تەها عەبدوڵڵا
لەگەڵ هاتنی وەرزی چاندن، جارێكی تر هەڕەشەی عەرەبی هاوردە بەهاوكاریی سوپای عیراق لەسەر جووتیارانی كورد لە ناحیەی سەرگەڕان و پەڵكانە دەستپێدەكاتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت: بەدەركردنی یاسای گەڕانەوەی زەوییە داگیركراوەكانی سەردەمی بەعس، ئەو كێشەیە لەبنەڕەتدا چارەسەردەكرێت.
محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیاران لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئەوەی لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا ماوەی شەش مانگ مۆڵەتدرا تا كێشەكانی زەوی كشتوكاڵی ناحیەی سەرگەڕان و پەڵكانە چارەسەربكرێت، بەڵام تائێستا كە لەوەرزی چاندنداین، ئەو گرفتە ماوە، وتیشی: لەچەند رۆژی رابردوودا هێزە سەربازییەكان لەڕێگەی سەركردایەتیی ئۆپەراسیۆنەكانی سنوورەكەوە نووسراوێكیان پێداین كە لە 2/11 دەرچووە، داوا لە جووتیارانی كورد دەكات كاری چاندن و كێڵان لەسەر زەوییەكانیان نەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەو هەڕەشانەی لە كورد دەكرێن ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام نەمانهێشتووە كاریگەریی هەبێت، چونكە زەویی باب و باپیرانمانە و بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری نابین، بۆیە پێمانڕاگەیاندوون كە ئێمە لەكاركردن لەسەر زەوییەكانمان بەردەوام دەبین و دەستی لێ هەڵناگرین.
سەبارەت بەو باسە، مەلا كەریم شوكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە ئەو گرفتە لەنێوان كوردی رەسەنی ناوچە كوردستانییەكانی ئەم سنورە لەگەڵ عەرەبی هاوردە بەردەوامە و چارەسەرنەكراوە، باسی لەوەشكرد كە تاكە چارەسەر بۆ كۆتاییهێنان بەو ناكۆكییە، پەسەندكردنی یاسای گەڕانەوەی زەوییە داگیركراوەكانی سەردەمی بەعسە، كە ئێستا پرۆژەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان دەنگی لەسەر نەدراوە.
راشیگەیاند: لەكاتی پەسەندكردنی ئەو یاسایە هەموو ئەو بڕیارانەی رژێمی بەعس لەبارەی داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد و توركمان دەركراون، هەڵدەوەشێتەوە، چونكە ئەو گرفتانەی ئێستا لەگەڵ عەرەبی هاوردە هەیە لە ئەنجامی دەرچوونی بڕیارەكانی ئەوكاتی رژێمی بەعس، بووە.