بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئەبوکەرار فەرێجی، ئەمینداری گشتیی حزبی فەزیڵەی ئیسلامی.
لە دیدارێکدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەیسەڵ کەریم خانی برادۆستی ئامادەبوون، دوایین هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان تاوتوێكران و جەخت لە سازان و لێكتێگەیشتنی هاوبەش كرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆچوونی حزبەكەی لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی عیراق روونكردەوە و وتی، دۆخەكە پێویستی بە هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسانەیە، ئەركی هەموو هێز و لایەنەكانە كار بۆ دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز بكەن و عیراق ببەنە قۆناغێكی نوێی حوكمڕانییەوە لەپێناو دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتییان.