زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

شۆکی کەلتوری _ شۆکی مۆدێرنە

11:57 - 2024-11-07
کەلتور
204 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد 

شۆکی کەلتوری، Cultural Shock،(الصدمة الثقافیة)، بریتییە لەو کاردانەوە دەروونییەی کەسێک یان گروپێک یان کۆمەڵگەیەک دوچاری دەبێت لە ئەنجامی بەرکەوتنی بە کەلتورێکی جیاواز و پێشکەوتوو و سەرسوڕهێنەر، هەندێ جار ئەمە بەهۆی کۆچ و کۆچبەرییەوە روودەدات، یان بەهۆی پرۆسەی کۆلۆنیالیستی، یان هاتنی مۆدێرنە و کەلتوری نوێ و ئامێری پێشکەوتوو بۆ نێو کۆمەڵگە، یان تەماشاکردنی ئامێر و دیاردە پێشکەوتووەکانی دنیا لەرێگەی فیلم و ریکلام و تیڤی و ئینتەرنێتەوە.

شۆکی کەلتوری لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئینسانەکاندا هەبووە، لەوانەیە هاتنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و پاشان هاتنی فرۆکە، یەکەمین شۆک بووبێت سەبارەت بە وڵاتانی پاشکەوتوو

شۆکی کەلتوری کەسەکان دوچاری دۆخێکی دەروونیی نائاسایی دەکات کە مەرج نییە هەمووجارێک ئەو دۆخە، سەرسوڕمان و خۆشحاڵی بێت، بەڵکو دەشێت لەتەک شۆکی کەلتوریدا، کەسەکە دوچاری خەمۆکی و نائومێدی و خۆفەرامۆشکردن و کاردانەوەی نالۆجیکی و بگرە خۆبەکەمزانین بێت.
 یەکەمین شۆکی کەلتوری کە دوچاری تاکی خۆرهەڵاتی دەبێت، بەر لە زەبەلاحیی ئەپارتمان و میترۆ و پرد و شەقامی سەرنجڕاکێش، بریتییە لە وێنە گەورە و ئەفسوناوییەکانی ژن لە هەموو شوێنێکدا، کە هێمایە بۆ رۆڵ و هەژموونی ژن و ئەو ئازادییە زۆرەی ژنان تیایدا دەژین، ئەمە چونکە ژن لە زەینی تاکی خۆرهەڵاتی و هەلومەرجی پیاوسالاریدا، بەدرێژایی مێژوو، کەسێکی بێ رۆڵ و دوورەدەست و لاواز بووە.
شۆکی کەلتوری لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئینسانەکاندا هەبووە، لەوانەیە هاتنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و پاشان هاتنی فرۆکە، یەکەمین شۆک بووبێت سەبارەت بە وڵاتانی پاشکەوتوو، دواتر هاوردەکردنی رادیۆ و بەتایبەتی تەلەڤیزیۆن، ئەو شۆکەی گەورەتر کرد، بێگومان بەر لەو شتانەش، هاتنی رۆژنامە و تەلەگراف و سینەما و گرامافۆن، هەمان کاردانەوەی دەروونییان لەلای ئێمە هەبووە، ئەم هەموو شۆکە کەلتورییە بواری ئەوەی بۆ خەڵکی نەهێشتۆتەوە تا پلە بە پلە و بە شێنەیی لە دەستکەوتەکانی مۆدێرنە تێبگەن و وەری بگرن، بۆیە هەندێ جار شۆکی کەلتوری، بە رەتکردنەوەو باوەڕنەهینان و دڵەڕاوکێ و ترس لە مۆدێرنە و نەفرەتکردن، وەڵام دەدرایەوە، (لەلای خۆمان لە سەرەتادا تەماشاکردنی تەلەڤیزیۆن بە حەرام دادەنرا).
شۆکی کەلتوری پەیوەندیی بە شۆکی مۆدێرنیزمەوە هەیە، بەو پێیەی هەموو ئەو دەستکەوتە نوێیانە، بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و تەکنۆلۆجی و ئەلیکترۆنین، واتە بەرهەمی مۆدێرنەن، بۆیە هەندێ لە بیرمەندان ئەم شۆکە ناو دەنێن شۆکی مۆدێرنە، کە ئەمەیان سەرجەمگیرتر و گشتیترە، واتە تەنیا لایەنی تەکنۆلۆجی و ئامێرەکان ناگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم لایەنەکانی دیکەی وەک ئەدەب و شیعر و شانۆ و میوزیک و شێوەکاری، ژیانی کۆمەڵایەتی، ستایلی نوێی ژیان، دیزاینی شەقام و خانووبەرە، تەنانەت جلوبەرگ و جۆری خواردن و دیلیڤەری و مۆدێلی نوێیش دەگرێتەوە.
«شۆکی مۆدێرنیزم» ناونیشانی بەشی سێیەمی تێزەکەی (ئەدۆنیس)ە، لەوێدا ئەدۆنیس باس لە شۆکی مۆدێرنە لەنێو رۆشنبیریی عەرەبیدا دەکات، بەتایبەتی لەبواری شیعر، زمان، کەلەپوور، ئایین، ئەقڵی عەرەبی، سەرەتای ئەم شۆکە دەگەڕێنێتەوە بۆ هاتنی ناپلیۆن بۆ میسر لە ساڵی 1789دا، ئەم شۆکە تا رۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوام دەبێت و فۆرمێکی دووفاقی وەردەگرێت، واتە لەرووی جەستەیی و ماتریاڵەوە هەموو جۆرەکانی مۆدێرنە وەردەگرن، بەڵام لەرووی ئەقڵییەوە رەتی دەکەنەوە، بۆیە هەمیشە کۆمەڵگەی عەرەبی وەک پاشکۆی ئابووری_کەلتوریی خۆرئاوا دەمێنێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان