راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
سەرۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی كەركوك بۆکوردستانی نوێ : پێویستە لەسەر پارێزگاری كەركوك هەموو لایەنێك رابسپێرێت كە هاوشێوەی سەندیكا عیراقییەكان مامەڵە لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا بكرێت و زەوی بدرێتە رۆژنامەنووسانی کوردیش
نووسراوی پێدانی زەوی بە رۆژنامەنووسان
ماوەیەكی زۆرە بڕیاردراوە بەپێدانی زەوی بە رۆژنامەنووسان و نووسەرانی كەركوكی سەر بە سەندیكاكانی عیراق و بڕیارەکە ئەندامانی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانی لێ بێبەش کراوە.
بەپێی نووسراوی ژمارە 8051 كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كەركوك كراوە و داوا لە شارەوانی دەكات شوێنێك دیاری بكەن بۆ دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ ئەندامانی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق، ئەم نووسراوەش نیگەرانیی ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی كەركوكی لێدەكەوێتەوە، كە بێبەش دەكرێن لە دابەشكردنی زەوی بە سەریاندا.
بڕیارەکە تەنها بۆ ئەندامانی سەندیکای عیراقە
بەهۆی ئەوەی رۆژنامەنووسانی ئەندام لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی کەرکوک بێبەش دەكرێن لە پێدانی زەوی، بۆیە رۆژنامەنووسە کوردەکان دەچن ناوی خۆیان لە سەندیكای عیراق تۆمار دەكەن.
ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم باسە دوای سەردانەكەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان هات بۆ شاری كەركوك، كە لەگەڵ پارێزگاری كەركوك هەریەك لە بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی وaبەڕێوەبەری پلاندانانی ئاوەدانی كۆبوونەوە.
وتیشی: دوای تاوتوێكردنی پڕۆژەكانی داهاتوو بۆ گەشەپێدانی رەوشی شارەوانی لە شار و قەزا و ناحیەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 320ی ساڵی 2022، تاوتوێكران كە تایبەتە بە تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان، هەروەها تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ توێژە جیاوازەكانی كەركوك، هەر لە كۆبوونەوەكەدا رێككەوتن لەسەر تەرخانكردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق/ لقی كەركوك كراوە و رەزامەندی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانیشی بۆ وەرگیراوە.
بێبەش نەکردنی رۆژنامەنووسانی کورد
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستانی نوێ كەوتووە لە نووسراوەكەدا ئاماژە بە ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نەكراوە لە پێدانی زەوی نیشتەجێبوون بۆیان، ئەمەش ناڕەزایی و نیگەرانی ئەندامانی لقی كەركوكی رۆژنامەنووسانی كوردستانی لێکەوتۆتەوە و داوا لە رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك دەكەن ئەوانیش بێبەش نەكرێن لە پێدانی زەوی نیشتەجێبوون، لەبەرئەوەی هاوشێوەی ئەندامانی لقی عیراق لە شاری كەركوك كاردەكەن و دانیشتووی شارەكەن.
رێبین عەلی ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی لقی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانم و تائێستا لە كارەكەم بەردەوامم، بەڵام هیچ مافێكی سەندیكاییمان بۆ دەستەبەر نەكراوە و هەموو ساڵێكیش ئابوونەمان لێوەردەگرن.
وتیشی: ئێمە دانیشتووی شارەكەین و پێویستە مافی خۆمان پێبدرێت، بەڵام بە داخەوە لەو بڕیارانەی رابردوو و ئێستا كە لە پارێزگاكە دەردەچێت مافی رۆژنامەنووسانی ئەندام لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی کەرکوک پێشێلكراوە، ئەم بڕیارەش لەگەڵ هیچ بنەمایەكی مافی مرۆڤ و سەندیكاییدا یەكناگرێتەوە كە پێشیلكردنی ئاشكرای مافە یاساییەكانمانە.
پارێزگار بێتە سەرخەت
مەهدی زریان سەرۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بڕیاری پێدانی زەوی بە ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق لقی كەركوك لە سەردەمی پارێزگاری پێشووی كەركوك بوو،كە عەرەب بوو، ئەو تەنیا مامەڵەی لەگەڵ ئەو سەندیكایەدا دەكرد و سەندیكا كوردستانییەكەی نا دیدە دەكرد، بەڵام ئێستا پێمان سەیرە پارێزگار كوردە و بە دەنگی كورد بووە بە پارێزگار ئاوڕ لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ناداتەوە و لە بارودۆخی ئەندامانی سەندیكاكە ناپرسێتەوە، لەبەرئەوە زۆرێك لە ئەندامەكانمان روو دەكەنە سەندیكا عیراقییەكان و ناحەقیانیش نییە.
وتیشی: ئەوەی پێویستە لەسەر پارێزگاری ئێستای كەركوك هەموو لایەنێك رابسپێرێت كە هاوشێوەی سەندیكا عیراقییەكان مامەڵە لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا بكرێت، نەك پشتگوێ بخرێت، دەسەڵات لەلای ئەوە و دەتوانێت فەرمان بكات، دابەشكردنی زەوی ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش بگرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوانەی ئەندامن لەلای ئێمە هەموویان دانیشتووی كەركوكن.
ئەندامانی سەندیکای عیراق ئۆفەریان زیاترە
هەر لەبارەی دابەشكردنی زەوی بەسەر ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق و بێبەشكردنی ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان/ لقی كەركوك، رۆژنامەنووس ئۆژین جۆڵا بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق زەوی بەسەر رۆژنامەنووسان دابەشكراوە، تەنیا كەركوك لەو پرۆسەیە بێبەشكراوە، ماوەی ساڵێكە هەنگاوێك هاتووەتە ئاراوە ئەویش دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوونە بەسەر ئەندامانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق/ لقی كەركوك، بەڵام گرفتەكە لە بەردەم رۆژنامەنووسانی كورد و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا ئەوەیە كە ئیدارەی كەركوك و دامودەزگاكانی تەنیا مامەڵە لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراقدا دەكەن، هەر كەسێك ئەندامی ئەو سەندیكایە نەبێت ناتوانێت مامەڵە پێشكەش بكات كە ببێتە خاوەن زەوی، ئەمە لە كاتێكدایە لە دوای ساڵی 2003ەوە لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە كەركوك هاوشێوەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق كراوەتەوە و بەشێكی زۆر رۆژنامەنووسە كوردەكان لەو سەندیكایە بوونەتە ئەندام.
وتیشی: دەبوو مامەڵەی ئیداریی لەگەڵ هەردوو سەندیكاكەدا بكرێت، بەڵام بەداخەوە بەغدا و ئیدارەی پێشووی کەرکوک و ئێستاش مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراقدا دەكەن، ئەمەش وا دەكات دەیان رۆژنامەنووسی كورد كە ئەندامی سەندیكای كوردستانە بێبەش بن لە وەرگرتنی زەوی، جگە لەوەش بە سەدان رۆژنامەنووسی كورد دەستبەرداری ئەو سەندیكایە بوون و روو دەكەن سەندیكای عیراق بۆ ئەندامێتی، لەبەرئەوەی لەوێ ئۆفەرەكان باشترن و رۆژنامەنووسەكان باوەڕپێكراوترە و ناسنامەكانیان جێگەی رێزی زیاترە لەوەی كوردستان.