عیراق لە رێکخراوی ئۆپێک پڵەس دەکشێتەوە؟

11:27 - 2024-11-13
ئابووری
232 جار خوێندراوەتەوە
لە کاتی کشانەوەیدا لە ئۆپێک، عیراق دەتوانێت رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات

ئەکرەم ئەمین


چاودێرانی ئابووریی عیراق دەڵێن: غەدر لە عیراق دەکرێت چونکە هەریەک لە روسیا و سعودیە هەریەکەیان دەتوانن رۆژانە بڕی یانزە ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەبکەن، بەڵام عیراق چوار ملیۆن بەرمیلی بۆ دیاری کراوە

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە ئێستا بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە، 14ی ئەیلولی 1960 بە دەستپێشخەری پێنج وڵاتی سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوت: سعودیە، ئێران، عیراق، کوێت و ڤەنزوێلا لە بەغدای پایتەختی عیراق دامەزرا.

ئامانجی رێکخراوەکە
رێکخراوی ئۆپێک پڵەس کار بۆ هەماهەنگیی لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا دەکات بۆ یەکخستنی سیاسەتەکان لەسەر پرسی نەوت و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی بازاڕ، بە ئامانجی راگرتنی هاوسەنگیی نرخی نەوت.
عیراق ئەندامێکی گرنگی رێکخراوەکەیە، شارەزایانی ئابووریی عیراق لە بەرژەوەندیی عیراقی دەزانن کە لە رێکخراوەکە بکشێتەوە وەک چۆن قەتەر لە ساڵی 2019دا کردی.

بۆچی عیراق بکشێتەوە؟
ئێستا عیراق تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، چاودێران دەڵێن ئەم بڕە نەوتە کەمە، کە بۆ عیراق دانراوە، چونکە پارەکەی تەنیا بەشی مووچە دەکات و ناتوانرێت پارە بۆ وەبەرهێنان و بەگەڕخستن دابین بکرێت، بۆیە لە بەرژەوەندیی عیراقە کە بکشێتەوە و رۆژانە بڕی پێنج بۆ شەش ملیۆن بەرمیل بفرۆشێت.

بەرپرسانی نەوتی عیراق چی دەڵێن؟
رێکخراوی ئۆپێک پڵەس ئێستا داوای لە عیراق کردووە بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیادەیەی کە لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە بەشەکەی خۆی هەناردەی کردووە، بەمەش عیراق پابەند دەکرێت تا مانگی یانزەی ساڵی 2025 بەردەوام رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و چوار سەد هەزار بەرمیل کەم بکاتەوە، کە ئەوەش دەبێتە بارگرانیی لەسەر بودجەی عیراق، بەڵام حکومەتی عیراق پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپێک پڵەسەوە دەربڕیوە.
لە کاتێکدا چاودێرانی ئابووریی عیراق دەڵێن: غەدر لە عیراق دەکرێت، چونکە هەریەک لە روسیا و سعودیە هەریەکەیان دەتوانن رۆژانە بڕی یانزە ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەبکەن، بەڵام عیراق چوار ملیۆن بەرمیلی بۆ دیاری کراوە.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم
ئێستا باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش دەکرێت و جۆرێک کارئاسانی کراوە بۆ هەناردەکردنەوەی، ئەویش بە زیادکردنی بڕی شانزە دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە ئێستا تەنیا بڕی پارەی تێچوو کێشە نییە، بەڵکو عیراق ناتوانێت نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوەبکات چونکە بڕی هەناردەکەی عیراق سنووردار کراوە، کەواتە تا مانگی یانزەی 2025 عیراق ناتوانێت بڕی هەناردەکەی زیادبکات.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان