هێمن ئەحمەد
بەڕێوەبەری بەنداوەكانی كەركوك، ئەوە دەخاتەڕوو كە سنووری پارێزگاكەیان پێویستی بە پرۆژەی ستراتیژیی گەورە هەیە لە بەنداو و پۆند و پرۆژەی ئاودێری، بەوەش مەترسیی وشكەساڵی نامێنێت.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، عەممار عەلی بەڕێوەبەری بەنداوەكانی كەركوك، رایدەگەیەنێت: بەهۆی هەڵكەوتەی شارەكەمانەوە و بوونی زەوییەكی زۆری كشتوكاڵی و ژمارەیەكی زۆر گوند و لادێ، كە سەرقاڵی كشتوكاڵن، پێویستە كار و پلانەكان بەو ئاڕاستەیە بن ژمارەیەك پرۆژەی ئاودێری و بەنداو و پۆند بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لە رابردوودا چەند بەنداو و بەربەستێكی خۆڵین دروستكراون لە نموونەی بەنداوی رووباری خاسە، بەنداوی شارۆچكەی دووبز، بەربەرستە خۆڵینەكانی شیرین و پەڵكانە لە شارۆچكەی لەیلان، بەنداوی داقوق، بەڵام پێویستمان بە بەنداوی زیاتر هەیە و شاریش رۆژ لەدوای رۆژ فراوانتر دەبێت، وتیشی: دروستكردنی بەنداو و بەربەستی خۆڵین و پۆند، جگەلەوەی مەترسی وشكەساڵی لەسەر چەندین گوند كەمدەكاتەوە و بەرەو ئاوەدانیی زیاتر دەچن، وادەكات كەرتی كشتوكاڵیش بەرەوپێش بچێت و هەرچی ئاوی پێویست بۆ جووتیاران دابینبكرێت و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیش زیاتر دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی پێویستیان بە ئاودانی زۆرە.
بەڕێوەبەری بەنداوەكانی كەركوك، باسی لەوەكرد كە بەنداوی سەر رووباری خاسە لە داهاتوودا پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و فراوانكردن هەیە، هەروەها لە نێو لادێكانیشدا پێویستە چەندین پۆند و بەربەستی خۆڵین دروستبكرێن، ئەم كارانەش پلان و بەرنامەی درێژخایەنی پێویستە.