار داوای چەمكی ئاسایشی هاوبەش و گشتگیر و هاوكاری بەردەوامی كردووە و داواشی كردووە كە رێگە چارەی كێشەكانی ئاسایشی جیهانی گەشەی پێبدرێت و دەوڵەمەند بكرێت.
ئێستاش لەگەڵ ئەو تێڕوانینە فراوانە و ئەو باکگراوندە واقیعییە، دەستپێشخەریی ئاسایشی جیهانیی، كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی كۆدەكاتەوە و داوای هاوپشتیی و هاوكاری دەكات، ئەمەش كردەیەكی زیندووی چەمكی كۆمەڵگەی چارەنووسی هاوبەشی مرۆییە لە بواری ئاسایشدا، بە دڵنیاییەشەوە ئەمە پشكی دەبێت لە چاكسازیی لە سیستمی ئیدارەدانی ئاسایشی جیهان و چارەسەكردنی گرفتی ئاسایشی مرۆیی و سەقامگیركردنی بنیاتنانی كۆمەڵگەی چارەنووس هاوبەشیی مرۆیی و پێشكەشكردنی رێنماییە چەمكییە گرنگەكان.
سەرچاوە: صحیفة الشعب الصینیة اونلاین