هونەرمەندی كەركوكی حەسەن غەریب بۆ کوردستانی نوێ :

گۆرانییە دێرینەكان رەسەنایەتییان پێوە دیارە

12:06 - 2024-11-07
دیدار
56 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی كەركوكی حەسەن محەمەد غەریب ناسراو بە «حەسەن غەریب» ساڵی 1970 لە گەڕەكی شۆریجە لە كەركوك لە دایكبووە و هەر لە تەمەنی هەرزەكارییەوە هۆگر و شەیدای گۆرانی و مەقاماتی كوردی بووە و توانیویەتی رێچكەی هونەرمەندە دێرینەكان بگرێت. 
 هونەرمەند حەسەن غەریب بە دوالاپەڕەی وت: هەر لەسەرەتاوە هۆگری هونەر و میوزیك و گۆرانی بووم، كاكم و هونەرمەندان عارف ئیبراهیم و مەمەد خدر پشتیوان و پاڵپشتی سەرەكیم بوون ئەوكاتەی كە ئەوان لە تیپی مۆسیقای (قیسارە) بوون.
وتی: یەكەمین گۆرانیم بەناونیشانی(لە بەختی تاری شەو ناكەم شكایەت) بوو كە شیعرەكەی هی مامۆستا گۆران و ئاوازەكەی مامۆستا نۆڤەر محێدین بوو. ساڵی 1992 گۆرانی (بووكمان هاتەوە) تۆمار كرد ئەوکاتە لە رادیۆ و تەلەفزیۆن دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو. لەلایەكی تر شیعری هەندێك لە شاعیرانی وەك (گۆران، محەمەد بەدری، ستار ئەحمەد، هیجران شێوا، نەوزاد محەمەد، بورهان بەرزنجی، محەمەد حەمە باقی و محەمەدئەمین پێنجوێن) یم كردووە بە گۆرانی كە ئاوازی زۆربەیان هی خۆمن. 
سەبارەت بە دۆخی هونەر لە كەركوك وتی: بەداخەوە نەك هەر لە كەركوك، بەڵكو لە هەموو شارەكانی كوردستان هونەر زۆر كاڵ بۆتەوە و سۆز و نەغمەی كوردی تێدا بەدی ناكرێت، تۆ سەیر بكە گۆرانییە دێرینەكان چەند رەسەنایەتییان پێوە دیارە، كەواتە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان گۆرانی دوێنێ و ئەمڕۆدا هەیە، هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاوڕێكی جدی لە هونەر و هونەرمەندان بدەنەوە. 
رزگار كەركوكی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان