ئەنشتاین: ئەگەر هەنگ نەمێنێت، مرۆڤ لەناودەچێت

بەهای مرۆڤ لە روانگەی سروشتەوە

11:49 - 2024-11-07
کەلتور
285 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

ئێستا مرۆڤ لە قۆناغی ئاسن (کالی یووگا) دایە، تێیدا مرۆڤ لە سروشت و لە خۆی بە تەواوی دابڕاوە و لەگەڵ بیرکردنەوە و وارسکە ئاژەڵییەکانیدا یەکی گرتووە

لە سەدەی رابردوودا، لە کەنەدا گۆڤاری (هەنگ) دەردەچوو (نازانم ئێستا دەردەچێت یان نا)، ئەو گۆڤارە ساڵی 1941 لە یەکێک لە ژمارەکانیدا ئاماژە بە قسەیەکی ئەنشتاین دەدا، کە گوایا وتوویەتی: (ئەگەر هەنگ نەمێنێ، دوای چوار ساڵ مرۆڤیش نامێنێ).
 دەڵێن: (بەیانییەک ئەنشتاین لەگەڵ هاوسەرەکەی، لەناو چیمەنی حەوشەکەیان نانی بەیانی دەخوات، لەو کاتەدا هەنگێک دێ و لەناو قژە سپی و ئاڵۆزکاوەکانی ئەنشتایندا گیر دەخوا، بە یارمەتی هاوسەرەکەی هەنگەکە دێننە دەرەوە و دەڵێت، ئەگەر ئەم هەنگە لەناوبچێت، دوای چوار ساڵ مرۆڤیش لەناودەچێت). ئەم قسەیە ئاماژە بەوە دەکات، بەشێکی زۆری ژیانی جۆرەکانی رووەک و بەروبوومەکەیان پەیوەندییان بە هەنگەوە هەیە، هەنگ تۆوی نێر و مێی بەشێکی زۆر لە رووەکەکان بۆ یەکتری دەگوازێتەوە، ئەگەر هەنگ نەمێنێ، ئەوانیش لەناودەچن، دیارە لە دوای لەناوچوونی ئەو رووەکانە، رەنگە مرۆڤ لەناونەچێت، بەڵام لەڕووی خۆراک و کەشوهەوا و ژینگەوە، تووشی کێشەیەکی بنەڕەتی و جددی دەبێت.
جارێکی تریش لە ساڵی (1965)دا، بڵاوکراوەیەکی فەرەنسی ئەم قسەیەی ئەنیشتاینی بڵاوکردەوە، بەڵام زۆر پێش ئەوان، لە ساڵی (1859)دا (چارلز داروین) لە نامیلکەیەکی زانستیدا بە ناوی (ئاخێزگەی جۆرەکان) ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر هەنگەکان لەناوبچن، بەشێکی زۆر لە جۆرەکانی رووەک لەناودەچن. پاشان لە ساڵی(1887)دا گۆڤاری (هەنگ)ی بەریتانیا نووسیوێتی کە ژیانی بەشێک لە ئاژەڵ و مانگاکان بە هەنگەکانەوە بەستراوەتەوە. دوای ئەوان (مۆریس مێتەرلینگ) نووسەری دیاری بەلژیکی لە کتێبێکیدا بە ناوی (مێرووەکان، هەنگ و موریانە)دا دەڵێت: (شارستانییەتی مرۆڤ قەرزداری هەنگەکانە). بە گوێرەی ئەم سەرچاوانە، هەنگ بە شێوەیەکی جدی لە ژیان و بەردەوامیدان بە ژیان لەسەر گۆی زەوی بەشدارە، ئەگەر نەمێنێ ژیان لەسەر زەوی تووشی کێشەیەکی جددی دەبێتەوە، دیارە دەکرێ هەموو جۆرەکانی دیکەی مێروو و ئاژەڵ هەر بەم شێوەیە بەشدار بن، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا مرۆڤ کە خۆی بە ئەشرەفی خوڵقاوان دەزانێت، بوون و نەبوونی، هیچ لە ژیانی سەر زەوی کەم و زیاد دەکات یان نا؟ وەڵامە دروستەکە ئەوەیە، بوونی بۆ ژیانی سەرزەوی و بۆ سروشت زەرەرە و نەبوونیشی بەسوودە، جارێکیان لەم بوارەدا لە ماڵی یۆگای هەناسە لە سلێمانی، لەگەڵ دکتۆر (شاهۆ سەعید) قسەمان دەکرد، وتی لەم رۆژانەدا لێکۆڵینەوەیەکم خوێندۆتەوە دەڵێت: (ئەگەر هەنگ و مێش و مەگەز لەناوبچن، دوای پەنجا ساڵ ژیان لەسەر زەوی بە تەواوی لەناودەچێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ نەمێنێت دوای پەنجا ساڵ هەموو کون و کەلەبەرێکی سەر زەوی، بە پاشماوەی شارەکانیشەوە، لێورێژ دەبێتەوە لە ژیان و رووەکەکان لە هەموو لایەکەوە، سەردەردێنن و مێروو و ئاژەڵەکانیش جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ ژینگە لێ زەوتکراو و تێکدراوەکەیان). دیارە ئەگەر ئەمە رووبدات، چەندین میلیارد ساڵی پێدەچێ تا جارێکی تر لە رێگەی بوونەوەرە یەک خانەیی و ئامیبا و کەڕووەکانەوە ژیان بەو شێوەیەی ئێستا دروست بێتەوە. 

مرۆڤ هەرگیز ناتوانێ بوونەوەرێکی بە بەها بێ بۆ سروشت، بەڵام دەتوانێ بە گەشەکردنی ئاگایی و بەگەڕانەوەی بۆ ناو (ئیکۆ سیستەم)، بەها بۆ خۆی و ژیانی خۆی بگەڕێنێتەوە

داگیرکەری گۆی زەوی
بۆچی هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەسەر زەوی، لەهەموو روویەکەوە و لەگەڵ خۆی و لەگەڵ هەموواندا دوژمنانەیە؟ ئایا مرۆڤ لە هەسارەیەکی ترەوە هاتووە یان لە خۆی و لە سروشت دابڕاوە و ئاوهای بەسەر هاتووە؟ بەهەرحاڵ لەم ساتەدا چیرۆکی مرۆڤ لەسەر زەوی، چیرۆکێکی تراژیکە، لەبەرئەوەی بۆتە بوونەوەرێکی بە تەواوی تێکدەر، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستییەی مرۆڤ بە جێگەی ئەوەی لەڕووی تێگەیشتن و دنیابینییەوە بەرەو ئاستە بەرزەکانی ئاگایی و رەهەندە بەرزەکانی ژیان گەشە بکات، بە بەردەوامی بەرەو ئاستە نزمەکانی تێگەیشتن و بەرەو توانا و حەز و وارسکە ئاژەڵییەکانی دادەبەزێ، لەبەرئەوەی هۆشی لەسەر وارسکە ئاژەڵییەکانێتی، لە بەرەنجامدا لە چوارچێوەی ئەواندا بیر دەکاتەوە و هەڵسوکەوت دەکات، ئەوەش مرۆڤی کردووە بە بوونەوەرێکی زۆر لەوە ترسناکتر کە دەتوانین وێنای بکەین، بوونەوەرێک توانای داهێنانی کەرەستەی جۆراوجۆری هەیە بۆ جێبەجێکردنی بیرکردنەوە و حەزەکانی.
 مرۆڤ بە بێ ژینگە ناتوانێ یەک چرکە هەبێ، بەڵام هیچ بەزەییەکی بە ژینگەدا نایەتەوە و لە هەموو روویەکەوە خەریکە لەناویدەبات. هەندێ لە زاناکان دەڵێن: (مرۆڤ گۆی زەوی بە ماڵی خۆی نازانێ، رەنگە لەسەر زەوی نەگۆڕابێ و لە زەوییەوە سەرچاوەی نەگرتبێ، بیرکردنەوە و هەڵسوکەتەکانی دەریدەخات پەیوەندییەکی رۆحی لەگەڵ گۆی زەویدا نییە، خۆی بە بەشێک لە زەوی و زەویش بە بەشێک لە خۆی نازانێت، رەنگە مرۆڤ لە هەسارەیەکی ترەوە هاتبێتە سەر زەوی، چونکە زەینییەت و کار و کرداری داگیرکەرانەیە، بە بەردەوامی هەوڵدەدات بەسەر سروشتدا زاڵ بێ و سروشت کۆنتڕۆڵ بکات). 

چوار قۆناغی ژیانی مرۆڤ
ئەم بۆچوونەی سەرەوە لایەنگری زۆرە، بەڵام بۆچوونێکی بەهێزی دیکەش هەیە، ئەویش دەڵێت: (مرۆڤ هەر لەسەرزەوی پیتاوە و گۆڕاوە و لە جۆرەکانی ترەوە پەرەیسەندووە، بەڵام لە دوای گەورەتربوونی مێشک و بەهێزبوونی توانای بیرکردنەوەی لە خۆی و لە سروشت دابڕاوە و بە داوی وارسکە و حەز و ئارەزووەکانییەوە بووە. لە یۆگادا سیستەمی (یووگا - قۆناغ) ئاماژە بەوە دەکات مرۆڤ ئێستا لەسەر زەوی لە قۆناغی ئاسن و تاریکدایە (کالی یووگا)، پێشتر سێ قۆناغی بڕیوە، قۆناغی یەکەم، قۆناغی زێڕینە (ساتیا یووگا)، مرۆڤ لەم قۆناغەدا لەگەڵ بنەڕەتی خۆی و لەگەڵ سروشت لە یەکێتیدا بووە، دوای هەزاران و رەنگە سەدان و ملیۆنان ساڵ پێی ناوەتە قۆناغی دووەم کە قۆناغی زیوینە (ترتا یووگا)، لەم قۆناغەدا مرۆڤ لە سروشت دابڕاوە و تەنیا لەگەڵ خۆی لە یەکێتیدا بووە، پاشان پێی ناوەتە قۆناغی سێیەم کە قۆناغی (مس)ە، واتە (دێڤاپرا یووگا) مرۆڤ لەم قۆناغەدا بیرکردنەوەی زیاتر گەشەیکردووە و نەک هەر لە سروشت، بەڵکو لە خۆشی دابڕاوە، لە کۆتاییدا پێی ناوەتە قۆناغی چوارەم کە ئێستایە و پێی دەوترێ قۆناغی تاریکی یان قۆناغی ئاسن (کالی یووگا) کە تێیدا مرۆڤ لە سروشت و لە خۆی بە تەواوی دابڕاوە و لەگەڵ بیرکردنەوە و وارسکە ئاژەڵییەکانیدا یەکی گرتووە. ئەم باسە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەوەو پێش لە (پووراناکان)دا ئاماژەی پێدراوە.

زیندانیبوون لە (ئیگۆ)دا
 جگە لەو دوو بۆچوونەی ئاماژەم پێدان، رەنگە دەیان بۆچوونی دیکەش هەبن و هەر کامەیان ئاماژەی بە بەشێک لە راستیی بابەتەکە دابێ، بەڵام گرنگ بەرەنجامە، ئێستا مرۆڤ دوژمنی خۆی و سروشت و ژینگەی خۆیەتی و لە تاریکترین سەردەمی خۆیدا دەژی، بۆتە کۆیلەی منی درۆیین و وارسکە ئاژەڵییەکانی، لەولاشەوە لە دەوری پارە و دەسەڵات و ئاسندا دەگەڕێت. مرۆڤ لەم چرکە ساتەدا بەهای خۆی لە سەروو بەهای هەموو جۆرەکانی ترەوە داناوە، واتە لە (ئیکۆ سیستەم) هاتۆتە دەرەوە و (ئیگۆ سیستەم)ێکی داناوە، بۆ نموونە ئەگەر یەکێک هەموو هەنگەکانی دنیا لەناوبەرێت یان دارستانێک ئاگر تێبەربدات و هەزاران دار بکوژێت، ئەوپەڕەکەی کەمێک زیندانی و غەرامە دەکرێ و کۆمەڵگەش ئاسایی سەیری دەکات، بەڵام ئەگەر هەمان کەس، نەک کۆمەڵگەیەک، تەنانەت یەک مرۆڤ بکوژێ، جۆری هەڵسوکەوتی حکومەت و کۆمەڵگە لەگەڵیدا زۆر جیاواز دەبێ، چونکە لە روانگەی مرۆڤەوە دەستی بۆ شتێکی زۆر بە بەها بردووە، لە حاڵێکدا بەهای هەنگێک یان دارێک بۆ ژیان و بە تایبەتیش بۆ ژیانی مرۆڤ، لە روانگەی سروشتەوە، لە روانگەی (ئیکۆ سیستەم)ەوە، لە بەهای هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی زیاترە. مرۆڤ بە هۆی خۆبەزلزانییەوە خۆی لە هەموو جۆرەکانی تر بە بەهاتر دەزانێت، بۆ ئەوەش سەدان فەلسەفە و بیروباوەڕی داهێناوە تا رەوایی بە بەهای خۆی و ئەو کارانە بدات کە لە پێناو ئیگۆ و حەزوئارەزووەکانیدا دەیانکات، لە حاڵێکدا هەموو ئەم فەلسەفە و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیا و روانگە و...هتد، لە روانگەی سروشت و ژیانەوە، لە روانگەی (ئیکۆ سیستەم)ەوە، تەنیا کۆمەڵێک وەهم و خەیاڵن، کۆرۆنا و دۆخی کۆرۆنا بەتەواوی ئەم راستییەی سەلماند. کەواتە مرۆڤ هەرگیز ناتوانێ بوونەوەرێکی بە بەها بێ بۆ سروشت، بەڵام دەتوانێ بە گەشەکردنی ئاگایی و بەگەڕانەوەی بۆ ناو (ئیکۆ سیستەم)، بەها بۆ خۆی و ژیانی خۆی بگەڕێنێتەوە، واتە لە رێگەی ئەقڵ و کردارەکانییەوە چیتر ژینگە و ژیانی خۆی وێران نەکات.

دەڵێن قسەی ئەنیشتاین نییە
با بگەڕێینەوە لای قسەکەی ئەنیشتاین. هەندێ کەس دەڵێن ئەنیشتاین قسەی وای نەکردووە. لە راستیدا ئەنیشتاین ئەو قسەیەی کردبێ یان نا، ئەم قسەیە راستییەکی حاشاهەڵنەگری تێدایە، ئەویش ئەوەیە ژیانی بەشێکی زۆری ئەو رووەکانەی سەرچاوەی خۆراکیی و سەرچاوەی ئۆکسجین و هەناسەن بۆ مرۆڤ و زۆربەی ئاژەڵەکانی تر، بە هۆی هەنگەوە زیندوون، یان لانیکەم بە هۆی هەنگەوە دەتوانن بەروبوومیان هەبێت. لەم ساڵانەی دواییدا ئەنجوومەنی بادەمی کالیفۆرنیا رایگەیاند، ئەگەر هەنگەکان لەناو بچن، دارەکانی بادەم، بادەم ناگرن و بادەممان نامێنێ، بۆیە داوای لە جووتیار و باغدارەکان کرد، ئاگایان لە بەکارهێنانی ژەهرەکان بێ لە کشتوکاڵدا. هەندێ لێکۆڵینەوەی تریش دەڵێن ژیانی %87 جۆرەکانی رووەک کە سەرچاوەی خۆراکی مرۆڤن، بە هەنگەکانەوە بەستراونەتەوە، تەنیا گەنم و جۆ و گەنمەشامی و چەند میوەیەک نەبێت پێویستیان بە هەنگ نییە و لە رێگەی (با)وە پێدەگەن، ئەو راستییانە پێمان دەڵێن ئەوەندە خۆبەزلزان نەبین، باشتر وایە خاکەڕایانە بگەڕێینەوە ناو (ئیکۆ سیستەم) لەگەڵ سروشتدا هاوئاهەنگ بینەوە تا کەمترین زەرەرمان بۆ سروشت هەبێت.
بە گوێرەی زانستی یۆگا، مرۆڤ ئێستا لە کۆتاییەکانی قۆناغی ئاسن و تاریکی (کالی یووگا) نزیک بۆتەوە، جا یان بە کارەساتێکی زۆر ترسناک وەخەبەر دێ و دەگەڕێتەوە لای خۆی و لای سروشت، یان بەرە بەرە درک و تێگەیشتنی رێکدەبێتەوە و بە هۆی بێداریی رۆحییەوە جارێکی تر لەگەڵ خۆی و لەگەڵ سروشتدا یەکدەگرێتەوە، لێرەوە خۆی لە زیندانی ئیگۆ (منی درۆیین، کە خۆی بۆ خۆی دروست کردووە) رزگار دەکات و دەگەڕێتەوە ناو ئیکۆ سیستەمەوە و دەبێتەوە بە بەشێک لە سروشت. 
لە کۆتاییدا هەر کەس بین، مادام مرۆڤین، بۆ هەموو هەناسەیەک و بۆ هەموو چرکەیەکی زیندووبوونمان، بە گشتی قەرزداری سروشتین و بە تایبەتیش زۆر قەرزداری هەنگ و رووەکەکانین، کەواتە دەبێ ئاگامان لە هەموو بیرکردنەوە و کردارێکمان بێ لەگەڵ یاسا سروشتییەکان بگونجێن نەک لەگەڵ ئەو یاسایانەدا کە لە منی درۆیینی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن.     

بابەتە پەیوەندیدارەکان