راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
هەرێمی کوردستان باران بارینی وەرزییە، لە وەرزی پایزدا دەستپێدەکات و لە وەرزی بەهاردا کۆتایی دێت، بڕی باران بارینیش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، بە جۆرێك دەتوانرێت لە رووی دابارینەوە بکرێت بە دوو بەشەوە، ئەویش هەرێمی بارانی مسۆگەر كە بەشەکانی باکوور و باکووری خۆرھەڵاتی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بە سنوورە شاخاوییەکاندا درێژ دەبێتەوە، بە جۆرێک رێژەی بارانی ساڵانەی لە (500 ملم) کەمتر نییە، هەروەها بەشەكەی دیكەش هەرێمی بارانی نا مسۆگەرە، ئەم هەرێمەش ناوچە نیمچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە کە رێژەی بارانی کەمە (ساڵانە لە 500 ملم) کەمترە و جیاوازیی دابارینی تێدا زۆرە، كە رەنگە کشتوکاڵی زستانە لەم هەرێمەدا دووچاری هەڕەشەی وشکبوون ببێتەوە.
دڵشاد محەمەد خاوەنی زەوییەكی كشتوكاڵییە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم بۆ كانوونی یەكەم پاش باران و پەڵە زەوییەكانمان دەكێڵین و دەست بە چاندن دەكەین، كاتێك گاسنەكە بە قووڵیی نزیكەی پەنجا سانتیمەتر بچێتە ناو خاكەكەوە و خۆڵی وشك نەیەنێتە سەرەوە ئەوە گونجاوە بۆ كێڵان و چاندن.
وتیشی: لە ئەگەری دواكەوتنی باران و نەبوونی پەڵە لە كاتی خۆیدا، بەشێوەی وشكە وەرد زەوییەكان دەكێڵین و دەیچێنین، بەڵام ئەمە زیاتر لە سنووری گەرمیان بەوشێوەیە دەكرێت و ئەم حاڵەتە كەمترە لە ناوچەكانی سنووری هەڵەبجە و شارەزوور.
پسپۆڕێکی ئاو و هەواو و ژینگە بۆ کوردستانی نوێ :
بارانێک کە بە نەرمی و بۆماوەی زیاتر لە 10 بۆ 24 سەعات بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی مسۆگەر کردنی پەڵەدان و ئەمەش پێی دەوترێت بارانی پەڵە
بارانی پەڵە
سەركاو فیروز پسپۆڕی ئاو و هەواو و ژینگە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوكاتە دەوترێت پەڵەی داوە کە رێژەی بارینی باران ئەوەندەبێت زەوی تێر کردبێت و ئاو بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە وەستابێت، تا قووڵیی گاسن زەوییەکە تەڕ بووبێت کە بە پێوانە زانستییەکەی زیاتر لە 20 تا 40 سانتیمەتربێت.
وتیشی: لەو بڕە بارانەی کە پێویستە بۆ پەڵەدان و خوساندنی زەوی، باشترین جۆری باران بارین بارانی ورد و نمە بارانە کە بە لەسەرخۆیی و ماوەی چەند سەعاتێكدا ببارێت، ئەوکاتە زەوی باراناوەکە بە ئاسانی هەڵدەمژێت و دەچێتە ناو دەنکۆڵەكانی خاکەوە، واتا بارانێک کە بە نەرمی و بۆماوەی زیاتر لە 10 بۆ 24 سەعات بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی مسۆگەر کردنی پەڵەدان و ئەمەش پێی دەوترێت بارانی پەڵە.
كاتی پەڵەدان
ئەگەرچی بارانێک با رێژەکەشی زیاتربێت لە 30 ملم، بەڵام بە شێوەیەکی خێرا و لە ماوەیەکی کەمدا ببارێت نابێتە هۆی پەڵەدان، لەبەرئەوەی بارانی پەڵە نییە و بەشێکی زۆری ئەو باراناوە بەخوڕ بەسەر زەویدا دەڕوات و زەوی دەرفەتی هەڵمژینی نابێت، واتا رۆناچێتە ناو دەنکۆڵەکانی خاکەوە، تا ئەو بەشەی زەوی تەڕبکات کە پێویستە بۆ پەڵەدان.
سەركاو فیروز باسی لەوەشكرد، لە کۆتایی وەرزی هاوین و چوونە ناو وەرزی پایزەوە، چاوەڕوانیی جووتیاران بۆ کێڵانی زەوییەکانیان و داچەندنیان بۆ پەڵەدان دروست دەبێت و دەبێتە قسەوباسی نێوانیان، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە مانگی تشرینی دووەمەوە بارانی پەڵە دەستپێدەکات.
حەقەپەڵە و دواكەوتنی پەڵە
لە بارەی حەقەپەڵە و دواكەوتنی پەڵەوە ئەو پسپۆڕەی ئاو و هەواو و ژینگە وتی: حەقەپەڵە ئەو دەستەواژەیەیە کە جووتیاران بۆ کاتی پەڵەدان دیارییان کردووە و باسی دەکەن کە دەکاتە پێنجی مانگی تشرینی دووەم و بە حەقەپەڵە ناوی دەبەن، ئەگەرچی دواکەوتنی بارانی پەڵە تا دوای ئەوکاتەش نابێتە هۆی مەترسی بۆ سەر کشتوکاڵ.
وتیشی: کاتێک باران لە رۆژی 1 بۆ 10 مانگی 11 ببارێت ئەوە پەڵە لەکاتی خۆیدایە، خۆ ئەگەر تا کۆتایی مانگی یانزەش بارانی پێویست نەباری ئەوە پەڵە دواکەوتووە.