پەندی گەورە بۆ کاربەدەستان و بۆ مرۆڤەکان بەگشتی

راڤەکردنی هەندێک لە وتەکانی ئیمام عەلی

11:37 - 2024-11-06
دووتوێ
155 جار خوێندراوەتەوە

پشتیوان ئەحمەد

 

ئیمام دەڵێت: دەست بە پارەوە بگرن و بە تەگبیربن و منداڵ کەم خستنەوەش جۆرێکە لە تەگبیر، گەر بە تەگبیریش بن دەتوانن بەرگەی نەداری بگرن

ئیمام عەلی زۆر جەختی لەسەر هەژار و هەژاریی کردووە، نەبوونی و کەمدەستی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی بە کێشەی سەرەکی داناوە. زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتیشی بۆ جیاوازیی کۆمەڵایەتی گەڕاندووەتەوە. بۆ نموونە، کە یەکێک دەڵێت: دەوڵەمەند لەبەرئەوەی زیرەکە دەوڵەمەندە و هەژاریش لەبەرئەوەی زیرەک نییە، هەژارە.
ئیمام دەڵێت: وانییە، برسێتی وای لە هەژار کردووە زیرەک دەرنەکەوێت، ئەگەر هەلی بۆ رەخسا و دەستی گەیشتە پێداویستییەکانی ژیان، لەگەڵ دەوڵەمەندەکان لە رووی عەقڵ و هۆشەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی نامێنێت. دیسان دێتەوە سەر هەمان مەبەست و دەڵێت:(ئەوەی لە وڵاتەکەی خۆی هیچی نەبێت، غەریبە). ئەوەش وتەیەکی (کارل مارکس)مان وەبیردێنێتەوە، کە دەڵێت: پڕۆلیتاریا (کرێکاری کرێگرتە) لە وڵاتەکەی خۆی بێگانەیە. 
ئیمام زیاتر ئەم بۆچوونە شی دەکاتەوە و دەڵێت: (نەداری لە نیشتمان غەریبییە و داراییش لە غوربەتدا نیشتمانە)، ئەمەش راستە و هەر ئەم هەقیقەتەشە وایکردووە هەزاران کرێکار و رەنجدەر ئەمسەر و ئەوسەری دنیا تەی بکەن بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان.
ئیمام جگە لە مردنی بایۆلۆجی، کە هەموومان دەیزانین، جۆرێکی دیکە لە مردنمان بۆ دەخاتەڕوو، دەڵێت: نەداری مردنە گەورەکەیە. لە بۆنەیەکی دیکەدا دەڵێت:(ئەگەر هەژاریی پیاوێک بوایە، دەمکوشت)!.
ئیمام و دەستەیەک لە هاوەڵەکانی، وەکو سەلمانی فارسی و ئەبازەری غەفاری و عەمماری کوڕی یاسر و بیلالی حەبەشی و میقداد و سوهەیب، هەمیشە لە خەمی هەژاراندا بوون و هەوڵیانداوە لە ئازارەکانیان کەم بکەنەوە. ئیمام رێنماییان دەکات و پێیان دەڵێت:(دەست بە پارەوە بگرن و بە تەگبیر بن و منداڵ کەم خستنەوەش جۆرێکە لە تەگبیر، ئەگەر بە تەگبیریش بن، دەتوانن بەرگەی نەداریی بگرن).
هەژار و دەوڵەمەند
لەلایەکی دیکەوە رووی دەمی دەکاتە دەوڵەمەندان و بازرگانان و پێیان دەڵێت: ئەو کەسەی پارە و داهاتی زیاد لە پێویستی رۆژانەی خۆی کۆبکاتەوە، تەماعکار و زاڵمە و دەست بە ستەمکردن دەکات و دەوڵەمەندیش لە خۆیەوە نابێتە دەوڵەمەند تا یەکێک لە تەنیشتی بێبەش و مەحرووم نەکات، نەداری ئەمە، ئەوی کردووەتە خاوەن سەرمایە.
 ئەو دەڵێت: (لە جێگایەک زوڵم و دەوڵەمەندی نابینی، ئەگەر لە تەنیشتی کەسانێک نەبن زوڵملێکراو و بەشخوراو.) بە زمانی ئەمڕۆمان پەیوەندییەکی جەدەلی لە نێوان دارایی و نەداری، کەشف دەکات و بە شێوەیەکی پەنهان چەمکی زێدەبایی (فائض القیمة)ی کارل مارکس دەبینین.
ئیمام ئەبو حەنیفە پاپەند بووە، بەم بۆچوونەی ئیمام و لە ژیانی رۆژانەیدا پەیڕەویی کردووە. ئەبو حەنیفە پشکی لە بازرگانی هەبووە. هەرکاتێک داهاتەکەی زیاتر لە چوار هەزار درهەم بوایە، زیادەکەی بەسەر هەژاران و خوێندکارەکانیدا دابەشدەکرد.
ئیمام لە زۆر شوێن و بۆنەدا، زۆر جەخت لەسەر هاوکاریی کۆمەڵایەتی دەکات و بەوانەی کەمدەرامەتن، بەڵام بژێوی خۆیانیان دابینکردووە، حەزدەکەن هاوکاری نەدارەکان بکەن، بەڵام شەرم دەکەن، ئیمام پێیان دەڵێت:(لە پێدانی کەم شەرم مەکەن، چونکە نەبوونی لە کەمەکە، کەمترە).
ئیمام عەلی کاتێک بوو بە خەلیفە، شێوازی دابەشکردنی بەیتولمالی ژێراوژوورکرد و بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر خەڵکیدا دابەشیکرد، پێش ئەو لە زەمانی پێغەمبەرەوە (د.خ) دابەشکردنی بەیتولمال، بە دەرەجات و ئەولەویات بووە. واتە کێ لە پشتر بووە بە موسڵمان، پشکی زۆرتر بووە.
موهاجیرین لە ئەنسار، زۆرتریان وەرگرتووە، عەرەب لە عەجەم زۆرتری وەرگرتووە، هەرئەمەش بوو وای لە زوبێر و تەلحە کرد لە بەیعەتدان پێی، پەشیمان ببنەوە، بە عەلی دەڵێن: ئێمە دووان لە 10 نزیکەکەی پەیامبەرین، کە موژدەی بەهەشتی پێداون، چۆن وەکو خەڵکی رەشۆک حیسابمان بۆ دەکەیت؟ عەلی پێیان دەڵێت: من یەکێک لە 10 کەسەکە نیم؟. ئەوانیش دەڵێن: بەڵێ. دەڵێت: باشە ئەگەر منیش وەکو ئێوەم وەرنەگرت حەقی خۆتانە گلەیی بکەن.

مردن و هەژاری و غەریبی

ئیمام بەردەوام پێناسەی جیاجیا، بۆ سیانەی مردن و هەژاری و غەریبی دەکات، ئەمجارە دەڵێت:(لەدەستدانی خۆشەویستان، غەریبییە). بەڕاستیش هەروایە.
جوبران خەلیل جوبران دەڵێت: «مرۆڤ کتوپڕ نامرێت، بەڵکو هێدی هێدی دەمرێت. ئیمام عەلی لە ژیانی سیاسی و جیهادیدا، کۆمەڵێک خۆشەویستی لەدەست داوە، کۆچی دوایی ئاساییان کردووە، یاخود شەهید بوون، لەوانە: حەمزەی مامی، کە دەکاتە مامی پەیامبەریش، جەعفەری برای کە لە شەڕی تەبوک شەهید بوو، فاتیمەی هاوسەری و پەیامبەری ئامۆزای و عەممار و ئەبازەری غەفاری و مالیکی ئەشتەر و سەلمانی فارسی و... هتد.
لەدەستدانی وەفادارانی لەلایەک و بەجێهشتنی لەلایەن هەلپەرستانەوە و چوونیان بۆ لای معاوییەی رکابەری لە لایەکی دیکەوە، وای لە ئیمام کرد، زۆر جار هەست بە تەنیایی بکات و خۆی وەکو کەسێکی غەریب و بێکەس بێتە بەرچاو و زۆرجاریش ئەم وتەیەی چەندبارە دەکردەوە:(هەق هاوڕێی بۆ نەهێشتم).
ئیدی حەزی دەکرد ئەم دنیایە بەجێبهێڵێ و دواسەفەر بــــــۆ لای خۆشەویستانی، لە نادیار بکات، پاسەوانی و خۆپارێزی کەم دەکردەوە و کاتێکیش کوڕی مولجم لە پشتەوە بە شمشێر لە سەری دەدات، هاوار دەکات و دەڵێت: بەخوای کەعبە بردمەوە (فزت و رب الکعبة).
ئیمام دەڵێت:(هەرکەس سەرقاڵی عەیب و کەموکوڕییەکانی خۆی بوو، ئیدی ناپەرژێتە سەر باسکردن و چاودێرییکردنی عەیبوعارەکانی کەسانی دیکە) مەبەستی ئیمام ئەوەیە کە کەسی کامڵ بوونی نییە، هەموو کەسێک عەیب و نوقسانیی هەیە و ئیدی پێویست ناکات مرۆڤ بەدوای عەیبوعاری کەسانی دیکەدا بگەڕێت.
زۆرێک لە عاریفەکان ئەم بۆچوونەی ئیمام چەندبارە دەکەنەوە و هەیە دەڵێت: تۆ کاتێک عەیبەکانی کەسێک باس دەکەیت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە خۆت بێ عەیبوعاریت و کامڵیت، بەڵکو عەیبەکانی بەرامبەرەکەت جیاوازە لە عەیبەکانی خۆت.

 

 

ئیمام جگە لە مردنی بایۆلۆجی، کە هەموومان دەیزانین، ئەو دێت جۆرێکی دیکە لە مردنمان بۆ دەخاتەڕوو، دەڵێت: نەداریی مردنە گەورەکەیە. لە بۆنەیەکی دیکەدا دەڵێت: ئەگەر هەژاری پیاوێک بووایە دەمکوشت!


دەسەڵات

کاتێک ئیمام بە سوپاکەیەوە لە کووفەوە بەرەو صەفین بۆ شەڕی معاوییە دەچێت، لە دەروازەی ئەنبار تووشی کۆمەڵێک لە گەورە بەرپرسانی عەجەم ببوو(کە بە دەهقانەکان ناسرابوون)، هەموویان لە ئەسپەکانیان دابەزیبوون و بە راکردن چووبوونە پێشوازیی ئیمام، وتبووی: ئەمە چی بوو کردتان؟ وتبوویان: ئەوە عادەتی ئێمەیە، ئاوەها رێزی گەورەپیاوانی خۆمان دەگرین. ئیمام پێیان دەڵێت: گەورەکانتان سوودی لێوەرناگرن، لەم دنیادا خۆتان ماندوودەکەن و لە قیامەتیشدا تووشی کوێرەوەری دەبن. ئەمە هەڵوێستی ئیمام بووە، پێی ناخۆش بووە خەڵک پێشوازیی لێبکەن و بە گوناهی زانیوە و سەرزەنشتی کردوون.  
ئەمە لای زۆرێکی وەک من پرسیارێک دەورووژێنێ، کاتێک دەبینم بەرپرسانی لای خۆمان چۆن خەڵکی رادەهێنن لەسەر راکردن لە پێشەوە و لە پاشەوەیاندا بە هەلهەلە و چەپڵەلێدان بۆیان.  
یانی چی ئیمام عەلی پێش هەزار و چەند سەد ساڵێک ئەم دیاردەیەی بە قێزەون زانیوە و وتوویەتی ئەوەی ئەم کارە بکات سەرشۆڕی هەردوو دنیا دەبێت. کەچی لای ئێمە بەرپرسەکان خۆیان داوای ئەم کارە نزمانە لە خەڵکی دەکەن و ئەوەی ماستاویان بۆ نەکات فەرامۆشی دەکەن و دەکەوێتە پەراوێزی رووداوەکانەوە! لەو هەزار و چەند سەد ساڵە، چەندین شۆڕشی گەورە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و تەکنۆلۆجی بەرپابووە، چۆن کاری نەکردۆتە سەر بیر و رەوشت و ئەندێشەی مرۆڤی ئێمە بە گشتی و بەرپرس و حاکمەکان بە تایبەتی؟
جارێک ئیمام بە سواریی لە دەروازەی کوفە تێدەپەڕێ(حەرب کوڕی شەرحەبیل) بە پیادە لەگەڵیدا رێ دەکات.
ئیمام پێی دەڵێت:(بگەڕێوە دواوە، ئەم رەفتارە بۆ هەردووکمان ناجۆرە... هەم من تووشی لەخۆباییبوون دەکات و هەم تۆیش ئالوودەی نەخۆشی مەزەللەت و سەرشۆڕی دەکات...).
ئیمام خەڵکی راهێناوە رێزی خۆیان بگرن و خۆیان بن، ماستاو و دووڕوویی بۆ هیچ بەرپرس و حاکمێک نەکەن، تەنانەت ئەگەر ئەمیری باوەڕدارانیش بووە.

 


 

رۆژگار
ئیمام دەفەرموێت: ئەگەر تووشی تەنگانە بوویت، خۆت رابگرە و بەسەبر بە، چونکە فراوانی و فەریحی بە دواوەیەتی. هەموو ناخۆشییەک تاسەر نییە و پێچەوانەکەشی راستە.
 فەیلەسوف و عاریفی هیندی (ئۆشۆ)دەڵێت: ئەگەر تووشی بەڵایەک بوویت، سەبر بکە و خۆڕاگر بە، چونکە تێدەپەڕێت. ئۆشۆ بڕوای وایە، هەموو شتێک تاسەر وەکو خۆی نامێنێت و لە گۆڕاندایە.
ئیمام ئەم بۆچوونە لە جێگایەکی تردا دووبارە دەکاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز. دەفەرموێت:
(زەمانە دوو رۆژە، رۆژێکی لەگەڵتدایە و ئەوی دیکە لە دژتە. ئەگەر سازبوو لەگەڵتدا، لە خۆبایی مەبە و ئەگەر دژیشت بوو، سەبر بگرە و خۆڕاگر بە.)

رق و خۆشەویستی
لە حیکمەتێکی دیکەدا ئیمام دەڵێت: (بە رەهایی هاوڕێکەت خۆش نەوێت، لەوانەیە رۆژێک بێت رقت لێی ببێتەوە، ئەوەی رقیشت لێیە، با بە رەهایی نەبێت، لەوانەیە رۆژێک بێت ببێتە هاوڕێت.) 
ئۆشۆش هەمان مەبەست دەپێکێ، کاتێک دەڵێت: هاوڕێکەت بە بێگانە بزانە. لێی مەترسە، بۆچی لە بێگانە دەترسیت، با بێگانە بێت و هاوڕێشت بێت، چونکە مرۆڤیش وەکو پنتەکانی دیکەی ئەم گەردوونە، ئەویش لە گۆڕاندایە، لەوانەیە هاوڕێکەت کە خۆشتویستووە، بگۆڕێت و خراپەت لەگەڵدا بکات، بۆیە تۆ کاتێک وەکو بێگانە لەگەڵیدا مامەڵە دەکەیت، کاتێک بەرەو نالەباری دەگۆڕێت، تووشی شۆک نابیت.(بڕوانە: ئۆشۆ، نهێنییەکانی ژیان، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی).  
ئیمام دەڵێت:(دوو کەس بەهۆی منەوە فەوتاون، کەسێکیان زیادەڕەۆکارە لە خۆشویستنی مندا و کەسێکیش بێ ئەندازە رقی لێم بێت).
لەبەرئەوەی ئیمام عەلی هەمیشە لەسەر هەق بووە و راستگۆ بووە، ئەم خەسڵەتەی وای لە خەڵک کردووە لە ئاستیدا بە لایەکدا خۆیان ساغ بکەنەوە و بگاتە ئەو رادەیەی ئەوانەی خۆشیاندەوێت بە خودای بزانن، ئەوانەش رقیان لێی بووە وەکو معاوییە فەرمان بکات رۆژانە پێنج جار لە بانگدا نەفرەتی لێبکەن. هەندێک مێژوونووس و کۆمەڵناس لەناویاندا کەسێکی وەکو(عەلی وەردی) ئەم هەنگاوەی معاوییە، بە هۆکار دەزانن کە وای لە خەڵک کردووە پەرچەکردار بنوێنن و لەبری رقبوونیان لە ئیمام عەلی (کە مەبەستی معاوییە بووە)، ئەوان هاتوون خۆشیانویستووە و خۆشیان دەوێت تا رادەی پەرستن و بە خودا زانینی. لە وتەیەکی دیکەدا ئیمام دەڵێت:(هەر دەفرێک شتی تێبکەیت پڕ دەبێت، تەنیا دەفری زانست نەبێت چەند زانیاری و مەعریفەی تێبکەیت ئەو بەردەوام گەورە و گەورەتر دەبێت.) ئەمەش دەمانباتەوە بۆ گەورەیی گەردوون و بێسنووریی ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەی لە ناواخنی چرکە بە چرکە روودەدات و وادەکات زانین و زانست بێبن بێت، هەمیشە دەبێت سۆراخی بکەین و زیاتر لێی بەهرەمەند بین.

شەڕەنگێزی
(شەڕەنگێزی لە ناخی غەیری خۆت هەڵکێشە، بە هەڵکێشانی لە ناخی خۆت.) ئەمەش حیکمەتێکی دیکەی ئیمامە و ناوەڕۆکێکی عیرفانی هەیە و باوە و زۆرێک لە عاریف و رۆحانییەکان باوەڕیان پێی هەبووە و لە ژیانی رۆژانەیاندا پەیڕەویانکردووە. لەوانە: بودا، کە چەندین سەدە پێش زایین ژیاوە. دەگێڕنەوە، دەڵێن: جارێک بودا بەلای ئاواییەکدا تێدەپەڕێت، کۆمەڵێک لە خەڵکی ئاواییەکە چواردەوری دەگرن و تفباران و جنێوبارانی دەکەن، زۆر ئیهانەی دەکەن. دوای ماوەیەک، پێیاندەڵێت: تەواوتان کرد؟ ئەگەر تەواوتان کرد، رێم پێ بدەن با بڕۆم، چونکە کارم هەیە، ئەگەر تەواویشتان نەکردووە، دیسان بهێڵن بڕۆم، چونکە کارێکم هەیە دەبێت تەواوی بکەم. بەڵێنتان دەدەمێ دەگەڕێمەوە بۆ لاتان، بۆئەوەی تا پێتان دەکرێت سووکایەتی و جنێوبارانم بکەن. ئەم هەڵوێستەی بوودا و نەرمنواندنی وای لە خەڵکەکە کرد، بە خۆیاندا بچنەوە، هەست بە شەرمەزاری بکەن و داوای لێبووردنی لێبکەن.
وای بۆ دەچم ئیمام عەلی زۆر سوودی لە هاوڕێی سەلمانی فارسی بینیوە، زانیاری و زانستیان گۆڕیوەتەوە. ئەو زاتە شارەزاییەکی زۆری لە ئایین و رێبازە رۆحی و فەلسەفییەکانی ئێران و هیندستان هەبووە. بە هەمانشێوە لەگەڵ پەیامبەریش دانیشتنی دووقۆڵی زۆری هەبووە و رەنگە نوێژکردن و رکوع و سجود، دەم و لووتشۆردن و پێنج فەرزە دەست و قاچ شۆردن لە سەلمانی فارسی وەریگرتبێت، بۆ نموونە: کڕنووشبردن لە یۆگادا پێی دەوترێت: شاشانکاسانا، لووتشۆردن و پاککردنەوەی، لە یۆگا پێی دەوترێت: نێتی.     
یۆگاش هەزار ساڵێک پێش زایین پەیڕەوکراوە. سەلمانی فارسی پیاوێکی زاهید و زانا بووە و پەیامبەر و ئیمام حیسابێکی تایبەتیان بۆ کردووە، پەیامبەر بە یەکێک لە ئالوبەیتی «اهل البیت» خۆی داناوە. خۆرهەڵاتناسی فەرەنسی ماسینون، لێکۆڵینەوەیەکی چڕی لەسەر کەسایەتیی سەلمانی فارسی نووسیوە و د. عەبدولڕەحمان بەدەوی لە فەرەنسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە دووتوێی کتێبێک هاوشان لەگەڵ حەللاج و سوهرەوەردی، کۆی کردوونەتەوە و لەژێر ناوی(الشخصیات القلقة في الاسلام) کەسایەتییە نیگەرانەکانی ئیسلام).

 

دڵ و عەقڵ
بۆچوونێکی دیکەی عاریفانەی ئیمام ئەمەی خوارەوەیە:
(زمانی عەقڵ لە پشتی دڵیەوەیەتی، دڵی گەمژەش لە پشتی زمانیەوەیەتی.)
دڵ لای عاریفەکان واتایەکی گەورەی هەیە و سەرچاوەی موحیبەت و ئەوینە، کە سەر بەرەو ئەوینی خودایی دەبات، لای عاریفە ئێرانییەکان دەبێتە عیشقی خودایی و جیاوازە لەگەڵ پێناسە بایۆلۆجییەکەی، تەنانەت رەنگی دڵ لای عاریفەکانیش جیاوازە، بەرەو لای سەوز دەشکێتەوە، لەکاتێکدا لەڕووی بایۆلۆجییەوە رەنگی سوورە.
لە وتەیەکی دیکەی ناوازەدا ئیمام دەفەرموێت:
(خودا لەسەر ئیمامی عادیل فەرزی کردووە، دەبێت خۆی لە ئاستی هەژارترینی رەعییەتەکەی ببینێتەوە، بۆئەوەی کەمتر هەست بە ئازاری ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی بکەن.) 
مەبەستی ئیمام ئەوەیە خاوەن دەسەڵات دەبێت هەوڵێکی ئەوتۆ بدات، بە مەبەستی ئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵکە هەژارەکە ئاسان و مەیسەر بکات. خۆ ئەگەر پێی نەکرا، لە دەرەوەی دەسەڵات و ئیرادەی ئەو بوو، خۆ دەتوانێت خۆی دابەزێنێتە ئاستی هەژارترینی رەعییەتەکەی، وەکو ئەوان بخوات و لەبەربکات. لەوکاتەدا چینە کەمدەرامەتەکە یان نەدارەکە، کە دەبینن گەورەکەیان، یاخود بەرپرسەکەیان وەکو ئەوان دەژیت، ئیدی کەمتر هەست بە ئازار و بەدبەختی دەکەن.

نامە بۆ والی بەسرە
ئیمام کە دەبینێت عوسمانی کوڕی حەنیفی ئەنساری، والی ئەو لەسەر بەسرە، ئامادەی میواندارییەک بووە، لەسەر شەرەفی ئەو ساز دراوە، ئەم نامەیەی خوارەوەی بۆ دەنووسێت:
(کوڕی حەنیف، ئەوەم پێگەیشتووە کە کابرایەک لە بەسرە و لە گەنجەکانی بانگهێشتی کردوویت بۆ نانخواردن و شایی و تۆیش بە پەلە هەنگاوت بۆی ناوە، خۆشترین خواردنت بۆ ئامادەکراوە، لە هەموو جۆرێک دەوری و لەگەنی پڕ خواردنت دێتە بەردەست، لاموایە ئاگادار نەبیت، کە ئەو خەڵکەی تۆی بۆ شایی بانگکردووە، کەسانێکن کە هەژاران لەسەر سفرەی خواردن دەردەکەن، دەوڵەمەند و ساماندار بانگ دەکەن. ئاگاداربە هەموو شوێنکەوتوویەک پێشەوای خۆی هەیە، پەیڕەوی کاری ئەو دەکات و لەبەر رۆشنایی زانستی ئەو بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بزانە کە پێشەواکەی تۆ، ساڵانە دوو دەست جل لەبەردەکات، یەکێکی بۆ زستانە و ئەوەی دیکەش بۆ هاوینە، رۆژانە دوو نان دەخوات، یەکێکیان بۆ نیوەڕۆ و ئەوی دیکەش بۆ ئێوارە. ئەوەش ئاگادارم، کە ئێوە ناتوانن بەو قەدەرە رازی بن، بەڵام داواکارم هاوکاری من بکەن، بۆ دوورەپەرێزی، بۆ خۆڕاهێنان لەسەر ناخۆشی، بۆ نەکەوتنە ناو هەڵەی زەق و دیار، پێتان بڵێم سوێند بە خودا، لەو دنیایەی ئێوە، خاوەن زێڕ نیم و هیچ شتێکم بۆ پاشەڕۆژ زەخیرە نەکردووە. بۆ بەرگی دڕاو جلی تازەم هەڵنەگرتووە).
ئیمام لە درێژەی نامەکەدا دەڵێت:
(ئەوەی لام مەبەستە نەفسی خۆم رام بکەم لەسەر تەقوا، بۆئەوەی رۆژی ترسی گەورە، ئارام و هێمن بێت و لە کەناری پردەکە هەڵنەخلیسکێ، دەشتوانم و رێگەم هەیە بۆ هەنگوینی پاڵفتە و کاکڵە و پوختەی گەنم و بەرگی چنراوی ئاوریشم، بەڵام نەخێر، ئەوە لە منەوە زۆر دوورە، کە هەوا و هەوەس بەسەرما زاڵ بێت و رامکێشێ بۆ چاوچنۆکی و بە شوێن خواردنی خۆشدا بگەڕێم، لەوانەیە لە حیجاز، یان یەمامە، کەسی وا هەبێت نەزانێ نانی نەرم چۆنە و هەرگیز تێری بە خۆیەوە نەدیبێت! دەی توخوا راستە من خۆم تێر بم و دەوروبەرم برسی بێت و لە تینوان، قرچەی هەناوی بێت؟ ئایا راستە من قەناعەتم هەبێت، کە ئەمیری باوەڕدارانم و هاوبەشییان نەکەم لە نەهامەتی زەمانەکەم، یان هەر هیچ نەبێت نموونەی زبری و سەختی لە ژیاندا پەیڕەو بکەم؟ من بۆ ئەوە دروست نەکراوم خۆم بە خواردنی خۆش و بەتام سەرقاڵ بکەم، وەک ئاژەڵی دابەستە هەموو هیوای ئاڵفی خۆشە، یان وەک ئاژەڵی بەرەڵڵا، هەمیشە ورشە و گڵمەیەتی بۆ پڕکردنی ورگی و قەڵەوی هەناوی).

 

 

ئیمام بەم شێوەیەی خوارەوە کۆتایی بە نامەکەی دەهێنێت:
(بەختیاری و خۆشبەختی بۆ ئەو کەسەیە، کە ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێدەگەیەنێت، ئەرکی خودا بەجێدەگەیەنێت، لەشی لەسەر دڕکوداڵەکانی دنیا رادێنێ، شەو خەو لە خۆی دەتۆرێنێ، کە خەو زۆری بۆ هێنا، لەسەر خاکەکە رادەکشێ و لەپی خۆی دەکاتە سەرین و پشتی لەگەڵ  دەستەیەکە، هەمیشە چاویان بەخەبەرە لە ترسی ئەو دنیا، تەنیشتیان لەسەر جێگە دووردەخەنەوە و پاڵنادەنەوە، دەمیان هەمیشە لە جووڵەدایە بە یادی خودای خۆیان، بە هۆی ئەم کارانەوە گوناهیان هەموو شۆراوەتەوە (اولئك حزب اللە الا ان حزب اللە هم المفلحون) ئەوانە حزبی خودان و حزبی خودا سەرکەوتووە. 
کوڕی حەنیف! بە تەقوا بە و لە خودا بترسە، چاوت لەسەر کۆلێرەکانی خۆت بێت، هەتا رزگاری و دوورکەوتنت لە ئاگر ببینیت.)
ئەمەی سەرەوە بەشێکە لەو نامە دوورودرێژە کە ئیمام عەلی وەکو خەلیفە بۆ نوێنەرەکەی لە بەسرە، عوسمانی کوڕی حەنیف ناردوویەتی. لە نامەکەدا ئیمام عەلی زۆر سەرزەنشت و لۆمەی کوڕی حەنیف دەکات، لەبەرئەوەی لەلایەن کابرایەکی دەوڵەمەندەوە میوانداریی کراوە، ئەمیش رازی بووە و میواندارییەکەی قبووڵکردووە. ئیمام عەلی دەیزانی ئەم جۆرە لە میواندارییکردنە، بێ مەبەست نییە و تەکلیفی ناڕەوای بە دواوەیە، جۆرێکە لە چاوشۆڕکردنی میواندارییکراو.
ئەمە لەکاتێکدا بووە کە ئیمام عەلی لە ململانێیەکی سەختدا بووە لەگەڵ معاوییە، ئەو بەیعەتی پێی نەدابوو، کێشەی بۆ دروستدەکرد، ئیمام لە پرسی هەق و عەدالەتدا ئەملاولای نەبوو، دەبوایە وەکو تاکتیک هەندێک چاوپۆشی لە کۆمەڵێک سەرپێچی مەئمورەکانی بکردبایە، چونکە معاوییەی نەیاری پارەی دەڕژاند، هەرکەس ئیمام عەلی بەجێ هێشتبا و بچووبا بۆ لای ئەو، دەیهێشت تەخشان و پەخشان بە پارە و ئەوەی بە پارە دەست دەکەوێت، بکات. هەر ئەم توندییەی ئیمام وایکرد بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی جێی بهێڵن و بچنە پاڵ معاوییە.
ئیمام عەلی هەوڵێکی زۆریدا بۆ ئەوەی قەناعەت بە خەواریجەکان بێنێت لە کەلی شەیتان بێنە خوارەوە(وەکو لە کوردەواری لای خۆمان دەڵێن). یەکێک لەو هەوڵانە ناردنی عەبدوڵڵای کوڕی عەبباسی ئامۆزای بوو، پێش ئەوەش بکەوێتەڕێ ئیمام عەلی پێی دەڵێت: لە مشتومڕەکانت لەگەڵیاندا قورئان بە بەڵگە مەهێنەرەوە، چونکە واتای جیاواز جیاواز هەڵدەگرێت، تۆ دەڵێیت، ئەوانیش دەڵێن، بە سوننەت دیالۆگیان لەگەڵدا بکە، ئەوکات ناتوانن خۆیانی لێ بدزنەوە.
ئەم قسەیەی ئیمام، قسەی زۆر هەڵدەگرێت و پرسیارگەلێکیش دەورووژێنێت، بۆ نموونە: 
دوای پەیامبەر کەس هێندەی عەلی و کوڕی عەبباس شارەزاییان لە قورئان و راڤەکردن و شیکردنەوەیدا نەبووە، چۆن دەبێت بۆ یەکاڵاکردنەوەی کێشەی خەواریجەکان قورئان بەلاوە بنرێت کە کەلامی خودایە، فەرموودە بەکاربهێنرێت کە قسە و فەرمایشتی پەیامبەرە؟ 
یان جیاوازی لەنێوان قورئان و حەدیس چییە لەڕووی بەلاغە و داڕشتن و رێکخستنی پیتەکان، ئەگەر زانیمان چ قورئان و چ حەدیس، هەردووکیان لە زاری پەیامبەرەوە هاتوونەتە دەرەوە و هەر قسەیەکیش لە زارەوە دەربچێت، وەچەی فیکر و کاری زیهنی مێشکە؟

 

 

ئیمام دەڵێت:
هەر دەفرێک شتی تێبکەیت پڕدەبێت، تەنیا دەفری زانست نەبێت چەند زانیاری و مەعریفەی تێبکەیت، ئەو بەردەوام گەورە و گەورەتر دەبێت


نامە بۆ عەبدوڵڵای کوڕی عەبباس
ئیمام لە نامەیەکیدا بۆ (عەبدوڵڵای کوڕی عەبباس)ی ئامۆزای، پاش ئەوەی پارەی بەیتولمال دەدزێ و بۆ حیجاز هەڵدێ و پشت لە ئیمام دەکات و پەیمان دەشکێنێت، دەنووسێت:
(تۆم بە هاوبەشی خۆم کرد لەم ئەمانەتەی لە ئەستۆم گرتووە، تۆم بە بەرگی سەرەوە و ناوەوەی خۆم دانابوو، لە ئالوبەیت لە هەموویان زیاتر جێی متمانەم بوویت، بە مەبەستی دڵدانەوە و پشتیوانی، بەڵام کە سەیرت کرد چەرخ و زەمەن لەسەر کوڕە مامت زبر و ناخۆشە و دوژمن دڕ و هار بووە و متمانە نەماوە، ئوممەتیش سەری لێ شێواوە و بێ پشتوپەنا بووە، ئا لەم کاتەدا تۆیش هەلپەرست دەرکەوتیت، خۆت جیاکردەوە لەگەڵ جوداخوازان. خۆت دوورخستەوە لەگەڵ بەزیوەکان و ناپاکیت کرد لەگەڵ ناپاکان، نە توانیت دڵی ئامۆزاکەت بدەیتەوە و نە توانیشت هاوبەشی بکەیت لەو ئەرکەی لە ئەستۆی گرتووە، من وام بۆ دەردەکەوێت تۆ ئەو غەزا و جیهادەت بۆ خودا نەبووە، زۆر پاپەند نەبووی بە بورهان و بەڵگەکانی پەروەردگارت، پێدەچێ ویستووتە فێڵ لەم میللەتە بکەیت و دنیایان لە دەست وەرگری، نیازت وابووە غافڵگیریان بکەیت و خەراج و باج و دەستکەوتی مەردووم بۆ خۆت داگیر بکەی.)
ئیمام لە درێژەی نامەکەیدا دەفەرمێت:
(ئەرێ کابرای(ئەوسا) دانراو و ژمێراو لە خاوەن عەقڵ و فام و ژیرەکان، چۆن بەر دڵت دەکەوێ و نۆشی دەکەی، ئەو خواردن و خواردنەوەیە، لەو سامانە، کە خۆت باش دەزانی تیکەی حەرامە دەیخۆی، حەرام دەنۆشی، کەنیزە و کارەکەر دەکڕی و ژن مارە دەکەی، لە ماڵی هەتیو و هەژار و باوەڕدار و موجاهیدەکان، ئەوانەی ئەو سامانەیان کۆکردووەتەوە و ئەم وڵاتەیان پاراستووە!؟
کەواتە دەبێت لە خودا بترسی و ئەو ماڵ و سامانە بۆ خاوەنەکانی بگێڕیتەوە، خۆ ئەگەر ئەوە نەکەی و خودا دەستم پێت بگەیەنێ، کارێکت پێ دەکەم کە لای خودا عوزر و بەهانەم هەبێ و بەم شمشێرە لێت دەدەم، کە لە هەر کەسم داوە چووەتە دۆزەخ. سوێند بە خودا، ئەگەر حەسەن و حسێن ئەو کارەی تۆیان کردبایە، لەبەر خودا سەرفە نەزەرم لێ نەدەکردن و لێیان نەدەبوورام، هەرگیز ماوەم نەدەدان، لە دەستم دەربچن، هەتا ئەو هەقەیان لێ وەرنەگرمەوە، ئەو ستەمەی کردوویانە لەکۆڵ نەکەمەوە).

 

هەر کەس سەرقاڵی عەیب و کەموکوڕییەکانی خۆی بوو، ئیدی ناپەرژێتە سەر باسکردن و چاودێرییکردنی عەیبوعارەکانی کەسانی دیکە...

ئەمەی سەرەوە بەشێکە لەو نامە درێژە کە ئیمام عەلی بۆ کوڕی عەبباسی  ئامۆزای ناردوویەتی، لێرەدا دەبینین ئیمام عەلی بە پێچەوانەی خەلیفەی سێیەم (مەبەست عوسمانە)، ئەم زۆر توندبووە لەگەڵ خزمە نزیکەکانی و داوای لێکردوون نموونەی دەستپاکی و فیداکاری و خۆنەویستی بن.
جارێک عەقیلی برای کە نابینا بوو، دەچێت بۆ لای کاتێک خەلیفەی موسڵمانان بووە، داوای لێکردووە کۆمەکی بکات، ئیمام خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: جارێک عەقیل (مەبەست عەقیلی برایەتی) هاتە لام، برسێتی تینی بە خۆی و منداڵەکانی هێنابوو، داوای لێکردم بڕێک گەنمی بدەمێ لە(بەیتولمال)، خۆم لێ بێئاگا کرد، داواکەی چەندبارە کردەوە و وازی نەدەهێنا، قەسەم بە خودا منداڵەکانی سەروسیمایان لە برسێتی پیس و رووخساریان رەش هەڵگەڕابوو، منیش پارچە ئاسنێک بە دەستمەوە بوو، داخم کرد و لێیم نزیککردەوە، هاواری چووە کەشکەڵانی ئاسمان.پێم وت: دایکت رۆڕۆت بۆ بکات، من پارچە ئاسنێکی گەرمم بە مەبەستی ترساندنت لێت نزیک کردەوە، هاوارت دنیای تەنیەوە، باشە من چارەنووسم چی دەبێت ئەگەر هاتم و خیلافی شەرعم کرد و بڕێک گەنمم دا بە تۆ؟ تۆ بە گەرمی ئەم پارچە ئاسنە ئەمە حاڵت بوو، دەبێ لەو دنیا لەو ئاگرە بێ ئامانە وەزعی منی بەندەی خودا چۆن بێت؟
وەک دەوترێت، دوایی عەقیل چوو بۆ لای معاوییە لە شام و معاوییە زۆر کۆمەکی کرد، جارێک پێی دەڵێت: عەقیل من باشم یان عەلی برات؟
عەقیل وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت:
بۆ ئەم دنیایە تۆ باشیت، بۆ ئەو دنیاش عەلی برام.
پێم خۆشە بەم نزایەی ئیمام کۆتایی بەم بابەتە بهێنم:
خودایە لەو گوناهەم خۆشبە، کە زیاتر لە من لێی ئاگاداریت، ئەگەر بۆ گوناهـ گەڕامەوە، تۆ بیگێڕەرەوە بۆ لێخۆشبوون، خودایە لێمخۆشبە لەو گفت و پەیمانەی داومە و نەمتوانیوە جێبەجێی بکەم، خودایە لێمخۆشبە لەو کارەی کە بە زمان ئەنجاممداوە و دڵم دژی بووە، خودایە لێمخۆشبە لە تیلەچاو بۆ حەرام و لە دەرچوونی وشەی خراپ لە دەمم و ئارەزووی ناپەسەندی ناودڵ و هەڵەی زمان.

سەرچاوەکان:
الامام علي بن ابي طالب، (نهج البلاغة)،  الدکتور صبحي صالح ضبط نصە وابتکر فهارسە العلمیة.
استاذ الاسلامیات وفقة اللغة في کلیة الاداب ـ الجامعة اللبنانیة..

مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف

بابەتە پەیوەندیدارەکان