هونەرمەندی شێوەكار شیروان شەوكەت بۆ کوردستانی نوێ :

هونەریی شێوەكاری لە هەرێم لە پاشەكشەدایە

12:24 - 2024-11-11
دیدار
83 جار خوێندراوەتەوە

شیروان شەوكەت ئەحمەد ساڵی 1975 لە هەڵەبجـــەی شـــەهید لەدایكبووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی شاری سلێمانییە و بەشداریی زیاتر لە 50 پێشانگەی شێوەكاری كردووە.
 هونەرمەند شیروان شەوكەت بە دوالاپەڕەی وت: خوێندكاری كۆلێژی هونەریش بووە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەتی وازیلێهێناوە، خاوەن ژمارەیەكی زۆری كاری هونەری شێوەكارییە لە رابردوودا، لەوانە سێ پێشانگەی تایبەت بەخۆی، هەروەها بەشداریی زیاتر لە 50 پێشانگەی هاوبەشیی لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان كردووە.
وتی: ئێستا خاوەن ستۆدیۆیەكە بە هاوبەشی تیایدا ژمارەیەكی باش فێرخواز پێدەگەیەنن لە بواری شێوەكاریی لە ئاستەكانی سەرەتایی و مامناوەند و هەتا دوا قۆناغ كە دەبنە شێوەكارێكی تەواوە، لەگەڵ كاری وێنەكێشان لە رابردوو و تا ئێستاش بەردەوام كار لەگەڵ رێكخراوی كۆمەڵەی مەدەنی لە بواری منداڵان و لاوان و ژنان و مافی مرۆڤ بەگشتی دەكەم. 
سەبارەت بە پلان و بەرنامەی داهاتووی، وتی: كۆمەڵێك كار و چالاكی لە پلاندایە بۆ داهاتوو، ئەوانیش بریتین، لە كردنەوەی كۆمەڵێك پێشانگە و كاری دیواربەندی ، وۆركشۆپ و سیمیناری تایبەت بە كاری هونەریی. 
لە وەڵامی ئایا هونەری شێوەكاری چی دەگەیەنێت لە لای، وتی:
لای من هونەریی شێوەكاریی وەك چارەسەرێكی دەروونی وایە هەمیشە ئەو كات و ساتانەی كە هەست بە بێزاری، یان تەنیایی، یان توڕەبوون دەكەم دەستبەجێ دەست دەدەمە فڵچەكانم و دەست بە نەخشاندنی هەست و بیركردنەوەكانم دەكەم لەسەر كانڤاسێك و لەو كاتەدا تابلۆكەم وەك هاوڕێیەكی متمانەپیكراو دەبینم، چونكە ئەوەی لە ناخمدا بێ بۆم هەڵڕشتووە ئەویش وەك گوێگرێكی باش لە بەرامبەرمە.
لە بارەی دۆخی ئێستای هونەریی شێوەكاری لە كوردستان، وتی:
ئێستا هونەریی شێوەكاری هەر وەك جۆرەكانی تری هونەر لەم هەرێمەدا لە پاشەكشەدایە، هۆكارەكەشی بارودۆخی ئابووریی و سیاسییە كە وایكردووە هونەرمەندەكان سەرقاڵی كاری دوور لە هونەربن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان و دووربكەونەوە لە نەخشاندنی تابلۆكانیان، هەروەها لەناو ئێمەدا تابلۆ فرۆشتن نەبووەتە نەریتێك لەو كاتانەی خەڵكی دێن بۆ تەماشاكردنی بەرهەمە هونەرییەكان لە پێشانگەیەك بینەر هەوڵی كڕینی نادات وەك هاوكارییەك یاخود قەرەبوویەك بۆ هیلاكی هونەمەرمەندەكە، وەك دەزانن دروستكردنی تابلۆیەكیش تێچووی زۆرە لەسەر شێوەكارەكە، ئەگەر كڕیارێكیش نەیبات وەك سەپۆرتكردنێك ئەوە بە ناچاری شێوەكاریش كارەكانی رادەگرێت.
ژینۆ ئیبراهیم

بابەتە پەیوەندیدارەکان