پێگەی مەسیحییەکان و بزاوتی کوردایەتی

12:00 - 2024-11-04
کەلتور
88 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف فاتیح فەرەج



کتێبەکە زانیاریی وردی لەبارەی ژمارەی پێشمەرگەی مەسیحی سەر بە لایەنە کوردستانییەکان و شەهیدەکانی یەکێتی و شیوعی و پارتی تێدایە

چـــەند رۆژێک لــــەمەوبەر کتێبێکی دکتۆر جـــەمیل عیــسام بەرچاوکەوت لەسەر پێگەی مــەسیحییەکــان و بــــزووتنەوەی کــــوردایەتی لــــە کـــوردستان، ناونیشــــانەکە بەمـــجۆرەیە،
(پێگەی مەسیحییەکان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا) کتێبەکە ســــاڵی2023 چاپکراوە، کتێبێکی پڕ زانیارییە لەسەر رۆڵی مەسیحییەکان لە بزاوتە کوردستانییەکانی باشووردا و لە هەشت بەش پێکهاتووە، بایەخی کتێبەکە لەوەدایە، بەزمانێکی دیرۆکی و سادە، رۆڵی مەسیحییەکانمان نیشاندەدات و ئازار و خەبات و  قوربانیدانی ئەوانمان بۆ دەگێڕێتەوە.
کتێبەکە لە سەرەتادا ماف و ئیمتیازی  مەسیحییەکان و بایەخپێدانی یاسایی بەوان نیشان دەدات و  ئەو دەستکەوتانەمان بۆ باس دەکات چ لە سەردەمی رژێمی پێشوو، چ لە سەردەمی حوکمڕانیی کوردیدا، سەبارەت بەوان بەدیهاتووە، هەرچەند دەستکەوتەکان بارتەقای قەبارەی بوون و مێژووی ئەوان نییە.
یەکێک لەو بەشانەی کە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و قسەی لەبارەوە بکرێت، بابەتی ئەنفالی مەسیحییەکانە لە قۆناغی هەشتی ئەنفالدا، ئەم بابەتە کاتی خۆی پارێزەر تاریق جامباز بە عەرەبی بڵاویکردووەتەوە و ئێستاش دکتۆر جەمیل عیسا وەک هاوئازارێکی پێکهاتەکەی خۆی باسی دەکات، لێرەدا زانیاریی لەسەر 165هاووڵاتی مەسیحیی گوندەکانی بادینان زنجیرە بەندکراوە کە بەر پەلاماری دڕندانەی ئەنفال کەوتوون، کە دانیشتووی بیست و سێ گوند و شوێنن، ئەوانیش وەک هەزاران قوربانیی کورد بێسەر و شوێنکراون.
کتێبەکە زانیاریی وردی لەبارەی ژمارەی پێشمەرگەی مەسیحی سەر بە لایەنە کوردستانییەکان و شەهیدەکانی یەکێتی و شیوعی و پارتی تێدایە، لەو مەسیحیانەی چەکیان لەپێناوی ئازادیدا هەڵگرتووە، هەروەها لەسەر ناودارانی بوارە جیاجیاکان قسە کراوە، بەتایبەت هونەرمەندانی بەناوبانگی وەک خاڵە سێوە، ولیەم یوحەنا و باکووری و هتد.
بەڕاستی ئەو کارەی دکتۆر جەمیل عیسا جێی ستایش و دەستخۆشییە و هەمیشە چاوەڕێی بەرهەمی هاوشێوەی لێدەکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان