سلێمانی؛ پایتەختی رۆشنبیری و شاری داھێنەری ئەدەب!

09:18 - 2024-11-13
کەلتور
72 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

رۆژی 21ی حوزەیرانی  2020رێکخراوی یونسکۆ لۆگۆی شاری سلێمانی وەک شاری داھێنەری ئەدەب پەسەند کرد و مۆری لۆگۆی رەسمی خۆی خستە سەر.  بەوەش لۆگۆی سلێمانی و یونسکۆ ئاوێزانی یەکبوون.
پێشتر لە رۆژی 31ی تشرینی یەكەمی 2019، رێكخراوی یونسكۆ، شاری سلێمانی بەشاری داهێنەری ئەدەب‌ و شاری سنەی رۆژهەڵاتی بەشاری داهێنەری موزیك ناسی، لەساڵی 2015 شاری غازی عەنتابی باكووری كوردستانی بەشاری داهێنەری هونەری خۆراك دروستكردن ناسی بوو.
ساڵی 2021 بە هەمان شێوە شاری کرماشان بەشاری داهێنەری خۆراک دروست کردن ناسێنرا.
پێشتریش ساڵی 2012, پەرلەمانی کوردستان شاری سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ناساند.
ناساندنی سلێمانی بە شاری داهێنەری ئەدەب و بوونی ئەو شارانە بەئەندام لە تۆڕی شارە داهێنەرەكانی سەر بەرێكخراوی یونسكۆ‌ بوونە دەستەخوشكی 243 شاری تر لە سەرانسەری جیهاندا. بایەخی بوونە ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەكان چییە؟ مەرجەكان ‌و ئیمتیاز ‌و پابەندێتی ئەو ئەندام بوونە چییە؟
لەم وتارەدا هەوڵ ئەدەم تیشك بخەمە سەر هەموو ئەو لایەنانە ‌و بۆ خوێنەری كوردستانی روون بكەمەوە.
یونسكۆ ئاژانسێكی تایبەتی سەر بە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانە ‌و لە ساڵی 1945 لەگەڵ دامەزراندنی ئەو رێكخراوەدا دامەزراوە‌ و ساڵی 1946 دەستی بەكارەكانی كردووە ‌و بایەخ بەرشتەكانی پەروەردە‌و زانست‌و رۆشنبیری ئەدات.
بارەگای سەرەكی یونسكۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە ‌و لەزۆربەی وڵاتانی جیهان ئۆفیسیان هەیە.
یەكەم: تۆڕی شارە داهێنەرەكان
یونسكۆ لەساڵی 2004ەوە بەرنامەیەكی دانا بۆ ئەوەی بایەخ بەشارە داهێنەرەكان لەحەوت بواردا بدات ‌و پشتیوانیان بكات بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بكەن بۆ ئەو مەبەستە تۆڕێكی دروستكرد بەناوی تۆڕی شارە داهێنەرەكان.
یونسكۆ ساڵانە لە رۆژی جیهانی شارەكاندا لە 31ی تشرینی یەكەمدا، ژمارەیەك شار بەشاری داهێنان ئەناسێنی لە چەند بوارێكی جیاوازدا كە ئەمانەن (ئەدەب، موزیك، هونەرەكانی میدیا، فیلم، پیشە‌وهونەرە میللیەكان، دیزاین، هونەری خۆراك دروستكردن).
تا ئێستا 246 شار لەسەرانسەری جیهاندا ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەكانن.
دووەم: مەرجەكانی ئەندامێتی
بۆ هەر شارێك كە لە هەر بوارێكدا ئەبێتە ئەندام چەند مەرجێك هەیە، باسەكەی من زیاتر لەسەر شاری سلێمانییە كە بۆتە شاری داهێنانی ئەدەب، مەرجەكانی تایبەت بەشاری ئەدەب ئەنووسم، كە ئەمانەن:
1-بوونی بەرهەمی زۆری چاپكراوی ئەدەبی لە رشتەكانی (شیعر و چیرۆك‌ و رۆمان).
2-ئەو شارە سیمایەكی ئەدەبی ‌و رۆشنبیری هەبێت ‌‌و فیستڤاڵ ‌و كۆڕ ‌و كۆبوونەوەی ئەدەبی ‌و رۆشنبیری زۆری تێدا ئەنجام بدرێت‌.
3- كتێبخانەی گشتیی حكومی ‌و ئەهلی ‌و سەنتەر ‌و ناوەندی رۆشنبیریی زۆری تێدا بێت.
4-جوڵانەوەی وەرگێڕانی تێدا بێت‌، وەرگێران لە زمانە زیندووەكانەوە بۆ سەر زمانی كوردی ‌و بەپێچەوانەوە.
كە سەیری ئەو مەرجانە دەكەیت، دەبینی هەمووی لە شاری سلێمانیدا هەیە، شاری سلێمانی لە سەرەتای دروستبوونی ‌و لە سێكۆچكەی بابانەوە (نالی ‌و سالم‌ و كوردی)، شارێكی ئەدەبی ‌و رۆشنبیری بووە‌ و ئەو كاروانی رۆشنبیرییەی بەردەوام بووە ‌و لە هەموو قۆناغێكدا روخسار ‌و ناوەڕۆكێكی كەلتووری هەبووە و بەشاری رۆشنبیری ناسراوە، هەر بۆیەش ساڵی 2012 پەرلەمانی كوردستان بەرەسمی بەپایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان ناساندی.
بەهۆی ئەو مێژووە پرشنگدارە ئەدەبی ‌و رۆشنبیری‌ و بوونی مەرج ‌و پێوەرەكانی یونسكۆ، لە لایەن ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە بەشاری داهێنەری ئەدەب ناسرا، ئەوەش نازناوێكی گەورەی جیهانییە‌و ئەبێتە تاجێكی پیرۆز‌و ئەچێتە سەر گەنجینەی سەروەرییە كەلتوورییەكانی تر.
سێیەم: ئامانجەكان
ئامانجی یونسكۆ لە دامەزراندنی ئەم تۆڕە ئەمانەیە:
1-پتەوكردنی پەیوەندی شارە داهێنەرەكان‌و هاوكاریكردنیان، لەبەر رۆشنایی پلانی ستراتیجی گەشەپێدانی شارستانی بەردەوام، بەمەبەستی داهێنانی زیاتر لەبواری كەلتور‌و پیشەسازی كەلتوریی كەرتەكانی حكومی‌و تایبەت‌و دانانیان لە پێشەنگی نەخشەی ئاوەدانی لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە.
2- بایەخدان بەچالاكی‌و خزمەتگوزاری كەلتووری‌و گەشەپێدانی ناوەندەكانی داهێنان‌و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ داهێنەران‌و شارەزایانی بواری رۆشنبیری.
3-بایەخدان بەكەلتووری پێكهاتە جیاوازەكان‌و گرووپە پەراوێزخراوەكان‌و تاك‌و گرووپی خۆبەخش‌و كردنەوەی دەرگای خزمەتگوزاری كەلتووری بەرووی هەمواندا بۆ ئەوەی لێی بەهرەمەند بن‌و ئاستی كۆمەڵ لەرووی كەلتوورییەوە پێشكەوتنی گەورە بە خۆیەوە ببینێت.
4-ئاوێتەكردنی تەواوی  كەلتوور‌و داهێنان لەپلانی ستراتیجی گەشەپێدانی ناوخۆیی.
5-شارەكان دەكرێنە دەستەخوشك‌ و دەبنە خاكێكی بەپیت بۆ كار و چالاكی كەلتووری هاوبەش‌ و جێەبەجێكردنی پلانی گەشەپێدانی شارستانی تا ساڵی 2030.
چوارەم: پابەندێتی
1-پێویستە پابەند بێت بەبەرنامە‌وپەیڕەوی ناوخۆی تۆڕی شارە داهێنەرەكان‌و لەبەر رۆشنایی پلانی گەشەپێدانی شارستانی بەردەوام بۆ ساڵی 2030 كار بكات‌و خاڵی 11ی ئەو پلانە لەبەر چاو بگرێت. 
2- بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو شارە لەژێر تێستدا ئەبێ‌‌و پێداچوونەوەی دەوری ئەكرێ‌‌و راپۆرتی چاودێری ئەندامێتی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەوە پێشكەش دەكرێ‌‌و ئەگەر ئەو شارە پابەند بووبێ‌ پلان‌و بەرنامەی ئەو تۆڕەوە‌و كارو چالاكی پێویستی ئەنجاز دابوو، ئەبێتە ئەندامی هەمیشەیی ئەو تۆڕە، بەپێچەوانەوە ئەندامێتی لێئەسێنرێتەوە.
3-ئەبێ‌ ئەو شارە بەشداری كۆبوونەوەی ساڵانەی تۆڕەكە بكات.
4- ئەبێ‌ شارەكە لەگەڵ شارەكانی دیكەی دەستە خوشك چالاكی هاوبەش ئەنجام بدەن.
5- لەكار‌و چالاكییەكاندا ئەتوانن ناو و لۆگۆی تۆڕی شارە داهێنەرەكان بەكاربهێنن.
6- ئەبێ‌ شارەكان بەرنامەی ساڵانە بەتایبەتی‌و بۆ چوار ساڵ بەگشتی ئەنجامدانی بۆ كارو چالاكییەكانیان دابنێن.
7-هەر شارێك ئەبێت ئیشتراكی دارایی ساڵانە بدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان