قوباد تاڵەبانی: كورد هەرگیز دۆستە راستەقینەكانی لە یاد ناكات

10:35 - 2024-11-13
کوردستان
196 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی حكومەتێكی خزمەتگوزاری دادپەروەر لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێكبهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین هەم كێشەكانی رابردوو چارەسەر بكەین و هەم لەڕووی خزمەتكردنەوە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵكی كوردستاندا بین.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیكرد لە پاتریك دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دوێنێ لە هەولێر بە ئامادەبوونی یان برێم كونسوڵی گشتیی فەرەنسا بەڕێوەچوو، بەبۆنەی رێوڕەسمی یادی 100 ساڵەی لەدایكبوونی دانیێل میتەران، لە پایتەختی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی كەسایەتیی دانیێل میتەران لای گەلی كورد كرد و رایگەیاند: كردنەوەی ئەم یادە لە هەولێر پەیامێكی گرنگی تێدایە كە كورد هەرگیز دۆستە راستەقینەكانی خۆی لە یاد ناكات.
هەروەها، باسی قۆناغی پاش هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كرا. لەمبارەیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا هیوای خواست هەرچی زووتر لایەنە براوەكان، حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنن.

كۆبوونەوە لەگەڵ كونسوڵی گشتیی میسر 
هەردوێنێ، جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیكرد لە باڵیۆز مەحمود فاروق عامر كونسوڵی گشتیی نوێی میسر لە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارێكدا، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەیدا بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان وڵاتی میسر و هەرێمی كوردستان و رۆڵی سەرۆك مام جەلال-ی بیرهێنایەوە كە بە پەرۆش بووە بۆ دروستكردن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
لە تەوەرێكی دیكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە لەسەر هەوڵدان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر كە خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكات.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان