بۆ یەكەمجار، دانانی سۆلار لە نێوان رەیلی شەمەندۆفێردا

10:34 - 2024-11-04
ژینگە
72 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

كۆمپانیای (سەن وایز)ی سویسری بڕیاریدا بۆ یەكەمجار سۆلاری تایبەت بە كۆكردنەوەی وزەی خۆر و گۆڕینی بۆ وزەی كارەبا لە نێوان رەیلی شەمەندۆفێردا دابنێت، بۆئەوەی لە كەمترین پانتاییدا زۆرترین سوود وەربگرێت، پرۆژەكە لە شارەوانی ئیگلی باشووری خۆرئاوای سویسرا جێبەجێ دەكرێت و بە تەواوبوونیشی 288 كیلۆ وات كارەبا دابین دەكات.
توانای بەرگەگرتنی بارودۆخی ناهەمواری هەیە 
كۆمپانیای سەن وایز لە مانگی ئایاری رابردووەوە پلانی دامەزراندنی پڕۆژەیەكی لەو جۆرەی راگەیاندووە، كە بریتییە لە دانانی پانێلی سۆلار لە نێوان هەردوو رەیلی شەمەندۆفێردا، سۆلارەكانیش بە شێوەیەك دروستكراون، كە دانان و هەڵوەشاندنەوەیان زۆر ئاسان بێت، بەڵام بەڕێوەبەرێتی گواستنەوە و گەیاندن سەرەتا بەم بیرۆكەیە رازی نەبوو، ئێستا دوای وەرگرتنی رەزامەندیی كۆمپانیاكە لەسەر یەكێك لە هێڵەكانی شەمەندۆفێر بە درێژی 500 مەتر سۆلاری بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە تیشكی خۆر دادەنێت، ئەگەر پرۆژەكەش سەركەوتوو بوو، ئەوا كۆمپانیاكە هەوڵ دەدات هەمان ئەزموون لە فەرەنسا، رۆمانیا، كۆریای باشوور، چین، تایلاند، ئوسترالیا و ئەمریكاش دووبارە بكاتەوە.
ئەم پانێلانەی كۆمپانیای سەن وایز دایاندەنێت، جگە لەوەی لە كاتی چاکكردنەوە و پاكردنەوەدا زۆر بە ئاسانی لێدەكرێنەوە و دادەنرێنەوە، بۆ بەرگەگرتنی بارودۆخی ناهەمواریش گونجاوە، چونكە توانای بەرگەگرتنی تێپەڕبوونی شەمەندۆفێرەكانی هەیە بە خێرایی 150 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا و خێرایی (با)ش تا 240 كیلمەتر لە سەعاتێكدا كاری تێناكات.
سوود لە وزەی خۆر دەبینێت
سویسرا تەنیا بەوەوە ناوەستێ بۆ زیادكردنی بەرهەمی وزەی نوێبووەوە، بەڵكو بە تەكنیك و شێوازی جیاجیا هەوڵ دەدات سوود لە وزەی خۆر ببێنێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، بۆ نموونە پرۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی تیشكی خۆری لە چیاكانی ئەڵپ دەستپێكردووە، كە لە 35 پانێلی سۆلاری دووڕوو پێكهاتووە، بە توانای 448 كیلۆ وات و لە عەمباری كۆكردنەوەی ئاوی باران دەبەسترێ، بیرۆكەكەش بەو شێوەیەیە، كە عەمباراوەكان هەم ئاوی باران گلدەدەنەوە و هەم وزەی كارەباش لە تیشكی خۆر و لە رێگەی سۆلارەكانەوە بەرهەمدەهێنن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، مەسەلەی بەكارهێنانی زۆرترین پانتاییە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن، كە لە زۆر وڵات تا ئێستا هیچ گرنگیی پێ نەدراوە، وڵاتانی پێشكەوتوو بستێك خاك بە فیڕۆ نادەن و هەوڵ دەدەن سوودی لێوەربگرن، بەڵام وڵاتانی دواكەوتوو، تا ئێستاش نە لەگرنگی پانتایی و خاك تێگەیشتوون و نە لە تەكنۆلۆژیای نوێ  و بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن، وەك بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە تیشكی خۆر.
سەرچاوە: پێگەی الطاقة 

بابەتە پەیوەندیدارەکان