قوباد تاڵەبانی: یەكێتی، خاوەن پلان و دیدگایەكی چاكسازیخوازە بۆ پێكهێنانی حكومەت

01:16 - 2024-11-05
کوردستان
172 جار خوێندراوەتەوە

لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا و كونسوڵی ئەڵمانیا، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەوەی خستەڕوو كە «یەكێتی، دیدگایەكی تایبەتی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت و هەوڵدەدات بە شێوازێكی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە، كاربكات».
دوێنێ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كرد و لە دیدارێكدا بەئامادەبوونی ستیڤ بێتنەر كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم و ئەحمەد موفتی بریكاری وەزیری سامانە سروشتییەكان، گرنگیی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پێشگرتن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراوی ناوچەیی و هەرێمایەتی، خرایەڕوو. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: «یەكێتی، دیدگایەكی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت و كراوەشە بە رووی هەموو ئەوانەی لەو دیدگایەوە نزیكن لە پرۆسەكەدا، جەختیشیكردەوە كە یەكێتی، هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی بەرپرسیار لەبەردەم خەڵكی كوردستاندا كە دادپەروەرانە و بە شێوازێكی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە، كاربكات».
لەمیانەی دیداری، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، گفتوگۆی لەسەر كرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی و پەلەكردن بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پاراستنی پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستان.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان